لوتکەیەک لە لێواری جیهان، ترەمپ و پۆتین لەنێوان ململانێی و لێکتێگەیشتندا

4 كاتژمێر لەمەوپێش



حسێن مەحمود
ڕۆژی ١٥ ی ئاب هەردوو سەرۆکی ئەمریکاو ڕوسیا لە ئالاسکا کۆبونەوە، ئالاسکا لەڕوی جوگرافییەوە دەکرێ بە لێواری جیهان ناوزەدی بکەین،دوو کارەکتەری گەورە کەلەم شوێنەدا یەکدەگرن زیاد لەمانایەک هەڵدەگرێ، شوێن لێرەدا دەلالەتێکی ڕەمزی گەورەشی هەیە،ئالاسکا لێواری جوگرافی نیە بەتەنیا بەڵکو لێوارێکی وجودی و مێژویی وهەروەها لێواری سیستەمی نێودەوڵەتی ولێواری نێوان جەنگ وئاشتیشە، هاوکات شوێنی ململانێی دوو سەرکردەی جیهانییە،کەلەگۆشەنیگاوسیاسەت و بەرژەوەندییەوە لێکجیاوازن.

لێوار وەک سیمبولێکی سیاسی

لێوار لەفەلسەفەدا ناوچەی نادڵنیایی ودووڕییانی وجودییە دونیایەکە تیایدا شتەکان یەکاڵاناکرێنەوە، لوتکەی ئالاسکا نیشانەی جیهانێکە کەلەبەردەم دووڕیانێکدایە،یان هەڵخلیسکان بەرەوململانێیەکی نەبڕاوە ،یان لێکتێگەیشتنێکی لەرزۆک

ترەمپ وپۆتین وەک دوو کەسایەتی دەسەڵاتگەر

ترەمپ وەک سەرچاوەی هێز دەردەکەوێ و بەجۆرێک خۆی نمایشدەکات،کەئەم هێزە بۆی هەیە لەچرکەساتێکدا بتەقێتەوە، لەکاتێکدا پۆتین وەک دەسەڵاتێکی چەسپیو خۆی نما دەکات و وای دەبینێ کەزەمەن لەبەرژەوەندی ئەودایەوهەندێ جاریش دوودڵ نیە لەوەی کەمەسەلە سیاییەکان بەلایەکدا بخات، ترەمپ وێنەی گەردەلولێکی خامۆشە بۆی هەیە لەهەر لەحزەیەکدا هەڵبکات، لەکاتێکدا پۆتین وەک چیایەکی خۆڕاگر خۆی دەردەخات. کەواتە ئێمە لەبەر دەم وێنەیەکی جێگیرداین، بەڵام کاتێک بەیەک دەگەن، یەکێکیان دەیەوێ شێوەی ئەویتر بگۆڕێ.

لەنێوان ململانێی و لێکتێگەیشتندا

پرسەکانی وەک (جەمسەری باکور، ئۆکرانیا، وزە، ئاسایشی سایبیری) دۆسیەی سیاسی نین بەتەنیا،بەڵکو پرسگەلێکن، ڕەنگدانەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشن. لەململانێدا سیاسەت، ڕەهەندێکی عەدەمیانەی هەیە، بەجۆرێک هەریەکێکیان دەیەوێ ئەوی تر نەفی بکات، بەڵام لەبواری لێکتێگەیشتندا هەرلایەنێک ڕوبەرێک بۆ ئەوی تر دەهێڵێتەوە بۆئەوەی یارییە نێودەوڵەتیەکە بەردەوام بێت. بەمجۆرە لوتکەی ئالاسکا هیچ شتێکی ساغ نەکردەوە، بەڵام ئەوەی بەرهەم هێنایەوە کە(دەشێ چی بکرێ) واتا کردنەوەی دەرگا بەرەو ڕوی نادیاردا، چونکە نادیار ئەکتیڤیتی و واتای سیاسەت دەردەخات، دەکرێ بگوترێ لوتکەی ئالاسکا ڕوداوێکی تێپەڕنییە، بەڵکو وێنەیەکی چڕکراوەی سەردەمەکەیە،جیهانی لێوار لەنێوان سیستەمی ئێستا وسیستەمێک کەهێشتا لەدایک نەبووە،ترەمپ و پۆتین لەو دیدارەیاندا ئەو گرژییە قوڵەیان نیشاندایەوە کە لەنێوان لۆجیکی هێزو لۆجیکی هاوسەنگیدا هەیە.دیدارێک بوو لەنێوان جەنگ و ئاشتی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار