ئایا دیموکراسی حوکمی گێلەکانە؟

3 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوڕێ جەمال
دیموکراسی وەک جۆرێک لە سیستمی سیاسی بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە گونجاوترین سیستم دادەنرێت کە تاوەکو ئێستا ھزری سیاسی مرۆڤایەتی پێی گەیشتووە. وەنەبێ ئەم سیستمە ھەڵگری خەسڵەتی خراپ و نێگەتیف نەبێ، بەڵام بەراوورد بە خەسڵەتە باشەکانی ھێشتا توانیویەتی وەک سیستمێکی بێ رکابەر لە ڕووی بەسەنتەر ھێشتنەوەی تاک لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە تۆپا بمێنێتەوە.
ڕەنگە خودی چەمکی دیموکراسی لە دیدگای جیاجیاوە لێی بڕوانرێ و لەسەر ئاستی جیاجیا پیادەبکرێ و بخرێتە چوارچێوەی تێگەیشتنی کۆمەڵگەوە، ئەمە بەو مانایەی ھەروەک چۆن دەکرێ بەدەسەڵاتێکی سیاسی بڵێین دەسەڵاتێکی دیموکراسە، بەھەمان شێوە ئەتوانین بە تاکێک یاخود حزبێک بڵێین دیموکراسە.
بەڵام ئەوەی ئێمە لێرە مەبەستمانە پەیوەندی دەسەڵاتی سیاسیە بە چەمکی دیموکراسیەوە.
ھەر لێرەشەوە ھەوڵ ئەدەین پەیوەندی نێوان ئەم دوو چەمکە واتە دەسەڵاتی سیاسی و دیموکراسی بە چەمکی دادپەروەریەوە شرۆڤە بکەین.
دەسەڵاتی سیاسی بەو دەسەڵاتە ناوزەد ئەکرێ کە کۆی جومگەکانی ھێز لە دەوڵەتدا لە خزمەت پیادەکردنی ھەیمەنەی خۆی بەکارئەبا، و ھەر لەبەر ئەمەشە بە سەرەکیترین پایەکانی دەوڵەت دێتە ئەژمارکردن، جا ئەو دەسەڵاتە دیموکراسیبێ یاخود دیکتاتۆر لەم خاڵەدا ھیچ جیاوازییەکیان نیە، بەڵام ئەوەی جیایان ئەکاتەوە ئەوەیە دەسەڵاتە دیموکراسەکان میکانیزمەکانی پیادەکردنی ھەیمەنە شەرعیەتێکی جەماوەری پێ ئەدەن چونکە سەرچاوەی دەسەڵاتەکەیان گەلە، لە ڕێی ھەڵبژاردنەکانەوە، بەڵام دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان میکانیزمەکانی پیادەکردنی ھەیمەنە بەزۆرە ملێ بەسەر ھاوڵاتیان پیادە ئەکەن چونکە شەرعیەتی جەماوەریان نیە.
لێرەوە ئەتوانین بڵێین دەسەڵاتی دیموکراسی بەو دەسەڵاتانە ئەڵێن کە گەل سەرچاوەی بەڕێوەبردن و حوکم کردنە. لەسەر ئاستی دەوڵەت یاخود حکومەتیش دیموکراسی خۆی لە ئاڵوگۆڕو دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات ئەبینێتەوە.
ھەرچی چەمکی دادپەروەریە لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی واتە ئەوەی لە زانستی کۆمەڵایەتی بە سۆسیۆلۆژی ناسراوە، بریتیە لە وەی تاکەکانی کۆمەڵگە بەشێوەیەکی ھاوتەریب سوودمەندبن لە سامانی نیشتمانی، ھەلی کار، ماف و بەرپرسیارێتی، بەدەر لە ئینتمای نەتەوەیی و ئایینی و تایەفی و جێندەری.
کەواتە ئەی چی دەربارەی فەرمانڕەوایەکی دادپەروەر؟
فەرمانڕەوای دادپەروەر بەو فەرمانڕەوایە دەوترێ کە بەیەک چاو لە ھاوڵاتیەکانی بڕوانێ، جیاوازی نەکا لە سەپاندنی یاساو سزا بەسەریاندا کاتێک تاوان و سەرپێچیەکان کرد، لەبەرامبەریشدا ھەموان لە پاداشت و دەستخۆشیەکانی، بێ جیاوازی سوودمەندبن.
پرسیارەکە ئەوەیە گەر ئەمە سیمای فەرمانڕەوایەکی دادپەرەوەربێ چ پێویستمان بە سیستەم و دەسەڵاتێکی دیموکراسە؟
لە ڕاستیا دەستڕانەگەیشتنی کۆمەڵگە بە کەسێکی دادپەروەر لە سەردەم و کاتی جیاجیادا، وایکردووە بیر لە ئەلتەرناتیڤێک بکاتەوە بۆ بەڕێوەبردن و حوکمداری، ئەو ئەلتەرناتیڤەش سیستمی دیموکراسیە، واتە سیستمی دیموکراسی بەتەنھا خۆی لە ھەڵبژاردن و دەستاودەستی دەسەڵات نابینێتەوە بەڵکو وەک ئەوەی بیرمەندی فەرەنسی (ئالان تورین) (١٩٢٥-٢٠٢٣ز) ئاماژەی پێ ئەکا دیموکراسی تەنھا ڕێگەیەک نیە بۆ ھەڵبژاردنی فەرمانڕەواکان بەڵکو فەزایەکی گشتی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریشە کە تێیدا ئازادی و مافەکانی تاک تێیدا تا ئاستێکی باش پارێزراون.
لێرەوە گەرەنتی بەردەوامی فەرمانڕەوای دادپەروەرنیە، بۆیە بەدرێژایی مێژووی دەوڵەتداری فەرمانڕەوای دادپەروەر ھەبووە بەڵام نەیتوانیوە ببێتە جێگرەوەی دەسەڵاتێکی دیموکراس کە ھەر چەند ساڵ جارێک دەسەڵات ئاڵوگۆڕ پێبکا.
لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لە دیوە تەڵخەکانی سیستمی دیموکراسی ئەوەیە کە زۆرینە لەسەر حسابی کەمینە بڕیار لە چارەنووس و داھاتووی وڵات ئەدا، ھەر لێرەوە ئەم سیستمە کەوتۆتە بەر نەشتەری ڕەخنەی زۆرێک لە بیریارو فەیلەسوفەکان، لەسەروو ھەموویانەوە فەیلەسوفی یۆنانی ئەفلاتون.
ئەفلاتون لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (کۆمار) دژایەتی تەواوی خۆی بۆ ئەم سیستمە ڕاگەیاندووە بە ھۆکارەکانی:
١- سیستمی دیموکراسی دەسەڵات دەبەخشێتە سەرجەم ھاوڵاتیان وەک یەک تەنانەت ئەوانەشی کە ھیچ زانیاریەکیان لە سەر حوکمداری و دەوڵەتسازی نیە.
٢- لەم سیستمەدا زیاتر ئارەزووە تاکەکەسیەکان جێی بایەخن نەک ژیری و لۆژیک.
٣- ڕێگەدان بەئازادیەکان زیاد لە پێویست کە زۆر جار ئەبێتە ھۆی لاوازی جێبەجێکردنی یاساو دەسەڵات و پاشان لەناوچوونی سیستمەکە.
بەم ھۆکارانە ئەفلاتون ئەم سیستمە ڕەت ئەکاتەوەو ئەیچوێنێ بەو کەشتیەی کە ھەموان پێکەوە ئاڕاستەی ئەکەن بێ ئەوەی کابتنێکی ھەبێ، تەنانەت ڕەخنەکانی لەم سیستمە بەجۆرێکە زۆرجار وەک حوکمی گێلەکان، نەک دەوڵەتمەدارو دانایان دێتەبەرچاو، ھەر بۆیە لە بەدیلی ئەم سیستمە (واتە دیموکراسی ) ئەفلاتون فەرمانڕەوایی فەیلەسوفەکان یاخود دانایان بە پەسەند ئەزانێ.
ڕەنگە ڕەخنەکانی ئەم فەیلەسوفە لە سیاقێکی مێژوویی وادا بووبێ کە سیستمە سیاسیەکان لە ڕووی ڕێکخستن و ئاکشنی ئیداریەوە زۆر سەرەتایی بووبن بەبەراوورد بەو پێشکەوتنەی لەئێستایا دیموکراسیەت بەخۆیەوە بینیوە.
بۆ نموونە سیستمە سیاسیەکانی ئێستا وەنەبێ ھەر لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی ڕووت وەستابنەوەو پاش ئەمە سەرۆکێک بێت و چی ویست ئەنجامی بدا ، بەڵکو لەپاڵ ئەمەدا چەند دەسەڵاتێکی دیکە دێنە پێشەوە کە ھەریەک لەو دەسەڵاتانە گرنگی تایبەتیان لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت ھەیە.
لێرەوە پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان (یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەری) لەسەر دەستی فەیلەسوف و بیرمەندی سیاسی فەرەنسی (مونتسکیۆ) (١٦٨٩-١٧٥٥ز) دەبێتە پایەیەکی تری گرنگی سیستمی دیموکراسی، ئەمە سەرەڕای بوونی دەسەڵاتی چوارەم کە خۆی لە دەسەڵاتی ڕاگەیاندن ئەبینێتەوە، لەپاڵ بوونی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە چاودێریکردنی دەسەڵات لە ھەموو ھەنگاوێکی گەورەو بچوک.
*دەرئەنجام
پوختەی تێڕوانینەکانی سەرەوە لەسەر چەمکی دیموکراسی ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە:
١- ئەم سیستمە تاوەکو ڕۆژگاری ئەمڕۆمان جێگرەوەی نیە، تەنانەت فەرمانڕەوایەکی دادپەروەر نابێتە جێگرەوەی ئەم سیستمە چونکە ھیچ فەرمانڕەوایەک گەرەنتی بەردەوامبوونی ڕێچکەی دادپەروەری نیە، سروشتی دەسەڵاتیش وایە تاوەکو پیرتربێ ماکەکانی دیکتاتۆری زیاتر تێیدا گەشە ئەکەن.
٢- گەر دیموکراسی لە ھەڵبژاردنی سەرۆکێک کورتکەینەوە بێ گوێدانی پرەنسیپەکانی تر، ئەوا ئەکرێ بڵێین حوکمی زۆرینەو گێلەکانە نەک داناو دەوڵەتمەداران، بەڵام مەرجە لە پاڵ پرۆسەی ھەڵبژاردن و دیاریکردنی سەرۆکێک بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات، پرەنسیپەکانی تریش بێنەدی، بەنموونەی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و بوونی دەسەڵاتی ڕاگەیاندن کە بەدەسەڵاتی چوارەم لەگەڵ سێ دەسەڵاتەکەی تر ناسراوە، ھەروەھا بوونی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی وەک چاودێرێکی کاریگەر بەسەر دەسەڵاتەکانی ترەوە.
