چارەنوسی عێراقێکی بێ ئیرادە و بێ سەروەری

3 كاتژمێر لەمەوپێش



ڕێبوار حەمەلاو شوانی
دروستکردنى عێراق نەک لەسەر بنەمایەکى لۆژیکى و زانستى کە تێیدا پایەکانى حوکمڕانى و ماف و دیموکراسى و خۆشەویستى بۆى بنیات نرابێ، بەڵکوو بە شێوەیەک بووە کە هەرگیز بۆنى سەقامگیرى و ئاشتى و دیموکراسى نەکات و ڕقى لێی ببێتەوە. لۆژیک و گفتوگۆ لاى عێراق، فێڵبازى و خۆسەپاندن و دیکتاتۆرى و پاشگەزبوونەوەیە لە بەڵێن و ڕێککەوتننامەكان، گەشەسەندن و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانى رێک پێچەوانەکەیەتى، كە گەندەڵى و تاڵانکاریى سەروماڵى گشتى و نەبوونى خزمەتگوزارى و کوشتن و بڕین و دەیان تاوانى ستەمکارانەى دیکەیە.

ئەمە راستییەکەیە و عێراقی ئێستاش نموونەیەکى بەرچاوى دەوڵەتێکى بێ سەروەرى و لاواز و شکستخواردووە کە بەپێى هەموو پێوەرە زانستی و دەوڵەتدارییەکان، خراپترین جۆرى حوکمڕانیى کردووە و جگە لە دواکەوتوویی و بێمتمانەیی و شەڕانگێزى و بارگرانی و تایەفەگەری و میلیشیاسازی، هیچى دیکەى لەدواى خۆی جێنەهێشتووە.

هەر لە مێژووی دوورەوە تاوەكوو ئێستاشی هەر خەریكی شەڕ و دەستوەردان و پەلاماردان بووە و ئینجا حوکمڕانییەکەیشى حوکمڕانییەکی نادروست و هەڵە و تاکڕەوانە بووە و هەرگیز باوەڕى بە مافى گەل و پێکهاتەكانى نێویدا نەبووە و سەروەت و سامانى گشتى بۆ کڕینى چەک و حەزى کەسى و بەرژەوەندیى تایبەت بەکار هێناوە، نەک بۆ گەشەسەندن و خزمەتکردنى خەڵک و ئاوەدانكردنەوەی نیشتمان، ئەوەش وای کردووە دووبەرەکی و ململانێیەکان قووڵتر و بێمتمانەییش لەنێوان لایەنەكان و خەڵك و پێكهاتەكان رۆژ بە رۆژ زیاتر بێت.

کاتێک باسى دەوڵەتى شکستخواردوو دەکرێت، بە هەڵوەستەکردن لەسەر خراپیى رەوشى کۆمەڵگە و بوارەکانى خزمەتگوزارى و قەیرانى قووڵى سیاسى و کێشە ئابوورییەكان و ناسەقامگیرى و دەستوەردانە دەرەکییەکان بە شێوەى بەردەوام، هەموو ئەمانە پێوەرن بۆ شکستى دەوڵەت و حكوومەتی عێراق لە فەراهەمکردنى ئاسایش و سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکان و پاراستنى سەقامگیریى سیاسى و ئابوورى، لە هەمان کاتیشدا پابەندنەبوون بە بنەماکانى (هاوبەشى و سازان و هاوسەنگى) و هەرسنەکردنى دیموکراسى، ئەنجامەکەیشى تێکچوونى هاوسەنگیى گەورە بووە لەنێوان گەل و پێکهاتەکانى.

ئەوەتا عێراق بەپێى هەڵسەنگاندنە ناوەندە ئاکادیمییە نێودەوڵەتییەکانەوە، لە ڕووى گەندەڵى و سستى و بێتوانایی حوکمڕانی و نەبوونى سەقامگیرى و سەروەریدا لە ڕیزبەندى هەرە خراپترین وڵاتانى ناوچەکە و دونیادایە، ئەوەش بە هۆکارى ئەو ناسەقامگیرییە سیاسى و ئەمنى و ئابوورى و دەستڕۆیشتوویی میلیشیاکانەوە بووە بەسەر جومگەکانى حکوومەت.

دواى 22 ساڵ لە دروستکردنى عێراقى نوێ، كەچی ئەو وڵاتە لەڕووى سەقامگیریى سیاسى و ئابووریدا، وێڕاى هەموو ئەو سەرچاوە ئابوورى و داراییانەى بەردەمی، لە خراپترین رەوشى ئابوورى و کۆمەڵایەتییدا دەژی و تا ئێستاش وابەستەى وڵاتانە و نەیتوانیوە لە ڕووى ئابوورى و کشتوکاڵ و داراییەوە پشت بەخۆى ببەستێت، بۆیە هەر کات داهاتى نەوت نەمێنێت، بە زووترین کات تووشى هەرەسهێنان دەبێت.

وەك دەبینین عێراق لە ناوخۆیدا لە ڕووى خزمەتگوزارییەکانى ئاو و کارەبا و ڕێگەوبان و پەروەردە لە ڕیزبەندى وڵاتانى هەرە دواکەوتوودایە، ڕێژەى بێکارى بۆ ئافرەتان و لاوان لە ئاستێکى خراپدایە و گەشەسەندنى ئابوورى و خزمەتگوزارییەکانى دیكە لاوازن. هەرچی سەبارەت بە پەیوەندییەکانى نێوان حکوومەتى کوردستان و حکوومەتى فیدڕاڵە، ئەوا عێراق نەک پابەندنى بنەماکانى دەستوور و هاوبەشیى نەبووە، بەڵکوو بە شێوەیەکى زۆر ستەمکارانە و نادپەروەرانە مافە دەستوورییەکانى خەڵکى کوردستانى پێشێل کردووە، بە جۆرێك، نەک ماف و شایستەکانى وەک بودجەی پێنادات، بەڵکوو دەستى بەسەر قووت و مووچەى خەڵکى کوردستانیشدا گرتووە و هەر جارە و بیانوویەکى بۆ دێنێتەوە، ئەوەش حكوومەتی عێراقی لە خراپییدا گەیاندووەتە قۆناغێکى مەترسیدار، هۆکارەکەیشى ئەوەیە، لە لایەک ڕێگری لە گەشەسەندنى کوردستان بكات، لە لایەکى دیکە هەموو ئەو گەندەڵکارى و شکستە یەک لەدواى یەکانى حکوومەتەکانى عێراق بشارێتەوە و پەردەپۆشیان بکات.

ئێستا عێراق لە خراپترین دۆخى لاوازبوون و هەرەسهێناندایە، لەوپەڕى بێئیرادەیی و نەبوونى سەروەریدا و خاوەن هیچ بڕیارێک نییە، جگە لەو بڕیارانەى لەدەرەوەى سنوورەکاندا بەسەریدا دەسەپێنرێت، ئیرادەى خۆچاکكردنى گەیشتووەتە خاڵى سفر و ئەستەمە بتوانێت خۆى لە نقوومبوون رزگار بکات و چارەنووسى بەرەو هەڵدێرانە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار