دەنگدەران لە نێوان پێویستییەكانی  و فریودانی

2 كاتژمێر لەمەوپێش



د. پیرۆت محەممەد ئەمین
گومانی تێدا نییە کە هەڵبژاردن متمانەی گشتی بە سیستەمی لەرزۆکی  سیاسی عێراق تاقی دەکاتەوە. هەروەها وەک نیشاندەرێک وایە بۆ ئاسۆکانی چاکسازی کە دەتوانێت چارەسەری قەیرانی بەردەوامی شەرعیەتی سیاسی لەنێو نوخبەکاندا  بکات. 

لە مەترسیدارترینی ئاستەنگەکانی بەردەم گەشەسەندنی داهاتووی عێراق، کەموکوڕییە بەرچاو و ڕەگداکوتاوەکانی دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانە. بەپێی سەرژمێری عێراق ساڵی 2024 ، تەنیا 49%ی ماڵان بە تۆڕی ئاوەڕۆی شارەوانییەوە بەستراوەتەوە. بەگوێرەی هەمان ئامار، تەنیا 58% دەستیان بە خزمەتگوزاری کۆکردنەوەی پاشماوەی شارەوانییەکان دەگات، بەمەش ملیۆنان کەس لە بارودۆخێكی نەگونجاون بۆ وڵاتێکی مۆدێرن و دەوڵەمەند و بەرهەمهێنەری نەوت. كە وێنەیەکی جیاواز بۆ عێراق دەکێشێت كە گوایە لەبوژانەوەدایە.

هاوکات کارمەندانی کەرتی گشتی لە سەرانسەری وڵاتدا بەردەوامن لە گلەییکردن لە کەمی مووچە و خراپی بارودۆخی کارکردن و دواکەوتنی پارەدان. تا ئێستاش ڕێژەی بێکاری لە ئاستێکی بەرزدا ماوەتەوە و 15%ی تێپەڕاندووە و لە نێو گەنجانی عێراقدا دوو هێندەی ئەو ڕێژەیەیە.

لەهەر وەرزێکی هەڵبژاردن لە عێراقدا هەمان دیمەن دووبارە دەبێتەوە، بەڵێنی سەرنجڕاکێش، بانگەشەی چڕ و سەردانی لەناکاوی بەرپرسان بۆ گەڕەکە هەژارەکان، دابەشکردنی هاوکاری یان دەستپێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری کاتی. لە پشت ئەم وێنە دووبارەبووەوە یارییەکی سیاسی ئاڵۆز  لەخۆدەگرێت کە هەوڵدەدات پێداویستییەکانی هاوڵاتیان بقۆزێتەوە و سوودیان لێ وەربگرێت بۆ بەدەستهێنانی دەنگەکانیان. بەم شێوەیە دەنگدەری عێراقی  خۆی دەبینێتەوە لە ناوچەیەکی تەمومژاوی نێوان پێویستی و فریودان، لە نێوان هیوا بۆ باشترکردنی دۆخی خۆی و پێشوەختە زانینی ئەوەی کە ئەزموونەکە شکست دەهێنێت.

دەنگدەران بە گشتی ئاگاداری واقیعەكەن، بەڵام بە کۆت و بەندەکانی پێداویستیەکانی ڕۆژانە بەستراوەتەوە. هەژاری و بێکاری و دابەزینی خزمەتگوزارییەکان و نەبوونی ئاسایش هەموویان وای لێدەکەن هەر دەرفەتێکی ئەگەری بۆ باشترکردنی دۆخەکەی بەهەند وەربگرێت، تەنانەت ئەگەر تەنها بەڵێنێکی هەڵبژاردنیش بێت. بە سەرنجدان بە نەبوونی متمانە بە دامەزراوەکانی حكومەت، دەنگی هەڵبژاردن دەبێتە موزایەدە، نەک دەربڕینی قەناعەتی سیاسی.

یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە عێراق دیاردەی "خزمەتگوزاری کاتی"یە، وەک هەڵکەندنی  بیرێک، قیرتاوکردنی ڕێگایەک، یان دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک، کە پێش ڕۆژی هەڵبژاردن لەناکاو دەردەکەوێت و ڕاستەوخۆ دوای ئەوە نامێنێت. ئەم دیاردەیە جۆرێکە لە زۆرەملێی سۆزداری، کە خزمەتگوزارییەکە- كەمافێکی دەستووریە- دەبەستێتەوە بە پارتێکی سیاسی یان کاندیدێکی دیاریکراوەوە ، وا دەکات وەک "دیاری شەخسی" دەربکەوێت نەک پابەندبوونێکی یاسایی.

بلۆکە سیاسییەکان لەسەر چەندین هێڵ یاری دەکەن بۆ ڕاکێشانی دەنگدەران، هەندێکجار بە بانگەوازکردن بۆ ئایین و مەزهەب، هەندێکجار بۆ ناسنامەی نەتەوەیی یان خێڵەکی و هەندێکجاریش بە باسکردنی "ناڕەزایەتی" یان "دەستکەوتەکان". ئەم قسەکردنە سۆزدارییە هیچ بوارێک بۆ مشتومڕی عەقڵانی یان پێشکەشکردنی بەرنامەی ڕاستەقینە ناهێڵێتەوە. بەڵکو بەشدارە لە دروستکردنی جەمسەرگیری" کە هۆشیاری هەڵبژاردن لاواز دەکات.

پرەنسیپی خزمەتگوزاری بۆ دەنگەکان زۆرەملێکردنە ، ڕەنگدانەوەی دیاردەیەکە کە لەم چەند ساڵەی دواییدا سەریهەڵداوە و بەداخەوە لەلایەن هەندێک لە بڕیاردەرانەوە پاڵپشتی دەکرێت. خزمەتگوزارییەکان لەلایەن حکومەتەوە دابین دەکرێن " نەک بە پارەی پارتە سیاسییەکان" یان هاوپەیمانییەکان، بەڵکو لە ڕێگەی ئەو پڕۆژانەی کە ساڵانێک لەمەوبەر پەسەندکراون. ڕێگری لە خزمەتگوزارییەکان لەلایەن هەندێک و دواخستنی پڕۆژەکان بە مەبەستی چەواشەکردنی خەڵک، فێڵ و دووڕوویی سیاسییە. لە کاتێکدا هەزاران خێزان چاوەڕێی ڕزگاربوونن لە نەهامەتیەکان، هەروەها تووشی شۆک دەبن کە دەبینن مافەکانیان بۆ خزمەتگوزارییەکان کەوتۆتە ژێر مەزاجێکی سیاسی کێبڕکێکار.

لە پارێزگاکاندا هەڵمەتەکانی دابەشکردنی یارمەتی خۆراک لەلایەن قەوارە سیاسییەکانەوە بەربڵاون. زۆرجار ئەم سەبەتانە وێنەی کاندید یان لۆگۆی حزبیان پێدەدرێت و لە بەرامبەر پاڵپشتیکردنیان لە دەنگداندا دەدرێتە خێزانە هەژارەکان.

لە هەندێک وەزارەت و دامودەزگاکاندا، پلەی وەزیفی یان "گرێبەستی کاتی" پێش هەڵبژاردن ڕادەگەیەنرێت. ئەم پۆستانە زۆرجار لە ڕێگەی نێوەندگیری حزبییەوە دەدرێن. زۆرێک لەو پۆستانە دوای هەڵبژاردن کۆتایی پێدەهێنرێن.

شارەوانییەکان دەست دەکەن بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی قیرتاوکردنی ڕێگاوبانەکان، کە ساڵانێکە وازی لێهێنراوە، چەند مانگێک پێش هەڵبژاردن. زۆرجار ئەم چالاکییانە پەیوەستن بەو کاندیدانەی سەر بە پارتە کاریگەرەکانن . لە هەندێک گەڕەکی شارەکاندا لە ماوەکانی هەڵبژاردندا پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان پەلە دەکرێن، وەک چاککردنەوە یان دانانی محاویلە کارەباییەکان، بەڵام دواتر ئەو پڕۆژانە لە دوای هەڵبژاردنەکان بەهۆی جێبەجێنەکردنی ستانداری  تەکنیکییەوە ڕادەگیرێن. هەندێک لە کاندیدەکان نێوەندگیری دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە تاکەکەسییەکان، وەک ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان یان ڕێکارەکانی خانەنشینی خێراتر. 

سەرەڕای ئەو واقیعە سەختە، دەنگدەران بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لە ئەستۆدایە بۆ شکاندنی ئەم بازنە خراپەی فریودانی سیاسی. گلەیی لە دوای هەڵبژاردن بەس نییە، بەڵكو دەبێت هەڵبژاردنەکانیان لەسەر بنەمای پلاتفۆرمی ڕوون و ئەدای ڕابردوو بکەن نەک لەسەر ئەوەی کە چەند هەفتەیەک پێش سندوقی دەنگدان پێشکەش دەکرێت. هەروەها پێویستە ڕۆڵی چاودێری کۆمەڵگا و میدیای سەربەخۆ و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەهێزتر بکرێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری هاوڵاتیان و توانای بڕیاردانی ئاگادارانە نەک سۆزداری.
بۆئەوەی گۆڕانی ڕاستەقینە ڕووبدات، دەبێت دەنگی هەڵبژاردن لە چنگی پێویستییەكانی هاوڵانیان ڕزگار بکرێن، لەگەڵ شکاندنی ئامرازەکانی فریودان کە لەلایەن هێزە کاریگەرەکانەوە پراکتیزەی دەکرێت، وە بنیاتنانی هۆشیارییەکی نوێی هەڵبژاردن کە کەرامەتی هاوڵاتی بگەڕێنێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار