مۆتەکەی شەڕ بە ئاسمانی هەرێمەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



شەماڵ بەشیری
لە رۆژی یەکەمی شەڕی ١٢ رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، زۆرینەی رای گشتی کوردستان بەسەر دوو بەرەی شەڕەکەدا دابەشبوون. ئەم دۆخە راگەیاندن و شرۆڤەکانیشی گرتۆتەوە و ئەمەش بەڕای من وەهای کردوە کە دۆڕاوی یەکەمی ئەم شەڕە راستییەکان بن. 

لەو بڕوایەدام هەتا شرۆڤەیەکی ئۆبژەکتیڤ پێشکەش نەکرێت، نە دەتوانین لە دۆخەکە تێبگەین و نە دەتوانین خۆمان بۆ قۆناخی داهاتوو ئامادە بکەین. 

سەرەتا دەمهەوێت بڵێم ئەم شەڕە هەتا ئێستاکە براوەی نییە. هەر دوو لایەنی بەشدار واتە ئێران و ئیسرائیل دۆڕاوی ئەم شەڕەن. لەو سۆنگەیەوە دەگەمە ئەو قەناعەتەی کە هەتا ئەم شەڕە بەلایەکدا نەشکێتەوە و براوە و دۆڕاوێکی نەبێت، ئەوا نەک هەر شەڕەکە کۆتایی پێنایەت بەڵکوو شەڕەکە بەشێک دەبێت لە ڕاستی سیاسەتی هەرێمەکە هەتا  بە جۆرێک یەکلایی دەبێتەوە. هۆکارەکانی ئەم تێگەیشتنەم لەمەڕ نەبوونی لایەنی سەرکەوتوو لەو شەڕەدا لە خوارەوە گەڵاڵە دەکەم. بەڵام سەرەتا چەند سەرنجێکی تێئۆریک پێشکەش دەکەم. 

چەند سەرنجێکی تیئۆریک:

شەڕ دیاردەیەکی دانەبڕاوە لە مێژوویی مرۆڤایەتی. لە ئەنجامدا لەناو زانست و ئەدەبیات و فەلسەفەدا بایەخێکی زۆری پێدراوە. لێرەدا ئەوەی بۆ ئێمە گرینگە پرسی ئەنجامی شەڕ یاخود چارەنووسی شەڕە.  فەیلەسوف و مێژوونووسی یۆنانی توسیدید (توکادیدێس) لە بەرهەمێکی کلاسیکدا باس لە شەڕی نێوان ئاتێن و سپارتا دەکات کە شەڕەکە لە ئەنجامدا دەگاتە ئاستێک کە هیچ ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە لە شەڕەکەدا بەدی ناکرێت. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەیکە لایەنەکانی بەشداری شەڕ بەردەوام بن لە شەڕدا هەتا ئەو ساتەی یەکێک لە لایەنەکان دۆڕان و شکستی خۆی قەبووڵ بکات. توسیدید دەگێڕێتەوە کە لایەنەکان سەرەڕای دانوستاندن بەردەوام دەبن لە شەڕ و خوێن رشتنی یەکتر، لەبەرئەوەیکە هەر دوو لایەن دەترسن لە پرۆسەی دانوستاندندا بە لاوازی دەربکەون. ئەو گێڕانەوەیەی توسیدید بەجۆرێک گوزارە لە مەنتقی رێئال پۆلیتیک دەکات کە تێیدا باس لەوە دەکرێت کە شەڕ نەک بە سازش بەڵکوو بە باڵادەستی (دومینانس) کۆتایی پێدێت. ئەم باڵادەستییەش تەنها بە سەرکەوتنی یەکێک لەلایەنەکانی شەڕ مسۆگەر دەبێت بۆ ئەوەیکە ئاشتی سەقامگیر ببێت. 

ناوێکیتری ناسراو لە بواری مێژووی وڵاتانی رۆژئاوایی، تێئۆریسیەنی بواری شەڕ، کارڵ ڤۆن کلاوسێویتز-ە. لە بەرهەمێکیدا بەناوی، لەبارەی شەڕ، کە لە ساڵی ١٨٣٢دا بڵاو بۆتەوە، دەڵێ، شەڕ کردەوەیەکی زۆرەملێیە، بۆ ئەوەی دوژمنەکەت ناچار بکەی ویستی تۆ جێبەجێ بکات. یان بە واتایەکیتر تەسلیمی ئیرادەی تۆ بێت. لەلای کلاوسێویتز، ئامانجی شەڕ شکاندنی ئیرادەی دوژمنە. واتە شەڕ کاتێک کۆتایی پێدێت کە یەکێک لەلایەنەکانی شەڕ، ئیرادە و توانای بەردەوامبوون لە تێکۆشان و شەڕ لەدەست بدات. جا ئەم شکستە دەتوانێت یان لە رووی سایکۆلۆژیەوە بێت و یان فیزیکی. لەبەردەوامیدا کارڵ ڤۆن کلاوسێویتز باس لە خاڵی هەرە بەرزی سەرکەوتن دەکات کە گوزارە لەو چرکەساتە دەکات کە یەکێک لەلایەنەکانی شەڕکەر دەگاتە ئامانجەکانی و لایەنی بەرامبەری خۆی مەجبووری تەسلیمبوون دەکات یا ئیرادەی بەردەوامبوونی لەشەڕدا دەشکێنێت. لەلای کلاوسێویتز شەڕ دۆخێکی کاتیی بێ دەرئەنجامی سیاسیی نییە. ئەو لە بڕوایەدایە کە شەڕ کەرەستەیەکی سیاسییە و کاتێک کۆتایی پێدێت کە یەکێک لەلایەنەکان ئیرادەی سیاسیی خۆی داسەپاندوە یاخود یەکێک لەلایەنەکان ئیرادەی سیاسیی خۆی لەدەستداوە. 

لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە هەر دوو مێژوونوسی ناوبراو، شەڕ وەک دیاردەیەکی بێ ئەنجام ناگرنە دەست. بەپێچەوانە خاڵێکی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە ئەویش ئەوەیە کە شەڕ بۆ ئەوەیکە بگاتە کۆتایی دەبێت دەرئەنجامێکی روون و ئاشکرای هەبێت. ئەو دەرئەنجامە لەلای هەردوو مێژوونوس شکستی یەکێک لەلایەنەکانی شەڕە. واتە شەڕێک کە براوە و دۆڕاوی دیار نەبێت، ناتوانێت کۆتایی پێبێت. بە واتایەکیتر هەتا ئەو چرکەساتەی براوە یاخود دۆڕاوێکی ئاشکرا لە شەڕدا بەدی نەکرێت، ئەوا شەڕ بەردەوام دەبێت تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکیش چەکەکان بێدەنگ بکرێن. 

لەو باکگراوندە تێئۆرییە کورتەوە بەرەو هەڵسەنگاندنی ئەنجامی پێکدادانەکانی شەڕی ١٢ رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، بۆ ئەوەیکە بگەینە ئەو بەرچاوڕوونییەی کە ئایا ئەم شەڕە گەیشتۆتە ئەنجام یاخود نا و ئەگەر نەگەیشتووتە ئەنجام، دەبێت چاوەڕوانی چی بین.

هۆکارەکانی شکستی ئێران لەم شەڕەدا:

لە ٣٥ ساڵی رابردوودا دۆکترینی پاراستنی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەسەر بنەمای دوورخستنەوەی پێکدادان لە سنوورەکانی خۆی بنیادنراوە. واتە ستراتێژی ئاسایشی ئێران لەسەر ئەو بنەمایەبووە کە شەڕ نەگاتە ناو سنوورەکانی ئێران و بەردەوام شەڕی خۆی لە جوگرافیای دەرەوەی ئێران واتە لوبنان، سوریە، ئێراق و یەمەن بەڕێوە ببات. روخانی سوریە، هیرشی راستەوخۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانی لێکەوتەوە. لێرەدا وەبیرخوێنەران دێنمەوە کە لە کاتی روخانی ئەسەد، گوتبووم کە ئەوە دیواری بەرلینی بەرەی مقاوەمەت بوو کە دەگەڵ نەمانی ئەسەددا، رووخا. کەواتە پێش هێرشەکەی ئیسرائیل، ئێران شەڕەکەی دۆڕاندبوو. هەم ئەوەیکە هێز و توانای بەرگریی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی لەدەست دابوو هەم ئەوەیکە زیاتر لە ٥ ساڵە ئیسرائیل لەناو خۆی ئێراندا چالاکی دەکات و تەنانەت گرتەی ڤیدیۆیی لێپرسینەوە لە کاربەدەستانی ئێرانیان لەناوخۆی ئێراندا بڵاو کردۆتەوە. مژارێکی دیکەی سەرنجڕاکێش، دارمانی سیستەمی ئیتلاعاتی ئێرانە. لەناو هەموو وڵاتاندا، دەزگاکانی هەواڵگری، بڕبڕەی پشتی دەوڵەتەکانن. دەزگاکانی هەواڵگری رۆلیان تەنها کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر دوژمن نییە، بەڵکوو بەرگریکردن لە دزەکردنی دەزگاکانی هەواڵگری دۆست و دۆژمن بۆ ناو دامودەزگاکانی سیاسیی- ئەمنیی- سەربازیی، پیشەسازیی و ئابووریی یەکێکیتر لە ئەرکە گرینگەکانی دەزگاکانی هەواڵگرییە. ئەرکێکی دیکەی گرینگی دەزگا هەواڵگرییەکان کۆکردنەوە و  پێدانی زانیاری گرینگ لەسەر دوژمن و هاوکات گەڵاڵەکردنی بەرژەوەندییە ستراتێژیکە ئەمنیی- سیاسییەکانە. ئێران لەم خاڵەدا گەورەترین شکستی خواردووە. واتە نەک هەر نەیتوانیوە پێش لە دزەی دەزگای مووساد بۆ ناو دامودەزگاکانی دەوڵەتدا بگرێت، تەنانەت نەشی توانیوە کە زانیاری گرینگی ستراتێژیک لەسەر ئیسرائیل کۆبکاتەوە و بۆ ئەوەیکە هیچ نەبێت ئاگاداری هێرشی ئیسرائیل ببێت و لە شەوی هێرشەکەدا تووشی شۆک و شڵەژان نەبێت. ئەمڕۆکانە زۆرن ئەو کەسانەی لەناو خۆی ئێراندا رۆژانە پرسیاری زۆر رادیکاڵ ئاراستەی دامودەزگاکانی سیاسیی و بەرێوەبردن دەکەن و داوای وەڵامدانەوە و محاکەمەی ئەو کەسانە دەکەن کە نەیانتوانیوە ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکانیان بە شێوەی سەرکەوتوو راپەڕێنن. بە جۆرێک کە رۆژانە رێژەی متمانە لەناو دامودەزگاکانی دەسەڵاتدا لە دابەزیندایە و کەس ناتوانێت متمانە بە کەس بکات. تەنانەت دەسەڵاتی سیاسیی- ئەمنی ناتوانێت متمانەی بە کادیر و ئەندامانی خۆی هەبێت. خۆ حەشاردانی خامنەیی بە ماوەی یەک مانگ و دەرنەکەوتنی لە هیچ شوێنێک گوزارە لەو بێمتمانەییە و روخانی سیستەمی ئەمنی- زانیاریی کۆماری ئیسلامی دەکات. ئەمە و زیانەکانی دیکەی ئێران، وەک لەدەستدانی کۆنترۆڵی سنووری ئاسمانی وڵاتەکەی و ناکارابوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، لایەنە لاوەکییەکانی شکستی ئێرانن لەم شەڕەدا.

هۆکارەکانی شکستی ئیسرائیل لەم شەڕەدا:

یەکێک لە شکستە سەرەکییەکانی ئیسرائیل، کوژران، برینداربوون و پەرەسەندنی ترس و دڵەراوکێ لەناو هاوڵاتیانی ئیسرائیلدایە. مەشروعیەتی هەبوونی ئیسرائیل لە یەک خاڵ سەرچاوە دەگرێت، ئەویش رێگریکردن لە کۆمەڵکوژی و  ترس و تۆقانی خەڵکی یەهوودیە. واتە دروشمی سەرەکی زایۆنیزم لەدوای کۆمەڵکوژی یەهوودییەکان لە ئەوروپا، ”جارێکیتر هەرگیز” بوو. واتە بە دامەزراندنی دەوڵەتی یەهوودیی، نیشتمانێک بۆ یەهوودییەکان ساز بکرێت کە لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە، یەهوودییەک هەستی بە ترس و دڵەڕاوکێ کرد یاخود ترسی لە کۆمەڵکووژی هەبوو، ئیسرائیل ببێتە نیشتمانێک بۆی، بۆ گەیشتن بە ئەمنیەت و دڵنیایی. لە ٧ی ئۆکتۆبردا، ئیسرائیل لەم پرۆژەیەدا شکستی خوارد و بە شەڕ لە دژی ئێران، ئەم شکستەی بەرفراوانتر بۆیەوەە. ناکارابوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل و پێکانی شوێنە مەدەنی، پیشەسازیی و زانستییەکانی ئیسرائیل لە شارەکانی وەک تێل ئەڤیڤ و بەندەری حەیفا گوزارە لەم شکستە دەکەن. لە رۆژانی شەڕدا دەگەڵ چەند هاورێیەکی یەهوودیم کە کەس و کاریان لە ئیسرائیل دەژیا پەیوەندیم گرت. ئەوان باسیان لەوە دەکرد کە خەڵک لە ترس و دڵەڕاوکێدایە و دەیهەوێت وڵاتەکە بەجێبێڵێت بەڵام سنووری ئاسمانی وڵاتەکە داخراوە و خەڵک ناتوانێت رابکات بۆ دەرەوە. لە ئەنجامدا ئەو خەڵکانی کە بەلەمیان هەیە، روویان لە ووڵاتی قەبرس کردوە. ئەمە شکستێکی ئیگزیزتێنساڵە بۆ ئیسرائیل هەر بۆیە ئامریکا مەجبوور بوو کە بێتە ناو شەڕەکەەوە و بەجۆرێک ئاگربەستێکی کاتیی بەسەر هەردووکلا داسەپێنێت. قسەکانی دۆناڵد ترامپ لەمەڕ ئەوەیکە ئیسرائیل زیانی زۆری پێکەوتووە و بیناگەلێکی زۆر رووخاون، ئەم دۆخەی کە ئاماژەی پێدرا پشتراست دەکاتەوە. 

شکستێکی تری ئیسرائیل، فریوخواردنی بانگەشەکانی رەوتی ناسیۆنالیسمی پاشاگەرای ئێرانییە. پاشاگەراکانی ئێرانی کە لەلایەن رەزا پەهلەوییەوە نوێنەرایەتی دەکرێن، بەجۆرێک توانیبوویان ئەو قەناعەتە لەلای ئیسرائیلییەکاندا دروست بکەن کە لە ئەگەری یەکەمین رۆژی پەلاماردا، خەڵک دەڕژێنە سەر شەقامەکان و رژێم لەناوەوە دەڕوخێنرێت و ئەمەش هەم دەبێتە سەرەتای پرۆژەی رێژیم چەینج و هەم مەشروعیەتی ناودەوڵەتی بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەگەڵ خۆیدا دێنێت. ١٢ رۆژ لە پێکدادان نەک هەر نەبوو بە هۆی خۆپێشاندانی جەماوەریی، بەپێجەوانەوە رەوتی ناسیۆنالیزمی ئێرانی کە بەجۆرێکی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ بەیعەتیان دەگەڵ ئیسرائیل کردبوو، تووشی پارچەبوون و ناکۆکیی قووڵبوون. 

دەرئەنجام:

هەر وەک لە بەشی تێئۆریکدا ئاماژەمان پێدا، شەڕ بۆ کۆتایی پێهاتن پێویستی بە ئەنجامی یەکلاکەرەوە هەیە. لە شەڕی ١٢ رۆژەدا هیچ یەک لە لایەنەکانی شەڕ نەیانتوانی ئیرادەی لایەنی بەرامبەر بشکێنن و ئیرادەی خۆیان داسەپێنن. لە ئەنجامدا شەڕ بە جۆرێک کۆتایی پێهات کە هیچ یەک لە لایەنەکانی بەشداری شەڕ نەیانتوانی باڵادەستی خۆیان نیشان بدەن. هەر بۆیە ئەو ئاگربەستەی کە هەیە دەتوانرێت وەک ئەنجامێکی کاتیی تەماشا بکرێت. لەو سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین شەڕ هەر لە بەردەم دەرگایە و لە هەر ئان و ساتێکدا ئەگەری سەر لە نوێ پێکدادان لە ئارادایە. هەرچەند رۆژانە لەناو خۆی ئێراندا باس لە تەقینەوە و رووداوی سوتان و ئاگرتێبەربوونی شوێنی جۆراوجۆر بڵاو دەبێتەوە و رای گشتی پێیوایە کەو ئەو رووداوانە بەردەوامی هێرش و پەلامارەکانی ئیسرائیلن بۆ سەر ئێران. بە واتایەکیتر شەڕ بە جۆرێکیتر و بە تەمپۆیەکی جیاوازتر بەڕێوەدەچێت و ژیلەمۆی ئەو ئاگرە هێشتا تینی لێ نەبڕاوە. بۆیە ئەو نوسینە باس لەوە دەکات کە ئەو شەڕە هەتا دەگاتە دەرئەنجامێکی سیاسیی روون و بەرچاو،  بەردەوام دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار