ڕەفتاری کۆیلایەتی

3 كاتژمێر لەمەوپێش



نووسینی: لیندا ئیبراهیم
وەرگێڕانی : حەسەن ڕازانی

(و ما خلقت الجن و الانس الا لیعبدون) سورة الذاریات ایة ٥٦
واتە: من هەربۆیە جندۆکەو مرۆم دروس کرد،بمپەرستن. (قورئانی پیرۆز هەژار موکریانی لاپەڕە ٥٢٣)
ئا لێرەوە کۆیلایەتی ئێمە دەستی پێکرد.

لە سەردەمی فەرمانڕەوایی (سەدام حوسێن) دا بە هەزاران لە خەڵکی ئێراق لەوانەی کە  بەرهەڵستکاری سەدام بوون و تەنانەت لەوانەش کە دژایەتییان نەدەکرد، گیران، ئەشکەنجەدران و کوژران.سەدام هەر بەوەندەشەوە نەوەستا بەڵک و لە ساڵی ١٩٨٨ هەستا بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی بە چەکی کیمیاوی لە دژی خەڵکی کوردوستان.

جا سەیرەکە لەوەدایە کە ئەو هەموو تاوانە قێزەونانەی کە سەدام حوسێن ئەنجامیدان، کاریگەریی ئەوتۆیان نەکردە سەر ئاستی جەماوەرییەکەی لە نێو شەقامی عەڕەبییدا! تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت، خەڵکێکی زۆری عاڕەب هەیە کە پێیان وایە ئەو تاوانانەی سەدام حوسێن تەنها چەند کارێکی هەڵە بوون و  ئەو تاوانانەش لە دیدو بۆچوونی ئەوانەوە هیچ لە پاڵەوانیەتی سەدام  وەک پاڵەوانی نەتەوەیی کەم ناکەنەوە!

هەمان ئەو گوێپێنەدانە بە تاوانەکانی دیکتاتۆر لە گەڵ زوربەی دەسەڵاتدارانی عاڕەب دووبارە دەبێتەوە، ئەوەتە تاکو ئێستاش عاڕەبێکی زۆر پێیان وایە دەسەڵاتدارە خوێنڕێژەکانی وەک قەزافی وئەسەدو عومەر بەشیر پاڵەوانی نەتەوەیین. ئەوەتە ئێستا ئێمە دەبینین دوای ئەوەی کە بەشار ئەسەد نیو ملیۆنی لە خەڵکی سوریا کوشت، ئەوە بێجگە لەوەی کە بە هەزارانی لە خەڵک لە کونجی زیندانەکاندا قایم کردبوو، لە ژێر ئەشکەنجەو بێحورمەتی پێکردندا دەیان ناڵاند،کە چی هێشتا زۆرێک لە عاڕەبەکان بە بەژن و باڵای بەشار ئەسەد دا هەڵدەڵێن!
تاکو ئێستاش جەمال عەبدولناسر، سەرۆکی نەتەوەیی عارەب، زۆرترین جەماوەری هەیە سەرباری ئەوەی کە ئەشکەنجەی دەیان هەزار لە گیراوەکانی داوە لە زیندانەکانی ناسرییدا و  سەرباری تێوەگلانیشی لە شەڕەکانی دۆنکیشۆت ئاساییدا! ئەو بارودۆخە لە دەوڵەتانی کەنداودا زۆر باشتر نیە، لەوێش زیندانەکان جمەیان دێ لە خەڵکی بەرهەڵستکارو ڕووبەڕووی پیسترین ئەشکەنجە دەبنەوە بە هۆی بیروبۆچوونی سیاسییانەوە. هەر دەوڵەتیکی کەنداو کە بە نموونە وەربگریت و بچیتبە یەک کۆمێنت لە سۆشیال میدیادا ڕەخنە لە پادشا یان میرەکان ئەو کەنداوە بگریت ئیتر بەسە بۆ ئەوەی  بۆ چەندین ساڵان فڕێت بدەنە زیندانەوە.

ئێستاش هەمان عەقڵیەت زاڵە لە نێو دەسەڵاتی دیفاکتۆی سوریاداو  هەروەها لە نێو چڵکاوخۆرەکانی ئەبو محمد جۆلانی دا کە ئەو بۆ خۆی بە بیرێکی داعشیانە  لە نێو هەناوی دڕەندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی ئیسلامیدا لە دایک بووە!

زوربەی فەرمانڕەوایانی عاڕەب لە لایەن خەڵکەوە هەڵنەبژێراون، بەڵک و بە زەبری چەک دەسەڵاتیان گرتۆتەدەست و قۆرغیان کردووە، یاخود لە باب و باپیرانەوە بە میرات بۆیان بەجێماوەو ئەوانیش لە ڕیگەی تەزویرو فێڵ و ساختەکاریی و سەرکوتی بەرهەڵستکارانەوە درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان دەدەن. جا ئینجا سەرباری ئەوەش ئاستی جەماوەرییان و خۆشەویستییان لە نێو خەڵکیدا کەم نابێتەوە!

دیاردەی ژیان لە گەڵ چەوسێنەرو سەرکوتکەر لە نێو جیهانی عەڕەبیدا بڵاوەو جێی داخیشە، هەر بۆیەش ئەوەیان پاڵمان پێوە دەنێ کە پرسیارێکی گرنگ بکەین و بڵێین" بۆچی عاڕەب بە فەرمانڕەوای چەوسینەرو سەرکوتکەر ڕازی دەبن و پشتگیریی لێدەکەن و دەیکەنە پاڵەوان،  سەرباری ئەوەی کە تەواوی تاوانەکانی ئەو فەرمانڕەوایە دەرهەق بە هاونیشتمانیان دەبینن؟" 
یاخود:" بۆچی عاڕەب لە ڕووی مەبدەئییەوە سیستەمی دیکتاتۆریی ڕەت ناکاتەوە هەر وەک کە گەلانی تر ڕەتی دەکەنەوە؟"

بۆ ئەوەی وەڵامێکی درووست و ڕوونمان دەستبکەوێت دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ئەو پاشخانە ڕؤشنبیرییەی  کە لە ئیسلامەوە بۆمان بەجێماوەو ئایینی ئیسلام لە ڕێی چەندین مەزەب و ڕێبازی خۆیەوە پشتگیریی لەو جۆرە دەسەڵاتە دەکات بۆ نموونە: جەماوەرێک لە زاناو فەقێی نێو ئیسلام و لە نێویاندا هەر چوار ڕێبازو مەزەبەکەی ئیسلام پشتگیریی لەو جۆرە دەسەڵاتەی نێو جیهانی عاڕەبی دەکەن: بۆ نموونە:
 مالکی: ئەحمەد بن مالک، شافیعی: محمد ئیبن ئیدری شافیعی، حەنەفی: ئەبو حەنیفە، حەنبەلی: ئیبن  حەنبەل.

ئەمانەی کە ناومان هێنان هەموویان لە سەر ئەوە کۆکن کە گوێڕایەڵیی بۆ فەرمانڕەوای تاوانکارو سەرکوتکەر واجیبە. ئەوەیان بە مانای ئەوە دێت بۆ نموونە ئەگەر هات و کەسێک بە زەبری چەک  دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت و تاوان و کوشتاری ئەنجامداو بەرهەڵستکارەکانی خۆی کوشت و لە ڕێگەی سەرکوتەوە خەڵکی هێنایە ژێر دەسەڵاتەکەی خۆیەوەو دەسەڵات و حوکمی گرتە دەست، ئا لەو کاتەدا ئەرک و واجیبی خەڵکی موسڵمان ئەوەیە کە گوێڕایەڵی ئەو فەرمانڕەوا ستەمکارو تاوانکارە  ببن و هیچ بەرەنگاری نەبنەوە جا هەرچەندێکیش خوێنڕێژو تاوانکار بێت گرنگ نیە!

لێرەدا بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە بنچینەی ئەو بیرو فکرە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە کە عاڕەب ئاهوا گوێڕاڵی ستەمکارو چەوسێنەرن و بە جوانی لەگەڵیاندا هەڵدەکەن. ئەو گوێڕایەڵیەی عاڕەب بۆ دیکتاتۆر سەرچاوەکەی میرات و پاشخانی ئیسلامییەو ئەو زاناو فەقێییانەی ئیسلامن کە کە فەرمان دەکەن بە گوێڕایەڵی بۆ فەرمانڕەوا جا با دیکتاتۆرو خوێڕێژو تاوانکاریش بێت! ئەو میرات و پاشخانە ئیسلامییەیە کە داندەنێت بە ڕەوایەتی هاتنە سەر دەسەڵات بە زەبری هێزو چەکەوە نەک بە هۆی ویست و پشتگیریی خەڵکەوە! ئەو میرات و پاشخانەیە کە هاتنە سەر حوکمی دەسەڵتداران بە شیوەی ئینقیلاب و بە زەبری چەک بە ڕەوا دادەنێت.

کێشەیەکی تر لەو بارەوە ئەوەیە کە ئەگەر بێت و ئیمە گوێڕایەڵی دەسەڵاتدارێکی تاونبارو سەرکوتکەر بین و هەرچەندەش کە بە زەبری هێزو چەک و کوشتنی بەرهەڵستکارەکانی  دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتبێت، کەچی بێین شەرعیەتی یاسایی پیبدەین، ئایا لەو بارودۆخەدا ئێمە دەتوانین کە لێپێجینەوەی لە گەڵدا بکەین لە کاتێکدا کە لە دەسەڵاتدا بێت، ئەگەر هات و بە ئارەزووی خۆی لە دەرەوەی یاسا  دەستی بە کوشتن و گرتن و ئەشکەنجەو سزادانی خەڵک کرد؟

لێرەدا وەڵامەکە ئەوەیە کە ئەگەر هات و ئێمە ڕازی بووین بە ڕێبازی هێزو چەک و ئینقیلاب بۆ گەییشتن بە دەسەڵات و فەرمانڕەوایی کەواتە ناگونجێت و نابێت هەمان ڕێبازی چەک و هێز بۆ مامەڵە لە گەڵ بەرهەڵتستکارانیش ڕەت بکەینەوە . واتە دەبێ بە هەمان ریبازێک کە پێی هاتووینەتە سەر حوکم بە هەمان ڕێبازیش مامەڵە لەگەڵ خەڵک و بەرهەڵستکارانیش بکەین. کەواتە میرات و پاشخانی ئیسلامیی کە فەرمان دەکات بە موسڵمانان بە گوێڕایەڵی دەسەڵاتداریکی تاوانکارو دیکتاتۆر، ناکرێت کە لە گەڵ خەڵک نەرم و نیان بێت و دان بە مافەکانی خەڵکدا بنێت کە لە دژی سیاسەتەکانی دەسەڵات دەنگ هەڵبڕن!

جیهانی عاڕەبی دێموکراسیی نازانێت. لەبەر ئەوەی عاڕەب ڕازین بە سەرکوت و چەوسانەوەو ڕازین بە ملکەچکردن بۆ دیکتاتۆرو چاوپۆشیش دەکەن لە تاوانەکانی دیکتاتۆرو لە زۆر بارودۆخیشدا بە پاڵەوانی نەتەوەیی دادەنێن.
ئەو ملکەچکردنە بۆ چەوسانەوەو ڕازیبوون بە ژیان لە گەڵ سەرکوت  دەگەڕێتەوە بۆ  ئەو پاشخانە ئیسلامییەی کە لە باب و باپیرانەوە بۆمان بەجێماوەکە  دژایەتی چەوساندنەوە ناکات و فەرمانیش دەکا بە گوێڕایەڵیی و ملکەچیی نواندن بۆ فەرمانڕەوای دیکتاتۆر، جا هەرچەندە کە تاوانکاریش بێت بە مەرجێک کە دەسەڵات بپارێزێت!
ئەو هۆشمەندیی و پاشخان و میراتە ئیسلامییەیە کە ناهێڵێت بەرەو پێش بچین و وامان لێدەکات کە ملکەچی چەوساندنەوەو سەرکوتی فەرمانڕەواو حاکمە زۆردارەکان ببین!
عاڕەب قەت بەرەو پێش ناچن و هەر لە شوێنی خۆیان دەمێنن  و ناگەن بە نەتەوەی پێشکەوتوو هەتا ڕزگارییان نەبێت لەو میرات و پاشخانە فیکرە بۆگەنەی کە لە مامەڵەی لە گەڵ خەڵکدا پشت دەبەستێت بە ئایین و مەزەب و  و فێریشیان دەکا کە ملکەچی زوڵم و دئکتاتۆریەت بن!
 کاتێک کە عاڕەب رەتی بکاتەوەو نەهێڵێت کە فەرمانڕەواو دەسەڵاتدار یەک ڕۆژ لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە مادام خەڵک هەڵی نەبژاردبێت، ئەوا ئەو کاتەیە کە ئیتر عاڕەب دژایەتی دیکتاتۆر دەکەن و پێیان وایە ئەو دیکتاتۆرە بە زەبری هێز دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتووەو ئینجا گرتن و کوشتن و زیندانی کردنی خەڵکی بێتاوان وەک هەڵە نابینن و ناڵێن هەڵەی تاکە کەسەو کەسی دیکتاتۆریش هیچیتر ناکەنە پاڵەوان.
 کاتێک کە عاڕەب ڕزگارییان دەبێت لەو میراتە کۆنەپەرستانەو دواکەوتوانەیە کە خەڵک دەکاتە کۆیلەی دەسەڵاتدارانی زاڵم و دیکتاتۆرو لە بەرامبەریشدا میراتێکی تازە دێننە دی کە فێری ئەوەیان دەکا کە بەرەنگاریی لە مافەکانی خۆیانیان بکەن و خۆیان فەرمانڕەوا هەڵببژێرن و نەهێڵن لە دەرەوەی ویستی خەڵک کەس دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت.
ئا لەو کاتەدایە کە عاڕەب دەتوانن ئازادیی و مرۆڤدۆستیی  بۆ خۆیان بگێرنەوەو دەستەبەری بکەن و ببنە هاونیشتیمانی خاوەن شکۆو رێزلێگیراو. هەروەک کە نووسەری سوریی محمد ماغوت دەڵێت:
لە بارودۆخی چەوسانەوەو سەرکوت و دیکتاتۆرییدا پاڵەوانیەتی ئەوە نیە کە لە سەر پشتی دەبابەو تانکەکان بیت بەڵک و پاڵەوانیەتی ئەوەیە کە لە بەردەمیان دا بوەستیت!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار