عەجاج لەناو هۆڵی دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق لە زاری شایەتحاڵەکانی نوگرەسەلمانەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



سالار مەحمود

چەند کەسێک لە نوسەرانی بواری ئەنفال و جینۆساید،  لە مانگی ١٠ی  ساڵی ٢٠٠٦ وەک میوانی چاودێر بانگهێشت کراین بۆ ئامادەبون لە چەند دانیشتنێکی  دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق لە بەغدا لەسەر دۆسیەی ئەنفال بەڕێوە ئەچوو، بریتی بوین لە ( لەتیف فاتیح فەرەج، تەها سلێمان، محەمەد حەمەساڵح تۆفیق، عومەر محەمەد، مەجید ساڵح و عەبدوڵا کەریم مەحمود، سالار مەحمود). 

لەدانیشتنی یەکەمی رۆژی دووەمی ئامادەبوونی ئێمە لەهۆڵی دادگادا کە رێکەوتی ٢٠٠٦/١٠/١١ بوو، یەکێک لە ژنە ئازاو پاکیزە شایەتحاڵەکان, ناڕەحەتی دۆخ و گوزەرانی خۆی و بەسەرهاتەکانی لەو ماوەیەی لەنوگرەسەلمان بوو بۆ دادگا دەگێڕایەوە. زیاتر لەجارێک ناوی عەجاجی هێنا، لەگەڵ ناوهێنانیشیا ئاهێکی قوڵیشی هەڵدەکێشا. بە هەستێکی پڕ لەخەمەوە کەوتە باسکردنی شێوازەکانی دەست درێژیی کردنە سەری، لەلایەن ئەو جەلادەی قەڵای نوگرەسەلمان. لە کاتی قسەکانیدا، دادوەر محمد العريبي دەستی خستە سەر سویچە سورەکەی بەردەستی؛ بۆ ئەوەی پەخشی  دانیشتنەکە کە راستەوخۆ بوو نەگوازرێتەوە بۆ کەناڵەکانی تەلەفزیۆن.

کچەکە باسی ئەوەی کرد؛ کەچۆن  عەجاج و یەک دوو کەس لەپاسەوانەکانی، شەو هاتوون و لە کچەکانیان هەڵبژاردوەو بردوویانە بۆ لای خۆیان، بەبیانوی جیاجیا، ئیتر خۆی پێڕانەگیراو بەدەم گریانەوە وتی: منیش بەو دەردە برام و زۆر دڕندانە سوکایەتیان پێکردووم و بێ شەرمانە دەستدرێژیان کردۆتە سەرم.

لەو گێڕانەوەیەدا ھۆڵی دادگا پڕ بوو لەبێدەنگی .خودی محەمەد العرێبی عارەق بەناو چاوانیدا دەهاتە خوارەوەو، سەری خۆی پێ ِڕانەدەگیراو شۆڕی کردەوە بەسەر مێزەکەی بەردەمیداو، لەحەسرەت و شەرمدا بەدەستە راستی ئارەقی ناو چاوانی دەسڕی. ژنەکە لە قسەکانی بەردەوام بوو، دادوەر بەبێدەنگی و دوای چەند دەقیقەیەکی تر بەهەردوو دەست ئارەقەی سڕی. داوەرەکەی تری دەستەچەپی محەمەد العرێبی لەژێر عەینەکەکەیەوە فرمێسک بەچاوەکانیدا دەهاتە خوارەوەو ئەویش زوو زوو فرمێسکەکانی دەسڕی.

شێوازی گێڕانەوەی شایەتحاڵەکە زۆر کاریگەر بوو، بەتایبەتیش بەعەرەبی ئیفادەی دەداو، زمانەکەی زۆر پاراو بوو. بە جۆرێک عەرەبیەکەی ئەتوانم بڵێم لەباشترین عەرەبی زانەکان بوو. کچەکە جگە لەزانینی زمانی عەرەبی بەباشی، پێدەچوو ئاگایەکی باشیشی لەئەدەبیاندا هەبوو بێ، چونکە بەزمانێکی پاراوی ئەدەبیش گوزارشتی لەمەینەتیەکانی نوگرەسەلمان دەکرد.

ئەمە وای کرد لەرووی دەروونی و ویژدانیەوە زۆر کاربکاتە سەر سۆزی ئامادەبوانی هۆڵەکەو  گریان خەمگینیەکی قوڵ ھەمووانی داگرت، جگە لە سەدام حسێن و هاوقەفەسەکانی نەبێت.
لە یەکێک لەدانیشتنەکانی دواتردا، شایەتحاڵ عەبدوللا سەعید ئەحمەد خەڵکی گۆپتەپە بوو، باسی لەوەکرد لە نوگرەسەلمان لەبەر ھەلاکەت و خراپی ژیان و گوزەرانیان، وتی: رۆیشوینەتە لای عەجاج ئەو (بەحەجاج ناوی دەهێنا) باسی ئەوەمان بۆی کردوە، کەژیانمان لەبەر نەخۆشی و  نەبونی خواردن و پیسی بەتەواوی لەکولەمەرگی و مەترسیدایەو، وا بڕوا هەموومان دەمرین. وتی: عەجاج لەوەڵامدا پێی وتین: ئێوە بۆ ئەوە هێنراونەتە ئێرە کەبمرن. ئێوە بۆ ژیان نەهێنراونەتە نوگرە سەلمان.

عەجاج ناوێکە لە دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق، چەندین سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە لەلایەن شایەتحاڵە سکاڵاکارەکانی زیندانی قەڵای نوگرەسەلمانەوە.

ئەو دوو سکاڵایەی لە عەجاج کرا تەنیا لە یەک دانیشتنی دادگادا بوو، دۆسیەی ئەنفال ٦١ دانیشتن بوە لە یەکەم دانیشتنەوە تا دوا دانیشتنی بڕیاردانی دادگاکە، بە دڵنیاییەوە چەندین سکاڵای تر لە دانیشتنەکاندا لەو تاوانبارە تۆمارو تەوسیق کراوە.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا بڵاوی کردەوە کە
عەجاج ئەحمەد حەردانیان دەستگیر کردوە، رۆژی ٢٠٢٥/٧/٢٩ لە شارۆچکەی ضلوعیە.

دوای ئەوەی چەند کەسێک لە قوربانیانی تاوانی ئەنفال سکاڵایان لەسەری تۆمارکردوە لە دادگای پارێزگای موسەنا.
جگە لە سکاڵی نوێ کە لەسەر ئاستی تاک و گروپی کەسی تۆمار کراون، پێویستە پشت ببەسترێت بەو سکاڵایانەش کە لە دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق لە کاتی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ئەنفال، شایەتحال و سکاڵاکارەکان تۆماریان کردوە، لەسەر ناوبراوو تاوانبارانی تر.

ئەو تۆمەتانەی رووبەڕووی عەجاج کراون لە دادگای باڵای تاوانەکان، کوشتن و ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی کردنە سەر ژنان و کچانی پاکیزەو مردوو خستنە بەر سەگی رەش و هی تریشن.

کاتی ئەوەیە رێکار بگیرێتە بەر بەپێی یاسای دادگاکە ژمارە (١٠) ی ساڵی ٢٠٠٥ و بڕیاری دەستەی دادەوەرانی دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق رێو شوێنی یاسایی ئەنجام بدرێت و یەکلاکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی رووبەڕووی ئەو جەلادە کراونەتەوە بەپێی ئەحکامەکانی دادگاکە. 

سکاڵاکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حوکمی بەعس و دەکەوێتە چوارچێوەی ویلایەتی دادگای باڵای تاوانەکانی عیراقەوە.
گرتنی ئەو جەلادە دوای سی و حەوت ساڵ لەئەنجامدانی تاوانەکەو، بیست و سێ ساڵ لە روخانی رژێمی بەعس، گەرچی درەنگ وەختە، بەڵام سروشتی تاوانی نێودەوڵەتی کات و زەمەن هیچ لە پرسەکە ناگۆڕێ.

عەجاجی بەعسی ئێستا لەبەردەم عەدالەتی یاسادایە، دەرفەتێکی گرنگە بۆ گێڕانەوەی کەمێک لە مافی قوربانیان و، بیرهێنانەوەی تاوانی ئەنفال.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار