وابەستەیی یەکێتی ئەوروپا بە واشنتۆنەوە

5 كاتژمێر لەمەوپێش



بەرزان حەمە خورشید

*هەر لەسەرەتای هەڵایسانی شەڕەکەوە دیاربوو کە سیاسەتی ناوەندیی یەکێتی ئەوروپا بە گشتیی (جگە لەهەنگاریاو سربیا) و بەتایبەتیش سیاسەتی ئەڵمانیاو فەرەنساو ئیتاڵیا وەک سێ زلهێزی یەکێتیەکە ملدانی بێ مەرج و چەندوچونی ئەجێندای واشنتۆنی سەروەختی سەرۆکایەتی(جۆ بایدن)بوو، بێگومان لە چوارچێوەی درێژەدان بەو پلانەدا بوو کە لەسەر وەختی(باراک ئۆباما) وە بۆ ئیستیفزازی ڕوسیا و هێدی هێدی ڕاکێشان و بەتەڵەوەکردنی لە شەڕێکی تاقەتپڕوکێن و پڕ مەسرەفی مادی و بەشەرییەوە، و دواتر بە چۆکداهێنانی پۆتین و هاوتەریب سەرپێخستنی پرۆژە و ئامانجە دێرینە(جیۆ سیاسی .. مێژوویی)یەکانی ئەوروپا لە هەمبەر ڕوسیادا بەڕێوەدەچوو.

* بەڵام دۆخی بەرەکانی شەڕ لە دوای سێ ساڵ و نیو ئاماژەن بە ئەستەمبونی وەدیهێنانی ئەو ئامانجە و فەشەلی کۆی پلان و ئەجێنداکە، ئاوەژووبونەوەی ئاڕاستەی دەرهاویشتەکانی شەڕ بۆ بارگرانیی ئابوریی‌و سەربازی بۆ سەر یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا و هاوتەریب مانۆڕە سەرکەوتووەکانی ڕوسیا بۆ قوتاربوون لە جوغزی گەمارۆ ئابوریەکان و ڕێکخستنەوەی سێکتەرەکانی ئابوری لە چوارچێوەی(ئابوری جەنگ)دا.

* بە هاتنی ترامپ هاوکێشە و ئاڕاستەی گۆڕانکاریەکان بەجۆرێک ئاوەژووبوویەوە کە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاکانی ئەمریکا و ستراتیژی(لە پێشدا ئەمریکا، America is the first)لە کۆنتراکتێکی (ئابوری .. سیاسی.. ئەمنی)دا لەگەڵ ڕوسیا بەناچارکردنی زێلینسکی و(ناسیۆنالیستە توندڕەوەکانی کیێف) بە ڕادەستکردنی بە پیتترین و دەوڵەمەنترین زەوییەکانی ووڵاتەکە کە دەگاتە نزیکەی 17% ی ڕووپێوی خاکی ئۆکرانیا بە ڕوسیا و هاوتەریب زامنکردنی هەژمون و کۆنترۆڵی کۆمپانیا وەبەرهێنە زەبەلاحەکانی ئەمریکا بەسەر باقی ڕووپێوی خاکی ئۆکرانیادا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.

* هاتوهاواری ئەو چەند هەفتەیەی سەرانی ئەوروپا بەنێوی "پاڵپشتی و زامنکردنی ئایندەی ئاسایشی" ئەو ووڵاتە تەنها نیفاق و سیاسەتێکی نائەخلاقی ڕووتە لە پێناوی زامنکردنی پشکی خۆیان لە جەستەی داهێزراوی دوای شەڕ و ئابوری داڕماوی ئۆکرانیای کارەساتباردا.

* وەک چۆن لەسەرەتاوە زلهێزەکانی یەکێتی ئەوروپا وەک خوێندکارێکی سەرکز و گوێقوڵاخ بونە بەشێکی ئەکتیڤ لە سەرخستنی ستراتیژی(ئۆباما...بایدن)،کە لە جەوهەردا ڕێگرتن لە بوژانەوە و گەشەی ئابوری و هەڵکشانی هەژمونی  سیاسی یەکێتی ئەوروپا یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی بوو ! بۆ جارێکیتر وەک هەمان خوێندکاری گوێقوڵاخ لەبەردەم مێزەکەی ! دۆناڵد ترامپ ئەڵقەیان بەستبوو بۆ دڵنیابوون لەو پشکە کەمەی کە چاوەڕوانیدەکەن لە سودەکانی شەڕی نابەرانبەر و کارەساتباری خاک و خەڵکی ئۆکرانیادا پێیان ببەخشرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار