بۆچی "قەسیدەی نیشتیمان"ی بەختیار عەلی بەشێكی دانەبڕاوە لە یادەوەریمان؟

5 كاتژمێر لەمەوپێش



کارزان عەزیز

ئەوەی تابلۆی گرد و سەوزایی و دۆڵ و دەشتەكانی سلێمانی و هەولێر لە یادگەماندا دەگۆڕێت بۆ ڕەنگی دوكەڵ و دەنگی فیشەك، گەڕەكەكان لە پانتایی پێكەوەژیانەوە دەگۆڕێت بۆ مەیدانی جەنگ، و شەقامەكان لە وێنەی خۆڕاگری و خۆپیشاندانەوە دەكات بە مەیدانی زرێپۆشەكان، ئەوانەن كە لە ڕشانەوەی تراژیاكانی پێشترەوە هاتوونەتە دەرەوە و بەم زەمین و خاكەوە بەجێماون و چەسپیون. هەر یەكەشیان لە ترسی خۆیاندا بە گرد و بەرزاییەكی جوانی ئەم وڵاتەوە نوساون و كردویانن بە سەربازگەی هەزار پێچ و پەنا. بە ڕاستی، ئەو دەمەی ڕۆژ دەگاتە ئێوارە، ڕوو دەكەیتە شاخی گۆیژە و دەنواڕی، نە عەرشی پەروەردگارت لێ دیارە، نە دامەنی وەك بەهەشتی ئاودارە، بەڵكو ماڵ و موڵك و دەزگای سەركوتكەری بنەماڵە و بینا بەرزەكانی كۆمپانیاكانیانە.

جێگای داخە مێژووی پڕ لە ڕووداو و تراژیدیای ئێمە-مێژووی زیاد لە سەد ساڵەی پڕ لە كارەسات - هێشتا گاڵتەجاڕانە خۆی دووبارە دەكاتەوە. ئەوەشی ناوی كوردستانی باشورە لە سێ دەیەی خود-فەرمانڕەواییدا نەیتوانیوە ئومێد و چەترێك بێت بۆ دانیشتووانەكەی. بەداخەوە هەر لە شەڕی ناوخۆوە تاكو گەندەڵی، بێكاری، بێمووچەیی، و دەیان تراژیدیای دیكە، و ڕووداوەكانی ئەم دواییەی شەڕە ناوخۆییەكانی یەكێتی و پارتی و خێڵ و باڵەكانی دەوروبەریان بوون بە پەڕەیەكی ڕەشی دیكە لەو تۆمارە مێژووییەی كە پێدەچێت زۆرینەمان ساڵانێكە تێێدا خەون بە هەڵهاتنی ڕۆژێكی نوێوە ببینین تێیدا. 

تۆماس كارلایل پێیوایە ئەو خەڵك و نەتەوانەی كە مێژوویان خاڵییە لە ڕووداوەكان دڵخۆشن. زیاد لە سەدەیەكیشە كەم میلەتێك هەیە هێندەی كورد مێژووی پڕ لە ڕووداو وتراژیدیا بوو بێت. حوكمڕانیی كوردی نەك هەر نەیتوانیوە جیهانێكی بێ ڕووداو و بێ هەڵبەز و دابەز بۆ خەڵكانی بەشێكی ئەوەی ناوی خاكی كوردستانە بخوڵقێنێت، بەڵكو توانیویەتی لە باشترین دۆخدا بەردەوامیی بە ڕووداوە پڕ لە ستەمكارییەكانی ڕژێمەكانی پێش خۆی بدات. ئەوەش ڕاستە كە هیچ میلەتێك خاوەنی مێژوویەكی بێ ڕووداو نییە، بەڵام خۆ میلەتان بە هەنگاو و ساتەوەخی ئارامی و هێمنی و ئومێدیشدا تێپەڕیون. 

لەمەدا بووم، دوور لە بیركردنەوە لە شیعر و ئەدەبیات، قەسیدەی نیشتیمانی بەختیار عەلی بێ لە دەرگادان خۆی كرد بە ماڵی بیركردنەوەمدا و وشە و ڕیتمەكانی دەهاتن و دەچوون. 
پرسیاری ئەوەم بۆ دروست بوو، ئایا نیشتیمانێك كە نەیتوانی بێت لەدوای سێ دەیە ئەم قەسیدەیەی بەختیار عەلی تێپەڕێنێت و لەبیرمی بەرێتەوە، گاڵتەجاڕیی نەبێت چییە!

ئەوانەی ئێستاکە تفەنگ بەڕووماندا هەڵدەگرن
لە ساڵۆن و کتێبخانەکاندا.. جگەرەمان لێ قەدەغە دەکات

ناهێڵن بچینە ئاهەنگ و سینەماکان
هەر ئەوانە بوون کە جاران گوڵ و بوکەشوشەیان پێبوو
منیش ئێستا، ئەو گوڵ و بوکەشوشانەم دەوێت

لە مناڵیمدا.. ژوورەکان زنجێکی ئێجگار گەورە بوون
ئێستاش سەگە دڕەکانی ئەودیوی تەلبەندە گەورەکانم لە پێش چاوە
ئەی وڵاتم.. دەترسم... ئێجگار دەترسم

تێر بمنێ بەسینەتەوە
ئەم بارووت و سوار و وەرزییە وەک ئەسید دەڕژێت بەسەرمدا و دڵم پڕ بووە لە گریان
نازانم زێرابەکان پاک و بێگەردترن یان ئەو بازاڕانە

کچ و ئەسپێی زیندانەکان... ماری پیری سەر غەزنەکان
بەڕەحم و بەوەفاترن یان ئەم دڵاڵ و سووخۆرانە. !
کە لێمدەنواڕن.. دەڵێی دڵم دەجوون و تفی دەکەنەوە سەر شۆستەکان.

بەڵام کەچی ئەوانن ئێستاکە(ئەی ڕەقیب)ە کانت دەخوێنن
ئەوانن نەخشەی بازاڕ و شەقام و چارەنووست دەکێشن
ئێمەش وەک سواڵکەرێکی چڵکن

سووک و باریک لە دەرگاکەی پشتەوە بەپاڵ کراوینەدەرێ.
ئەی وڵاتم
من ئاواتی بێ سەرەوبەرم نییە
داوای ئەستێرەی شین و کەڵەشێری ئاڵتونم لێنەکردوویت
نەمگووتووە..

وەک منداڵێکی شەرمن، دەستم بگرە و ببمە بەر تاڤگەکانت
نەمگووتووە.. ببمە بۆ هاوینەهەوارەکانت
ئەو هاوینەهەوارانەی
لەسەر بەرگی قاوغەشقارتەکانت نەبێت، نایانبینم

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار