ئەو مەعریفەیەی لە نارەزایەتیدا ناوترێت

6 كاتژمێر لەمەوپێش
د. ئەحمەد فاتح محەممەد
خۆپیشاندانی ڕۆژی 20ـی ئابی 2025ـی مامۆستایان و فەرمانبەران لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژئاوا، چیرۆکێکی قوڵ دەنوێنێت لەبارەی ماهیەتی ناڕەزایەتی سیاسی و پەیوەندیی بە هیوا و بێهیوایی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا.لە روویی فەلسەفییەوە ئەنتۆنیۆ گرامشی ئەمە بە“هەژموونی کەلتووری” ناوزەد دەکات. دەسەڵات تەنها بە زەبروزەنگ خۆی ناپارێزێت، بەڵکو لە رێگەی دروستکردنی دۆخێک لە کۆدەنگیی کۆمەڵایەتی و تەسلیمبوونی دەروونییەوە ڕازییبونی خۆیان بەو دۆخە نیشان دەدەن. کەمیی بەشداربووان لە خۆپیشاندانەکەدا مانای بێباکیی نییە، بەڵکو بەرهەمی پرۆسەیەکی ئاڵۆزی ئاساییکردنەوەی ستەم وچەوساندنەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە، ئیتر پرۆسەکە دەگۆڕدرێت بۆ بێ متمانەبوون لە ماهییەتی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان
ئەم دیاردەیە، لە دەرونناسی کۆمەڵایەتییدا چەمکی «ڕاهێنانە لەسەر بێ دەسەڵاتی»، کە تێیدا تاکەکان لە رێگەی ئەزموونە دووبارەکانی شکستەوە فێردەبن کە هەوڵەکانیان کاریگەریی لەسەر ئەنجامەکان نییە. ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی لە خۆپیساندانەکەدا بەشدار نەبوون، گوزارشت لە بێهیواییەکی قووڵ دەکەن لەوەی گۆڕانکاریی لەم رێگەیەوە نایەتە دی، یاخود گوزارشتکردنە لە رەتکردنەوەیەکی شاراوەی میکانیزمە تەقلیدییەکانی ئۆپۆزسیۆن کە بە بێهوودە یان بەساختە ودەستی دەسەڵاتی دەبینن.
بەڵام ئەم بێدەنگییە لەناواخندا شێوازێک لە بەرگرییش لەخۆدەگرێت. هەروەک میشێل فۆکۆ لە دەسەڵات و بەرگرییدا ئاماژەیی پێدەدات وەک دوو رووی یەک دراو بن. رەتکردنەوەی بەشداری لە خۆپیشانداندا لەوانەیە خۆی لە خۆیدا هەڵگری پەیامێک بێت: ئەویش رەتکردنەوەی ئەو گەمەیە بێت کە هاووڵاتیان بە بۆش و بەتاڵکراویی دادەنێن لەمانا.
لەلایەکی ترەوە، ئەم وێنەیە پرسیارێکی بنەڕەتی دەورووژێنێت دەربارەی ماهیەتی کار و کەرامەتی مرۆڤ، مامۆستایەک کە مووچەیەکی دادپەروەرانە وەرناگرێت، تەنها قوربانیی سیستەمێکی ئابووری نییە، بەڵکو قوربانیی سیستەمێکە کە بەهای کۆمەڵایەتیی پەروەردە و زانیاری تێک و پێک دەدات. لێرەدا دەنگدانەوەی بیرۆکەکانی کاڕڵ مارکس دەربارەی نامۆبوون دەبینین، بەڵام نەک تەنها نامۆبوونی کرێکار لە بەرهەمەکەی، بەڵکو نامۆبوونی کۆمەڵگە لە بەها بنەڕەتییەکانی خۆی.
ئەم دیمەنە بانگەشەیەکە بۆ بیرکردنەوە لە مانای ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە ئۆپۆزسیۆنێک کە ئەمڕۆ گەل متمانەی بە فیگەرەکانی سۆشیال میدیا نەماوە. لەوانەیە ئامادەنەبوون لە خۆپیشانداندا هاوارێکی بێدەنگ بێت کە داوای شێوازی نوێی خەباتی سیاسی دەکات، شێوازگەلێک کە ڕێوڕەسمە تەقلیدییەکانی ناڕەزایەتی تێپەڕێنن و بەدوای رێگەی کاریگەرتردا بگەڕێن بۆ هێنانەدیی ئەو گۆڕانکارییەی کە داواکراوە.

