شۆرباکەی ئۆجەلان؛ سوێرە یان بێ خوێ

6 كاتژمێر لەمەوپێش



بەشی نۆیەم 
ئیبراهیم شێخ وەسانی
١
لەلای عەبدوڵا ئۆجەلان «دەوڵەتی نەتەوەیی، سەرمایەداری، زانستی پۆزەتیڤیستی» بناغەی مۆدێرنێتەی سەرمایەداریین، بەڵام (بەبڕوای ئەو پارێزەری سەرەکی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری پۆزەتیڤیزمە.)
پۆزەتیڤیزم؛ فەلسەفەی زانستە
٢ 
عەبدوڵا ئۆجەلان رەخنە لە زانستی پۆزەتیڤیستی دەگرێت .
(ئۆجەلان جەخت لەسەر سنوورداربوونی زانست بەهۆی پۆزەتیڤیزم دەکاتەوە)
٣
عەبدوڵا ئۆجەلان وایدەبینێت پۆزەتیڤیزم فۆڕمێک لە زانست بەرهەمدێنێ کە ئەو ناویدەنێت "زانستی تەسک"
(ئۆجەلان پێیوایە زانست بەهۆی دونیابینی پۆزەتیڤیزمەوە خەلەلی تێدایە، کەموکوڕی هەیە)
٤
لەلای عەبدوڵا ئۆجەلان ئەوە فەلسەفەی پۆزەتیڤیزمە وایکردووە کە زانستە کۆمەڵایەتیەکانی وەک "سۆسیۆلۆژی، تیۆلۆژی، سایکۆلۆژی، ئەنترۆپۆلۆژی" وەک زانستە سروشتیەکانی "فیزیا، کیمیا، ماتماتیک، بایۆلۆجی، ئەستێرەناسی، جیۆلۆجی" بەپێی لۆژیکە ماتماتیکیەکان مامەلەیان لەگەڵ بکرێت.
(ئۆجەلان لەوباوەڕەدایە کۆمەڵناسی پۆزەتیڤیست بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵگە هەمان میتۆدی لێکۆڵینەوە لە زانستە سروشتییەکان بەکاردێنێ، بەو میتۆدەی کە لێکۆڵینەوە لە بەرد و ئەتۆمەکان دەکات لێکۆڵینەوە لەسەر کۆمەڵگە دەکات)
٥
لەدیدی عەبدوڵا ئۆجەلان لێکۆلینەوە لە واقیعی کۆمەڵایەتی کە پڕە لە "مانا، نۆرم، پراکتیکی رەمزی، دەزگا، دامەزراوە، مێژوو" جیاوازە لە پرۆسەی کارلێکە ماددیەکانی زانستە سروشتییەکان، چونکە دیاردە کۆمەڵایەتیەکان ناتوانرێت دووبارە بکرێنەوە و بپێورێن.
(ئۆجەلان پێیوایە ناتوانیین لە رێگەی ئەو داتا و ئامارانەی لە میتۆدی لێکۆلینەوە لە زانستە سروشتییەکان بەکاردەهێنرێت رەهەندە ئەخلاقیەکانی مرۆڤ بپێویین)
٧
عەبدوڵا ئۆجەلان وایدەبینێت کۆمەڵناسی پۆزەتیڤیست حیساب بۆ رۆڵی "کولتوور، مێژوو، سیاسەت، ئایین" ی کۆمەڵگە ناکات، بۆیە ناتوانێت بەتەواوی لە کۆمەڵگە تێبگات و مانا و ئازادی ژیانی کۆمەڵایەتی روونبکاتەوە.
(بۆیە ئۆجەلان وایدەبینێت بەرهەمی زانستی پۆزەتیڤیستی لە رەهەندە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا ناتەواوە)
٧
عەبدوڵا ئۆجەلان لەوباوەڕە دایە بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵگە لە رێگەی زانستە کۆمەڵایەتیەکان پێویستە «هەست، بەها، ئازادیی مرۆڤەکان» لەبیرنەکرێت.
(لە روانگەی ئۆجەلان وەڵامی پرسیارەکانی« مرۆڤەکان چۆن مامەڵە دەکەن، چ بەهایەکیان هەیە، بەدوای چ ئازادییەکدا دەگەڕێن» بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکان گرنگ پێویستن)
٨
عەبدوڵا ئۆجەلان دژایەتی ئەو بانگەشەیەی زانستی پۆزەتیڤیستی دەکات کە پێیوایە دەتوانرێت بەتەواوی واقیعی کۆمەڵایەتی بە هەمان لۆژیکی زانستی سروشتی لێکبدرێنەوە.
(لەدیدی ئۆجەلان مامەڵەکردن لەگەڵ زانستە کۆمەڵایەتییەکان وەک ئەوەی هاوشێوەی زانستە سروشتییەکان بن هەڵەیە)
٩
عەبدوڵا ئۆجەلان قەناعەتی وایە پۆزەتیڤیزم کۆمەلناسی دەکاتە « بابەت» بەشێوەیەکی بابەتیانە لێکۆلینەوە لەسەر کۆمەلگە دەکات.
(لە روانگەی ئۆجەلان بە بابەتیکردنی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و مامەڵەکردنیان وەک راستییە فیزیایەکان کارێکی بێلایەنانە نیە، دەرئەنجامی ئایدیۆلۆژی لێدەکەوێتەوە)
١٠
عەبدوڵا ئۆجەلان پێیوایە نابێت ژیانی مرۆڤ بە «بابەت»ی بکرێت، چونکە بابەتیبوون دەرفەتی تێگەیشتنی لە رەهەندەکانی "بەها، هەست، ئازادی" لەباردەبات.
(ئۆجەلان لەوباوەڕەدایە کۆمەڵناسی پۆزەتیڤیزم ئەو رەهەندانە تەخت دەکات بۆ "ڕاستی"ی پێوانەکراو، بەمەش ئەو شتانە دەسڕێتەوە کە کۆمەڵگەکان لە رووی کۆمەڵایەتییەوە تێگەیشتوو و سیاسی دەکەن)
١١
عەبدوڵا ئۆجەلان لەو باوەڕەدایە ناکرێت بابەتیانە هەموو حەقیقەت و راستی زانستە کۆمەڵایەتیەکان تەنها لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی داتایە کرداری و مەیدانیەکان ئاشکرا بکرێت.
(چونکە لە دیدی ئۆجەلان میتۆدی زانستی پۆزەتیڤیزم ناتوانێت بە تەواوی ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتییەکان ڕوون بکاتەوە و پەیوەندییەکانی نێوان هێزە ئایدیۆلۆژییەکان و کۆمەڵگە کەشفبکات)
١٢
عەبدوڵا ئۆجەلان وایدەبینێت بە بابەتیکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی، زانستی بەرەو دۆگماتیزم برد، زانستی پۆزەتیڤیستی بەپێچەوانەوەی بانگەشەکانی بۆ لۆژیک گەورەترین دۆگماتیزمی لێکەوتەوە.
(ئۆجەلان پێیوایە پۆزەتیڤیزم لەرێگەی بابەتیکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی، چیرۆکی راستەقینەی مرۆڤ دەسڕێتەوە، وادەکات کۆمەڵگە تەنها وەک ئامێرێک دەرکەوێت نەک واقیعێکی زیندو و ئازاد و مانادار)

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار