ئەو بێدەنگییەی سلێمانی

5 كاتژمێر لەمەوپێش
عەزیز ڕەئووف
زۆرجار شەڕ و قەیرانە سیاسیەکان نەک بە تەنها توندوتیژی و وێرانکاری، بەڵکو بێدەنگیش لەگەڵ خۆیدا دێنێت، بێدەنگی شار و دامەزراوەکان و ئۆپۆزسیۆن و کۆی چین و توێژەکان، لە هەمووی بە ئازارتر بێدەنگی ڕۆشنبیرانە.
سلێمانی کە ناوەندێکی مێژوویی ڕۆشنبیری و سیاسییە لە باشوری کوردستان و لە دوو دەیەی ڕابردوودا کە لانکەی میدیای ئازاد و ئۆپۆزسیۆن و شەقام بووە، لەم کاتەدا ئەو بێدەنگییە فراوانە پرسیاری قووڵ هەڵدەگرێت. بۆچی ڕۆشنبیران، لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، تەنانەت لە شەڕی ناوخۆی نەوەدەکانیشدا ڕۆڵیان لە هۆشیاری نەتەوەیی و کولتووریدا هەبوو، ئەی بۆ لەم ساتە تاریک و پڕ قەیرانەدا بێدەنگن؟
بێدەنگی لە سەردەمی شەڕ و قەیرانەکاندا تایبەت نییە بە سلێمانی. میشێل فۆکۆ ئەوەمان بیردەخاتەوە کە بێدەنگی تەنیا نەبوونی قسەکردن نییە بەڵکو فۆرمێکە لە گوتار و لە ڕووی سیاسییشەوە مانادارە. بەڵام ڕەنگە بێدەنگی لە کوردستان و بەتایبەتیش لە سلێمانی، ترسێک پیشان بدات لە فۆرمێک لە سەرکوتکردن و پارچەپارچەبوون و ماندووبوونی شارێک کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا بەرگەی توندوتیژی و نائارامی و شڵەژانی گرتووە.
هانا ئارێنت، لە لێکۆڵینەوەکیدا لەبارەی تۆتالیتاریزمەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە “ڕادیکاڵترین شۆڕشگێڕ ڕۆژێک دوای شۆڕش ئەگەری ئەوەی تیایە ببێتە ستەمکار.” ئەو دۆخەی سلێمانی بەرهەمی کوڕانی باوکە بەناو شۆڕشگێرەکانن کە سەردەمێک لە چیاکان خەونی گرتنەدەستی دەسەڵاتیان هەبووە و لە ئیستادا کوڕەکانیان کۆی هەولەکانی شۆڕش لە شاردا دەکوژن.
ڕۆڵی ڕۆشنبیران لە کاتی قەیرانەکاندا ئەوەیە کە لە بەرامبەر بە دەسەڵات توانای دەنگهەڵبڕین و قسەکردنیان هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێکیان لە ئیستادا بێدەنگن. ئێدوارد سەعید جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ڕۆشنبیری ڕاستەقینە "تاکێکە کە توانای نوێنەرایەتیکردن و بەرجەستەکردن و خستنەڕووی پەیامێک، ڕوانگەیەک یان هەڵوێستێکی دیاریکراوی هەیە." لای ئێردوارد سەعید بێدەنگی لە بەرامبەر نادادپەروەریدا خیانەت لەم بەرپرسیارێتییە دەکات. لە سلێمانی بێدەنگیی ڕۆشنبیران لە ئاست کردەی سیاسییەکان، ڕەنگە جۆرێک لە بێهیوایی و نائومێدی لێ بکەوێتەوە.
بەڵام ناشبێ بێدەنگی بە گرنگ نەبینین. پیێر بۆردیۆ باس لەوە دەکات کە قسەکردن دەتوانێت مەترسی ڕاستەقینە بەدوای خۆیدا بهێنێت. لە کۆمەڵگەیەکدا کە پڕە لە میلیشیا و حیزبی پاوەنخواز، ڕەنگە بێدەنگی جۆرێک بێت لە بەرخۆدان، ئەمەش وا دەکات ڕۆشنبیران خۆیان لە لایەنداری بۆ هێزێکی دیاریکراو بپارێزن، یان ئەو قەیرانانەی کە دەسەڵات خۆیان بە ئەنقەست دروستی دەکەن، وا بکات ڕۆشنبیران خۆیانی لێ بەدوور بگرن.
ژان پۆڵ سارتەر لە کتێبی ئەدەب چییە؟ ئەوەمان بیردەخاتەوە کە نووسین و قسەکردن لە کاتی قەیرانەکاندا ئیشکالی گەورە لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت: "نووسەر لە سەردەمی خۆیدا هەڵکەوتووە؛ هەموو وشەیەک کاردانەوەی هەیە. هەروەها بێدەنگییش." بە دیدی سارتەر بێدەنگی هەرگیز بێلایەن نییە، بەڵکو بێدەنگی بۆخۆی کردەوەیەکی سیاسییە.
سلێمانی کە سەردەمانێک لە کوردستان بە "پایتەختی ڕۆشنبیری" ناودەبرا، ئەمڕۆ لە سەردەمی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکاندا بێدەنگییەکەی مایەی لەسەروەستانە. بێدەنگیی ڕۆشنبیران دەتوانێت ڕەنگدانەوەی پارچەپارچەبوونی پڕۆژەی سیاسی و ناسیۆنالیستی کورد بێت، بێهیوایی لە سەرکردە سیاسییەکان، یان ماندوێتی دوای شەڕ و قەیرانە یەکلەدوا یەکەکان. ئەنتۆنیۆ گرامشی باسی لە "قەیرانی دەسەڵات" دەکرد کە "کۆن دەمرێت و نوێ لەدایک نابێت". ڕەنگە بێدەنگیی ڕۆشنبیرانی سلێمانی بە وردی ئاماژە بەوە بکات کە: ساتێک کە قسەکردن ڕادەگیرێت و بێدەنگی دێتە ئاراوە چونکە داهاتوو تەواو نادیارە.
هەرچۆنێک بێت بێدەنگی سلێمانی لە کاتی ئەم قەیران و نائارامی و بە میلیتاریزەکردنی شاردا، دیاردەیەکی قووڵی سیاسییە. بێدەنگیی ڕۆشنبیران دەتوانێت ڕەنگدانەوەی ترس و ماندوێتی و تەنانەت بەرخۆدانیش بێت. بەڵام پیشەی ڕۆشنبیران بەگشتی بەرەنگاربوونەوەی بێدەنگییە، قسەکردنە کاتێک قسەکردن مەترسییە و ناکرێت ڕۆشنبیران لە دۆخی لەم شێوەیەدا بێدەنگ بن. بۆ سلێمانی و ناوبانگی ئەم شارە وەک شاری ڕۆشنبیری، بێدەنگیی ڕۆشنبیران مەترسی ئەوە دروست دەکات کە شارەکە بە لاوازی و بێدەنگی بمێنێتەوە وەک ئەوەی فۆکۆ بە "جەستەیەکی گوێڕایەڵ"ی مێژوو ناوی بردووە. کەواتە کردەی ئەخلاقی ئەوەیە کە بێدەنگی بگۆڕدرێت بۆ قسەکردن، ئەمەش لانی کەم بۆ ئەوەی شاری سلێمانی وەک شارێکی کولتووری و بەرخۆدان بمێنێتەوە

