قەوارەی کوردستان لە خەونی عێراقێکی شکستخواردوودا

4 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕێبوار حەمەلاو شوانی
ئه‌و عێراقەی دوور له خواستی گه‌لی كورد، له‌به‌ر به‌رژەوه‌ندیی زلهێزان و له‌لایه‌ن كۆلۆنیالێزمی بەریتانی و فه‌ره‌نسی دوای تێكشكانی عوسمانییه‌كانه‌وه و به‌پێی چه‌ند په‌یماننامه‌یەكی شوومی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه دروست كرا، دواتر دانی پێدا نرا، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به كوشتن و كوده‌تای سه‌ربازی دژی ده‌سه‌ڵاتی شاهانه له‌لایه‌ن عه‌بدولكه‌ریم قاسمه‌وه له ساڵی 1958 بووه خاوه‌ن یه‌كه‌م ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی. عێراقێك كه هه‌رگیز به‌رگی دیموكراسی و باوه‌ڕبوونی به مافی گه‌ل و پێكهاته‌كانی نێویدا نه‌بووه و پشتگوێی خستووە، به‌تایبه‌تی هه‌ر ئه‌وكاته‌ش گه‌لی كورد، كه گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه بوو له چوارچێوه‌ی عێراقدا، وه‌ك كه‌مینه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرا، هه‌رچه‌نده له داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق له ساڵانی 1958 تا 1968 گه‌لی كورد وه‌ك هاوبه‌شێكی ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب ناسێندرا، به‌ڵام ته‌نها له چوارچێوه‌ی دروشم‌دا مایه‌وه و تا ڕێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئاداری 1970 كه شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول دوای 9 ساڵ شۆڕش و خه‌باتی چه‌كداری، توانیی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و كاته‌ی عێراق ناچار بكات ئۆتۆنۆمی بۆ گه‌لی كوردستان به‌ده‌ست بێنێت.
ئێستاش و دوای 20 ساڵ، وێرای ئه‌وه‌ی مافه‌كانی گه‌لی كورد وه‌ك دووه‌م گه‌وره نه‌ته‌وه له چوارچێوه‌ی عێراقێكی فیدڕاڵی‌دا جێگیر كراون، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بڕیاری دادگه‌ی فیدڕاڵییش داوا كراوه بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ماف و شایسته داراییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا ته‌نها یه‌ك مادده‌ی ده‌ستووریی تایبه‌ت به گه‌لی كوردیان جێبه‌جێ نه‌كردووه و دیارترینیان مادده‌ی 140ی ده‌ستووریی تایبه‌ت به ناوچه داگیركراوه‌كانی كوردستان، ده‌ستوه‌ردانی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق به ڕێگه‌ی دادگه‌ی فیدراڵی هه‌ر به لابردنی كورسیی كۆتای كه‌مینه‌كان، دابه‌شكردنی كوردستان بۆ چوار بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن و ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌پێن به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیدارن به‌وه‌ی عێراق خه‌ونی خراپ به كوردستانه‌وه ده‌بینێت.
ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت بڵێم به‌م ئاماژه‌دانه‌ی خواره‌وه، عێراق پاشگه‌ز بووته‌وه له پابه‌ندبوون به ده‌ستوور و بنه‌ماكانی فیدڕاڵی كه له چه‌ند خاڵێكدا ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ین و بریتین لە:
یه‌كه‌م: خۆدزینه‌وه له ده‌ركردنی یاسا گومرگییه‌كان كه به‌پێی مادده‌ی 114ی ده‌ستوور ده‌سه‌ڵاته هاوبه‌شه‌كانی نێوان حكوومه‌تی فیدڕاڵی و هه‌رێمی كوردستانی به شێوه‌ی هاوبه‌شیكردن و سه‌رپه‌رشتیكردن دیار كردووه.
دووه‌م: وێرای ئه‌وه‌ی مادده‌ی 140ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق، ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكاری پابه‌ند كردووه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوی پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی سه‌رجه‌م بڕگه‌كانی مادده‌ی 58ی یاسایی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت بۆ قۆناغی گواستنه‌وه كه ته‌واوكه‌ری ئاساییكردنه‌وه‌ی ره‌وشی ئه‌و ناوچه داگیركراوانه و ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری و گه‌یشتنه به ئه‌نجامدانی ڕێفراندۆم له كه‌ركووك و ناوچه داگیركراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام له‌دوای ساڵی 2007 وه تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێكی بۆ جێبه‌جێكردنی نه‌نراوه.
سێیه‌م: له‌باره‌ی پرسی نه‌وت و غاز به‌پێی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق و مادده‌كانی 111 و 112 كه ئاماژه‌ی به‌وه كردووه نه‌وت و غاز موڵكی گشتیی هاووڵاتییانی عێراقه، ده‌سه‌ڵات ده‌دات به حكوومه‌تی فیدراڵی و هه‌رێمی كوردستان و پارێزگا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان، تا بتوانن له كێڵگه‌كانی ئێستا به‌ڕێوه ببه‌ن، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌وپێیه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌و سه‌رچاوانه به‌ڕێوه ببات.
چواره‌م: ئه‌وه‌ی ئێستای حكوومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر به كوردستان ده‌یكات سیاسه‌تی زۆرینه‌ی عەرەبی شیعه‌یه كه ڕێكاری یاسایی و ئابووری گرتووەته‌به‌ر بۆ به‌هێزكردنی پێگه و سه‌پاندنی هه‌ژموونی خۆی، به‌تایبه‌تی له پرسی بودجه و مووچه‌دا، ده‌سه‌ڵاتدارانی بودجه وه‌ك كارتێكی فشار دژی كوردستان به‌كار دێنن و به‌شه بودجه و مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستانیان ڕاگرتووه، بۆیه خۆدزینه‌وه له ده‌ستوور به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئاماژه‌یه به خه‌ونی هێز و لایه‌نه سیاسییه عەرەبە شیعه‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ سیستمی ناوه‌ندگه‌رایی تاكڕه‌وی و هه‌وڵێكی به‌رده‌وامه بۆ نه‌هێشتنی قه‌واره‌ی یاسایی و ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستان و لاوازكردنی سه‌نگ و پێگه‌ی سیاسی و ئابووری.
پێنجه‌م: ئه‌و جۆره بیركردنه‌وه و فشارانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق، مامه‌ڵه‌كردنیان به بیر و فیكری فاشیزمی چه‌ند حزبی عه‌ره‌بی، ڕێگریكردن له جێبه‌جێكردنی فیدڕاڵی و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ماف و پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنی كوردستان و سه‌ربه‌خۆیی ئابووری و فرۆشتنی نه‌وتی كوردستان، هه‌ڵبه‌ته شاراوه نییه، زۆر له‌و گرووپ و لایه‌نانه له‌ژێر كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی ئێران دان، به‌تایبه‌ت له بواره‌كانی تایبه‌ت به نه‌وت و غاز و به‌تایبه‌تی دوای ئه‌و گرێبه‌سته‌ی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا له بواری غازی كوردستان، فشاری لایه‌نه شیعه‌كان و گوشاری ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان زیاتر كرد.
شه‌شه‌م: ئه‌وه‌ی ئێستا له زهنییه‌تی سیاسه‌ته‌كانی عێراق به‌رامبه‌ر به كوردستان ده‌بینرێت، جێبه‌جێكردن و پابه‌ندبوون نییه به ده‌ستووری هه‌میشه‌یی ساڵی 2005، به‌ڵكوو ته‌نیا مانۆرێكی سیاسییه و دادگه‌ی فیدراڵییش ڕێگه خۆشكه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی عێراق زیاتر به‌ره‌و تاكڕه‌وه‌ی و ناوه‌ندگه‌رایی له ده‌سه‌ڵات هه‌نگاو بنێت، تاكوو عێراق ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر كوردستاندا بسه‌پێنێت، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه به‌و راستییه‌ی، عێراق به هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی به بیرێكی فاشیزمانه هه‌وڵی شكستپێهێنان به پرۆسه‌ی فیدراڵیزمی عێراق به ئاڕاسته‌ی سه‌نترالیزمی یا ناوه‌ندی داوه.
بۆیه، تاكوو بابه‌ته ده‌ستوورییه‌كان چاره‌سه‌ر و جێبه‌جێ نه‌كرێت، ئیراده‌یه‌كی سیاسی بۆ دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌شێوه‌ی یاسایی و ده‌ستووری نه‌بێت، عێراق هه‌نگاوی مه‌ترسیدارتریش دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌هاێژێت. به‌دڵنییایه‌وه به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی خولی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق، هه‌ڵوێسته‌كانیان دژی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان خراپتر ده‌بێت، به‌تایبه‌تی دژی ڕێزدار مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان، چونكه ئه‌وانه هه‌ڵگری هه‌مان زهنییه‌تی فاشیزمین و چاویان به هه‌نگاوه‌كانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی كوردستان بۆ زیاتر پێشخستن و گه‌شه‌پێكردن و فه‌راهه‌مكردنی ئاینده‌یه‌كی خۆشگوزه‌ران و ڕووناك و ئاوه‌دان بۆ گه‌لی كوردستان هه‌ڵنایه‌ت و ده‌بێت گشت هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستانی خۆیان ساز و ئاماده بكه‌ن بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و زهنییەته فاشیزمه‌ی له عێراق هه‌موو شتێكی ته‌نیا بۆ خۆی ده‌وێت و باوه‌ڕی به مافه ره‌واكانی گه‌لی كورد نییه.

