ناوبانگ هاوسەنگییەکی ناسک لەنێوان بنیاتنان و داڕمان

8 كاتژمێر لەمەوپێش
جەودەت سۆفی
" ساڵانێکی زۆری دەوێت بۆ دروستکردنی ناوبانگ یاخود سومعه، به‌ڵام چەند چرکەیەک به‌سه بۆ داڕمانی". ئه‌مه مه‌سه‌لێكی ڕۆژاواییه. كوردیش ده‌ڵێ: (ناو و ناوبانگ، به‌گوێڕا ده‌چن)، واته ناو و ئابڕوو زۆر خراپن، ئاگر ده‌گرن، به هه‌موو شتێك تێك ده‌چن.
ئەم دوو ماکسیمە جەخت لەسەر ناسکیی ناوبانگ (سومعه) دەکه‌نەوە، جا تاکەکەسی بێت یان کۆمەڵ. لە چوارچێوەی كۆمه‌ڵگای کوردی‌دا کە بە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییە قووڵەکان ناسراوه، ناوبانگ بەستراوەتەوە بە دڵسۆزی بۆ دۆزی هاوبەش. بەڵام ئەم ناوبانگە دەتوانرێت لە چرکەیەکدا بە تۆمەتی خیانەت لەناو بچێت، به‌تایبه‌تی كه چه‌ند ساڵێكه کۆمەڵگای کوردی بە قۆناغێکی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و سیاسی‌دا تێدەپەڕێت، كه تیایدا داوای مافی نوێی دەربڕین و مافی تاک دەکات. ئەم بابەتە بەدواداچوون بۆ ئەم داینامیکییانە دەکات و جەخت لەسەر کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانیان دەکاتەوە له‌سه‌ر تاك.
ناوبانگ، یاخود سومعه بە تێپەڕبوونی کات، لە ڕێگەی یەکدەنگی و یەکپارچەیی و یەکگرتوویی کردارەکانەوە بنیات دەنرێت. بۆیه سومعه لە کۆمەڵگای کوردی‌دا زۆرجار لە پابەندبوون بە دۆزی دەستەجەمعی سیاسی، کۆمەڵایەتی، یان ئایینی‌دا سه‌ری هه‌ڵداوه و ده‌بێت به ڕەنگدانەوەی شوناسێکی بەهێز.
كۆمه‌ڵگای كوردیش هه‌روه‌كوو كۆمه‌ڵگای ڕۆژاوا، لەگەڵ سەرهەڵدانی سۆشیال میدیا و پەیوەندیی خێرا، هەڵەیەک یان جیاوازییه‌كی بیروڕا دەتوانێت ببێتە هۆی لەناوچوونی خێرای سومعه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه جێگه‌ی سه‌رنجه و تایبه‌تمه‌نده لە لای کورد، هه‌ندێ جار ئەمە دەتوانێت شێوەی تۆمەتی خیانەت بگرێتە بەر، هەڕەشە لەو یەکگرتووییە بکات کە وەک جەوهەری بۆ مانەوەی گرووپەکە هەستی پێدەکرێت. بۆیه سۆشیال میدیا ڕۆڵێکی دووفاقی دەگێڕێت، هەم هاودەنگی و هەم دابەشبوون گەورە دەکات.
لە کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکانیشدا، ناوبانگ بەهۆی هەڵوێستە جیاوازەکانەوە دەتوانێت بەتوندی تێکبچێت، بەتایبەتی لە سەردەمی سۆشیال میدیادا کە بۆچوونەکان لە یەک کاتدا و زۆرجاریش بە شێوەیەکی جەمسەرگیری بڵاو دەبنەوە. بۆ نموونه؛
ج.ک. ڕۆلینگ، نووسەری زنجیرەی هاری پۆتەر، بەهۆی لێدوانە مشتومڕاوییەکانی لەبارەی پرسە ڕەگەزگۆڕەکانەوە، ناوبانگەکەی بە شێوەیەکی جددی زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. هەرچەندە بەرگری لە ئازادیی ڕادەربڕینی خۆی دەکرد، بەڵام لەلایەن هەندێک لە ئەندامانی گشتی و کەسایەتییە کولتوورییەکانەوە بە ترانسفۆبیا تۆمەتبار کرا، ئەمەش بووە هۆی مشت‌ومڕ و دابەشبوونێکی بەرفراوان لەناو بنکەی هەوادارەکانیدا.
کۆڵین کایپەرنیک، یاریزانی پێشووی تۆپی پێی ئەمریکا، لە کاتی سروودی نیشتمانیدا، خۆی خسته سه‌ر ئەژنۆكانی و ناڕەزایی بەرامبەر بە دڕندەیی پۆلیس و جیاکاری ڕەگەزی دەربڕی. ئەم هەڵوێستە بووە هۆی ڕەخنەی توند و لەدەستدانی گرێبەستەکەی لە NFL و ناوبانگێکی زۆر جەمسەرگیری، هەندێکیان وەک پاڵەوان و هەندێکی دیکەیش وەک خیانەتکارێک بۆ میللەت سەرکۆنەیان کرد.
جینا کارانۆ، خانمە ئەکتەرێک کە بە ڕۆڵی سه‌ره‌كی لە یه‌كێك له فیلمەکان ناسراوە، دوای ئەوەی كه بۆچوونە سیاسییە مشتومڕاوییەکانی لە سۆشیال میدیادا بڵاوکردەوە، بووە هۆی ئەوەی کۆمپانیای لوکاسفیلم لە کارەکەی دووری بخاتەوە، ئەمەش مشتومڕێکی لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین بەرامبەر بە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی لێکەوتەوە.
ئەم نموونانە ئەوە دەردەخەن کە چۆن بۆچوونێکی ناکۆک دەتوانێت بەخێرایی ببێتە هۆی دوورخستنەوەی کۆمەڵایەتی یان پیشەیی، یان تەنانەت "لەناوبردنی" ناوبانگی مرۆڤ لەلایەن میدیاوە. هه‌ڵبه‌ته پێویست ناكات كه نموونه‌ی كوردی بهێنمه‌وه كه له‌لای گرووپێكی كۆمه‌ڵگاوه به چاوی خاین سه‌یریان ده‌كرێت، چونكه نموونه زۆرن.
هه‌روه‌كوو پێشتر ئاماژه‌مان پێی كرد، لەژێر کاریگەریی پەرەسەندنی میدیا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سۆشیال میدیادا، کۆمەڵگای کوردی تادێت زیاتر داوای ئازادیی ڕادەربڕین و ڕێزگرتن لە مافەکانی تاک دەکات. ئەم گۆڕانکارییە لە چوارچێوەی گرژیی نێوان نەریتەکان و خواستە مۆدێرنەکاندا ڕوودەدات و ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه. به‌ڵام به‌داخه‌وه له كۆمه‌ڵگای كوردیدا ئه‌مڕۆ گەڕان یاخود ویست بۆ دۆزینه‌وه‌ی هاوسەنگی لەنێوان یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و جیاوازیی بۆچوونەکان، به‌دی ناكرێن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌توانین بڵێین كه جێگه‌ی مشتومڕێكی ئاڵۆز و قووڵه.
هه‌ڵبه‌ته داڕمانی خێرای ناوبانگ ئازاری دەروونیی وەک فشار و دڵەڕاوکێ و گۆشەگیری لای تاكه‌كه دروست دەکات. لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە زۆرجار دەبێتە هۆی دوورخستنەوە و هەندێک جاریش توندوتیژی. بۆ ئەو کوردانەی تۆمەتبارن بە خیانەت به‌هۆی جیاوازیی بیركردنه‌وه، ئەم دەرەنجامانە بە تایبەتی توند و قووڵن و کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر ناسنامەی تاکدا هەیە.
ناوبانگ یان سومعه سەرمایەیەکی بەنرخە، كاتی زۆری ده‌وێ بۆ بنیاتنانی. به‌ڵام به ناسکی ده‌مێنێته‌وه. باری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی ئێستای کورد ئەوەمان بۆ دەردەخات کە چۆن سومعه دەتوانێت ببێتە پرسێکی وجوودی بۆ تاک و بۆ ده‌سته‌جه‌مع كه په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه به دۆزی سیاسیی كورده‌وه.
بۆیه لە ناو ئاڵۆزی و جه‌نجاڵی گۆڕانکاریه كۆمه‌ڵایه‌تیه خێراكاندا، کۆمەڵگەی کوردی دەبێت ئازادیی ڕادەربڕین و یەکگرتوویی ئاشت بکاتەوە، داوای لێبوردەیی و دیالۆگی زیاتر بکات.

