مەترسی سێكتەری تەندروستی و پزیشكی لە كوردستان

7 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەنوەر حسێن (بازگر)

ڕوونە كە زۆرینەی سێكتەر و دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان كێشەی زۆر و زەوەند، بەتایبەتی ڕۆتین و گەندەڵی و نابەرپرسیارێتی، جدیان هەیە، بەڵام لەناو ئەو فەرمانگە و سێكتەرانە؛ كەرتی تەندروستی یان وەزارەتی تەندروستی بەشێوەیەك لە مۆڕاڵ لای داوە، تەنها بیر لە پارە پەیداكردن و ساغكردنەوەی دەرمان و بازرگانی تەندروستی ناشەرعیین، بەتایبەتی كە ئەم كەرتە تا دێت لە كەرتی گشتی  و حكومی بەرەو ئەهلی و چاوچنۆكی زۆرتر دەڕوات.

پزیشكەكان، سوێندی ئەخلاقی دەخۆن، كە بە مۆڕاڵەوە كاربكەن و نهێنی پیشەكەیان بپارێزن و ڕێز لە نەخۆشەكانیان بگرن، بەڵام بەشێك لەو بەناو دكتۆرانە، زۆر بێ مۆڕاڵ و ناپیشەین.

- چەند چیرۆكێك هەیە، كە چەندە مامەڵەی ناپیشەیی لەگەڵ نەخۆشەكانیان دەكەن، كە ڕەنگە لێرەدا شوێنی باسكردنیان نەبێت.

- دكتۆرێكی تر لە نەخۆشخانەیەكی ئەهلی، بە مووچەیەكی باش كار بۆ خاوەن نەخۆشخانەكە دەكات، كەچی بۆ فەحسی پشكنینەكان بە نەخۆشەكان دەڵێ؛ ئێوارە وەرن بۆ عیادەكەی خۆم.
ئەوانە بەشوێنی خۆی.

ئێستا دانانی دەرمانخانە، كارێكە بووەتە بازرگانییەك تەنها بڕوانامەكەی سێ ملیۆن دینار دەكات، بازرگانییەك لەسەر حسابی خوێنی خەڵك.
ئێستا بازرگانی دەرمان لە سلێمانی و هەولێر بەدەست چەند كوڕ و كچێكی بەرپرسی ئەم وڵاتەوەیە.

ئەم كاسبییە حەرامە، مەگەر خۆیان بزانن چ سود و قازانجێكی تێدایە، چ بێ مۆڕاڵییەكی لە پشتەوەیە.

ماوە ماوە لە كوردستان مۆدێلی كار و سەرمایەگوزاریەكە، ئێستا مۆدێلی ئەوەیە چەند دكتۆرێك بە هاوبەشی موڵكێكی (2) ملیۆن دۆلاری بكڕن و (5) ملیۆن دۆلاری تێدا خەرج بكەن و نەخۆشخانەیەكی ئەهلی بۆ ڕاوڕووتی خەڵكی دروست بكەن (بێگومان هەموو نەخۆشخانەكان نا).

باشە پێنج دكتۆر، دە دكتۆر، چۆن دەتوانن بە (5-10) ملیۆن دۆلار نەخۆشخانەیەك دروستبكەن؟ ئەگەر لە گیرفانی نەخۆش بە ناشەرعی كۆیان نەكردبێتەوە، ڕەنگە بپرسی چۆن؟
زۆرینەی دكتۆرەكان بۆ (فەحس، تیشك، دەرمان، نەشتەرگەری و سۆنەر) لەگەڵ لایەنی دووەم شەریكن (40%) ئەو نەخۆشانە پێویستیان بە یەكێ لەم فەحسانە نییە، بەڵام لەبەر چاوچنۆكی و دەستكەوتنی پارە و شەریكی لەگەڵ لایەنی دووەم، نەخۆشی داماو دەنێرێت و ئێوارەش بەشی خۆی لە لایەنی دووەم وەردەگرێت.

- نەخۆش هەیە تەنها لەماوەی سێ ڕۆژدا (فەحس و سۆنەر)ی لە تاقیگەیەك كردوە، كەچی بۆ دكتۆری دوەم (هەمان فەحس و سۆنەر)ی بۆ دەنووسێت؟ بۆچی تەنها لە پێناو پارەكەی (لەم كارە بێ مۆڕاڵتر لە دونیادا هەیە؟).

گەر ئەم دكتۆرە لە ڕۆژێكدا (30) نەخۆش ببینێت، جگە لە پارەی سەردانی خۆی، بزانە چەندی دەستدەكەوێت؟ 
ئەوەش نا، موعیدی كاتژمێر (2:00) دەدەن بە نەخۆش، بەڵام خۆیان كاتژمێر (4:00) دێن، پێت ئەڵێن (3) نەخۆش لەپێشتەوەیە، بەڵام تۆ دەكەویتە كاتژمێر (6:00)، واتا جەنابی دكتۆر هەموو موعیدەكانی درۆیە و خەڵك و نەخۆش وەكو مێگەل سەیر دەكات و بەلایەوە گرنگ نییە تۆ كاتت چۆنە و چەندە، چونكە بەیانیان كاری نەخۆشخانەی حكومی هەیە، دواتریش چوە نەشتەرگەرییەكی بە پارەیەكی چەور كردوە، ئەنجا دێت بۆ عیادەكەی.
ڕەنگە بپرسن بڵێن، ئەی سەندیكای پزیشكان و وەزارەتی تەندروستی كاری چییە؟ زۆر جوانە موسیبەتەكە ئەوەیە، ئاوەكە لە سەرەوە بۆگەنی كردوە، ئەگەر نا چ پێوەرێك هەیە بۆ ئەم گرفتانە؟ كێ لەم دكتۆری نەخۆشخانانە دەپرسێت؟
نەخۆشێك چۆتە لای دكتۆرێكی پشپۆڕی گورچیلە بە موعیدی كاتژمێر (2:00) كاتژمێر (5:00) سەرەی دێت، فەحس و سۆنەری سێ ڕۆژی پێشتری لێ وەرناگرێت و بۆی تازە دەكاتەوە، تەنها لەبەر پارەكەی ڕۆژانە (30-40) نەخۆش دەبینێت.
بە زۆرێك لە نەخۆشەكان دەڵێت، ناهێڵم تاخیر بیت، وەرەقەیەك دەنووسێت بۆ سكرتێرەكەی كە فڵانەكەس زوو بكە ژوورەوە.

- بەڵام سكرتێرەكەی دەڵێ؛ ئەم دكتۆرەی ئێمە، ئەم نامەیە بۆ هەموو نەخۆشەكان دەنووسێت، منیش بووم بە فیلم بەدەست نامەكانییەوە، بە نەخۆشێك دەڵێ؛ كاكە ئەوە (10) وەرەقە لە نموونەی وەرەقەكەی تۆی بۆ ناردووم.

ئەم حیكایەتەی جەنابی دكتۆر، حیكایەتێكی محەمەد ڕەزا شای ئێرانم بیر دەخاتەوە، كە دەچێت بۆ واشنتۆن و لەگەڵ سورەیای خێزانی، كۆمەڵێك خشڵ و دیاری گرانبەهای پێشكەش دەكەن.
لەبەرامبەردا سەرۆكی ئەمریكا، بۆینباغێكی تایبەت پێشكەشی شا دەكات و پێی دەڵێ ئەمە گرانترین و بەهاترین دیاریە كە هی یەكەم سەرۆكی ئەمریكا و دەمەوێت پێشكەشی دۆستێكی ئازیزی وەك تۆی بكەم.

كاتێ شا دەگەڕێتەوە تاران و مەلیكی ئوردن، مەلیك حوسێن سەردانی دەكات و شا حیكایەتەكە دەگێڕێتەوە و مەلیك حوسێن دەڵێ: "ئای لەو درۆزنە" خۆ هەمان بۆینباغی بەو ناوەوە بە منیش داوە و هەردووكمانی هەڵخەڵەتاندوە".

سەرۆك فێڵی لە هەردووكیان كرد بوو، وەك چۆن جەنابی دكتۆر فێڵ لە زۆر لە نەخۆشەكان دەكات.

* ئەم بابەتە گشتی نییە، چونكە چەندین دكتۆری بە مۆراڵ و بە ویژدان هەن، یان نەخۆشخانەی ئەهلی هەیە خزمەتی زۆری كردوە، بەڵام بەگشتی ئەم بابەتە بۆتە دیاردە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار