جەنگێک ڕەوایە دژی هەژاریی بێت

7 كاتژمێر لەمەوپێش



موفید محەممەد نوری

بەپێی بانکی جیهانیی: هەژاریی برسیەتییە. هەژاریی بێ ماڵ و حاڵییە. هەژاریی ئەوەیە نەخۆش بیت و نەتوانیت سەردانی پزیشک بکەیت. هەژاریی ئەوەیە دەستت بە خوێندن ڕانەگات و نەزانیت بخوێنیتەوە. هەژاریی نەبوونی کار و هەروەها ترسە لە داهاتوو.  هەژاریی لەوانەیە لە کوردستان مانایەکی جیاوازی هەبێت بەراورد بە شوێنەکانی دیکەی وەک بەریتانیا، پۆڵەندا و چین. هەژاریی لە چین بەو مانایەیە کە لە دەرەوە و بەبێ خواردن بخەویت، بەڵام لە بەریتانیا لەوانەیە بە هەژار پۆلێن بکرێیت هەرچەندە بتوانیت سەیری تەلەفزیۆنی پلازما بکەیت و پێداویستییە سەرەکییەکانی خواردنت دابین کرابێت.  هەژاریی لە کوردستان واتە: نەبوونی ئاوی پاک، نەبوونی کارەبا، نەبوونی کار، نەبوونی داهاتوو، نەبوونی بیمەی تەندروستی، نەبوونی خانوو و ناچاربوون بچیتە دەرەوەی شار بۆ دۆزینەوەی شوێنی حەوانەوە. لە هەرێمی کوردستان هۆکاری سەرەکیی هەژاریی گەندەڵییە، نەک کەمیی سەرچاوەکان. گەندەڵی بە واتای خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و ئەوە دێت کە هەندێک کەس خۆیان بە سەروو یاساوە دەزانن. فەرمانبەرێکی مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستان، تەنانەت ئەگەر مووچەکەی لە سەرووی هێڵی هەژارییەوە بێت، بەهۆی دواکەوتن و لێبڕینی بەردەوامی مووچەکەیەوە، لە دۆخێکی هەمیشەیی قەرزاری و دڵەڕاوکێدا دەژی. ئەم بێمووچەییە وایکردووە کە بازاڕ بووەستێت، خەڵک توانای کڕینی نەمێنێت، و ئومێد بە داهاتوویەکی باشتر لەناو بچێت. هاوڵاتییەک کە نەزانێت کەی مووچە وەردەگرێت، ناتوانێت هیچ پلانێک بۆ داهاتووی خۆی و منداڵەکانی دابنێت.

  بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، بەپێی نوێترین ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، وێنەیەکی ئەرێنی لەبارەی دۆخی هەژاریی لە هەرێمی کوردستاندا دەکێشرێت. ئامارەکانی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ دەریدەخەن کە ڕێژەی گشتیی هەژاریی لە هەرێمدا کەمی کردووە و گەیشتووەتە تێکڕای ٨،٦٪. لەکاتێکدا ڕێژەی هەژاریی لە ساڵی ٢٠١٤دا ١٢.٥٪ بوو، ئەم گۆڕانکارییە ئامارییە چەندین پرسیاری بنەڕەتی دەوروژێنێت: ئایا ئەم دابەزینەی هەژاریی لە هەرێمی کوردستان نیشانەی چارەسەرکردنی کێشە ڕیشەییەکانە؟ ئایا ئەم ژمارانە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی گوزەران و بژێوی ڕۆژانەی هاوڵاتیانی کوردستانن؟

 بۆ پێناسەکردنی دیاردەی هەژاریی، زۆرجار پەنا دەبرێتە بەر چەمکی "هێڵی هەژاریی" کە لەلایەن دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دیاری دەکرێت. بانکی جیهانیی، وەک لایەنی سەرەکی لەم بوارەدا، بە شێوەیەکی بەردەوام پێداچوونەوە بە پێوەرەکانیدا دەکات. لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٠٨ هێڵی هەژاریی توند بە ١،٢٥ دۆلاری ڕۆژانەی هەر تاکێک دیاری کرابوو، واتە هەر تاکێک داهاتی ڕۆژانەی لەو بڕە کەمتربوو، بە هەژار پۆلێندەکرێت، کە لەسەر بنەمای "یەکسانیی هێزی کڕین"ی ساڵی ٢٠٠٥ بوو، ئەمڕۆ پێوەرەکان گۆڕانکاریی بنەڕەتییان بەسەردا هاتووە. بەپشتبەستن بە نوێترین داتاکانی "یەکسانیی هێزی کڕین" بۆ ساڵی ٢٠٢١، بانکی جیهانیی لە حوزەیرانی ٢٠٢٥ هێڵی نوێی "هەژاریی توندی" بەرزکردەوە بۆ ٣،٠٠ دۆلاری ڕۆژانە بۆ هەر تاکێک. ئەم گۆڕانکارییە نیشاندەری ئەوەیە کە تێچووی دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان لە جیهاندا بەرزبووەتەوە. هاوتەریب لەگەڵ ئەمەدا، بانکی جیهانیی دوو هێڵی هەژاریی بەرزتریشی دیاری کردووە بۆ وڵاتانی مامناوەند: ٤،٢٠ دۆلار بۆ وڵاتانی خاوەن داهاتی مامناوەندی نزم، و ٨،٣٠ دۆلار بۆ وڵاتانی خاوەن داهاتی مامناوەندی بەرز.

 لێکەوتەی ئەم گۆڕانکارییە لە ئامارەکاندا ڕەنگیداوەتەوە. لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٠٥ نزیکەی ١،٤ ملیار کەس لەژێر هێڵی ١،٢٥ دۆلارەوە دەژیان، بەپێی نوێترین ئامارەکان و بە پێوەرە نوێیەکە کە ٣،٠٠دۆلارە، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی ٢٠٢٥ نزیکەی ٨٠٨ ملیۆن کەس لە هەژاریی تونددا بژین. ئەمەش دەریدەخات کە سەرەڕای فراوانبوونی پێناسەی هەژاریی، لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا پێشکەوتنێکی بەرچاو لە کەمکردنەوەی هەژاریی لە جیهاندا بەدی هاتووە، هەرچەندە ئەم پرۆسەیە لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی قەیرانەکانی وەک پەتای کۆڤید-١٩ و ناسەقامگیرییەوە خاوبووەتەوە.

پێناسەی فەرمیی دەزگای ئاماری عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ هێڵی هەژاری بریتییە لە داهاتی ١٣٧ هەزار دینار بۆ هەر تاکێک لە مانگێکدا. ئەمە بەو مانایەیە کە ئەگەر تاکێک مانگانە ١٤٠ هەزار دینار داهاتی هەبێت، ئەوا بە فەرمی "هەژار" نییە. بەڵام ئایا کەسێک بەم بڕە پارەیە دەتوانێت ژیانێکی شایستە دابین بکات؟ ئایا دەتوانێت کرێی خانووبەرە، تێچووی خوێندنی منداڵەکانی، چارەسەری نەخۆشی و پێداویستییەکانی تری ژیان پڕ بکاتەوە؟ وەڵامەکە ڕوونە: نەخێر. کەواتە، کەمبوونەوەی ئاماری هەژاریی تەنها بەو مانایەیە کە ژمارەیەکی زیاتری خەڵک توانیویانە بە بڕێکی زۆر کەم لەو هێڵە مەترسیدارە بپەڕنەوە، نەک بەو مانایەی کە ژیانیان باشتر بووە.

 ئەگەر سەیری دۆخی هەرێمی کوردستان بکەین، دەبینین سەرەڕای بوونی ٣٠-٤٠ کۆمپانیای نەوتی و داهاتێکی زۆر، گەندەڵی و ناڕێکوپێکی لە دابەشکردنی سامانی نیشتمانی و نەبوونی شەفافیەت لە داهاتی نەوت، و بەردەوامیی دامەزراندن لەسەر بنەمای لایەنگیری سیاسی و خزمایەتی، وایکردووە کە دابەزینی ڕێژەی هەژاریی تەنها ژمارەیەکی سەر کاغەز بێت و ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی ڕاستەقینەی خەڵکدا نەبێت.  نموونەی ئەم بەهەدەردانەی سامانی گشتی و نادادپەروەری لە دابەشکردنی سامانی گشتی بریتیە لە خەرجکردنی پارەیەکی خەیاڵیی بۆ ئەو هێزە چەکدارییە تایبەتیانەی کە دڵسۆزییان بۆ حیزب و تاکە سەرکردەیەکە نەک بۆ نیشتمان. ڕوداوەکەی ٢١ی ئەم مانگەی لالەزار و کێشەی نێوان دوو ئامۆزا، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی سەلمێنەری ئەم ڕاستیەن. بەپێی خەمڵاندنێک تێچوی ئەو هێزەی بۆ دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی خراوەتەکار زیاد لە پێنج ملیۆن دۆلار بووە، تێچووی چەک و جلوبەرگی تەنها کۆماندۆیەک دەگاتە ١٢٠ وەرەقە. پرسیارەکە ڕوونە: چۆن دەبێت پارە بۆ مووچەی خەڵک و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان نەبێت، بەڵام بۆ سوپایەک کە ئەرکی پاراستنی بەرژەوەندیی حیزبی و شەخسییە، بە سەدان ملیۆن دۆلار خەرج بکرێت؟ ئەمە بەکارهێنانی ڕاستەوخۆی سامانی گشتییە بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی حیزبی و تاکەکەس، لەسەر حیسابی برسیکردن و هەژارکردنی خەڵک.

هەروەها یەکێک لەو کەرتانەی کە هەمیشە وەک کلیلی چارەسەر و لە هەمان کاتدا هۆکاری سەرەکیی هەژاریی دەستنیشان کراوە، کەرتی پەروەردەیە. لە ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان، قوتابخانەکان ئەوەندە قەرەباڵغ بوون کە منداڵان تەنها ٣،٥ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا دەیانتوانی بخوێنن. هەرچەندە حکومەتی هەرێم لە ساڵانی ڕابردوودا هەنگاوی وەک دروستکردنی بینای نوێ و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژی ناوە، بەڵام ئەمە بەس نیە، کەرتی پەروەردە هێشتا بەدەست کێشەی بنەڕەتییەوە دەناڵێنێت، لەوانە: پرۆگرامەکانی خوێندن کە لەگەڵ بازاڕی کاری مۆدێرندا ناگونجێن، کەمیی تاقیگەی زانستی و تەکنەلۆژیا، و لاوازیی ئاستی گشتیی خوێندن. تاوەکو شۆڕشێکی ڕاستەقینە لە کەرتی پەروەردەدا بەرپا نەکرێت، بنبڕکردنی هەژاریی وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی تەنها خەونێک دەبێت.

کەواتە، بۆ ئەوەی لە دابەزاندنی ئاماری هەژارییەوە بپەڕینەوە بۆ بنبڕکردنی یەکجارەکیی دیاردەکە، پێویستە کوردستان نەخشەڕێگایەکی ڕوون و کرداری پەیڕەو بکات. دابەزینی ڕێژەی هەژاریی دەرفەتێکە کە دەبێت بقۆزرێتەوە، نەک وەک دەستکەوتێک سەیر بکرێت. ئەم نەخشەڕێگایە دەبێت چەندین ڕەهەندی سەرەکی لەخۆبگرێت؛ یەکەمیان و گرنگترینیان، نەهێشتنی گەندەڵیە کە هۆکاری سەرەکی هەژارییە، بنبڕکردنی گەندەڵی و سەروەرکردنی یاسا تەنها دروشمێک نییە، بەڵکو خاڵی دەستپێکی هەموو چاکسازییەکە. دەبێت دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوەکانی چاودێری، وەک دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی، بە تەواوی سەربەخۆ بکرێن و دەسەڵاتی لێپرسینەوەیان لە گەورەترین بەرپرسەوە تا بچووکترین فەرمانبەر هەبێت. هەروەها داهاتە گشتییەکان، بەتایبەت داهاتی نەوت، بە تەواوی شەفاف بکرێن و بخرێنەوە خزمەتی هاوڵاتیان. دووەم، پێویستە وەبەرهێنانێکی ستراتیژی و گەورە لە کەرتی پەروەردەدا بکرێت کە تەنها دروستکردنی بینا نەگرێتەوە، بەڵکو نوێکردنەوەی پرۆگرام و شێوازەکانی خوێندن و بەستنەوەی زانکۆکان بە بازاڕی کارەوە لەخۆبگرێت. سێیەم، هەمەچەشنکردنی ئابوورییە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کەرتی نەوت، ئەمەش لە ڕێگەی گەشەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشتوگوزار و ئابووریی دیجیتاڵییەوە دەبێت. لە کۆتاییدا، پێویستە سیستەمێکی تۆکمەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دابمەزرێت کە یارمەتییەکان بە شێوەیەکی دروست بگەیەنێتە چینە شایستەکان و کار بۆ بەهێزکردن و دۆزینەوەی هەلی کار بۆیان بکات.

بەراوردکردنی دۆخی هەژاریی لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا نیشانی دەدات کە هەرچەندە پێشکەوتنێکی ئاماریی لە هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت، بەڵام هۆکارە ڕیشەییەکانی هەژاریی وەک گەندەڵی و لاوازیی کەرتی پەروەردە و ئابووریی یەک سەرچاوەیی، هێشتا وەک ئاستەنگی گەورە ماونەتەوە. بنبڕکردنی یەکجارەکیی هەژاریی تەنها بە چاکسازییەکی ڕاستەقینە و ئیرادەیەکی سیاسیی پتەو دەکرێت کە بەرژەوەندیی گشتی بخاتە سەروو بەرژەوەندیی تایبەتی و کەسییەوە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار