ڕه‌هه‌نده‌كانی ڕووداوه‌كه‌ی شه‌وی ٢٢ ی ئابی ٢٠٢٥ ی سلێمانی

3 كاتژمێر لەمەوپێش
دكتۆر صه‌باحی غالیب
ڕووداوه كاره‌ساتاوییه‌كه‌ی سلێمانی، ئه‌گه‌ر بكرێته فیلمێكی سینه‌مایی و هه‌موو عاقڵانی دنیا كۆبكرێنه‌وه و پرسیاری ئه‌وه‌یان لێ بكه‌ن كه (ئایا ده‌زانن ئه‌و ڕووداوه: كه‌ی، بۆ، كێ له دژی كێ و له كوێ ڕوویداوه؟) كه‌سێك نابینی عه‌قڵی پێ بشكێ و وه‌ڵامی دروست بداته‌وه!
كێ به بیریدا دێت، به ڕواڵه‌ت، دادوه‌ر فه‌رمان بۆ سه‌رۆكی حیزبێك "به‌ره‌ی گه‌ل له سلێمانی" ده‌ربكا، ئه‌ویش به‌و په‌ڕی خۆ به‌گه‌وره زانینه‌وه فه‌رمانه‌كه بداته دواوه، ئه‌وجا له‌سه‌ر بانی باره‌گاكه‌یه‌وه كه له‌ناوچه‌رگه‌ی ماڵ و ناوچه‌ی خه‌ڵك نشینه، تۆمارێك بڵاوبكاته‌وه و بڵێ: باوه‌ڕم به دادوه‌ر نییه، ئه‌مه عه‌رز و ئه‌مه گه‌ز! كێ ده‌یه‌وێ با خۆی تاقی بكاته‌وه، با بێته پێشه‌وه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه هزر و وتاری هه‌رزه‌كارانه بوو، ئه‌وێك كه خۆی دروستكه‌ری ده‌زگا به‌ناو ئاساییشی و هه‌واڵگرییه‌كان بووه، ده‌بوایه تۆزقاڵێك جۆرێتی ئیش و كاری ئه‌وانی له بیر بێ، نه‌ك به‌و شێوه داوای مه‌یدان خوازی چه‌ك و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه بكا، له به‌رامبه‌ریشدا، هێزی چوونه گرتنی به بیانووی سه‌رپێچی له فه‌رمانی دادوه‌ر! به هه‌موو چه‌كی قورسی شه‌ڕی نێوان ده‌وڵه‌تان له ده‌بابه و مه‌تره‌لۆز و شه‌ست تیر و گشت جۆره چه‌كێكی ده‌ستی، به سووك و قورسه‌وه، له ناوچه‌رگه‌ی ماڵان‌دا، هێرش بكاته سه‌ر باره‌گای "به‌ره‌ی گه‌ل"، شه‌ڕێك چوار سه‌عات بخایه‌نێ و چی ده‌بوایه ڕوونه‌دات، ڕوویدا.
ئه‌گه‌ر عه‌قڵ باری نه‌كردایه، نیازی پاك هه‌بوایه، ڕق و كینه سه‌رپشك نه‌كرایه، ته‌گبیر و ڕێگای ئاسایی و كۆمه‌ڵایه‌تی بگیرایه، گه‌لێك ڕێگا بۆ خاوكردنه‌وه‌ی توڕه‌یی و گرژییه‌كان هه‌بوو، به‌ڵام به داخه‌وه بێ باوه‌ڕی هه‌ردوو لا له ئاست ئه‌وی دیكه، هه‌ر به‌ره‌و ئه‌وه ده‌ڕۆشت كه ئه‌و كاره‌ساته ڕووبدا، ده‌نا ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتن هه‌بوایه، چاره‌سه‌ر و ڕێگه‌گرتن له پێكدادان زۆر بوون.
حه‌یف و هه‌زار حه‌یف، برایه‌كی سه‌رۆكی به‌ره‌ی گه‌ل له ته‌له‌فزیۆن به ئاشكرا ده‌نگ هه‌ڵبڕێ و بڵێ "ئه‌گه‌ر لاهور بگیرێ، سلێمانی وێران ده‌بێ." قسه‌یه‌كی بێ تام، بێ هه‌ستی ئینسانییه‌ت، یه‌كێك هه‌زار زمانی هه‌بێ، نابێ هێنده خۆی به ئازا بزانێ شتی وای له ده‌م ده‌رپه‌ڕێ. به‌و حسابه و به‌و عه‌قڵه، ده‌یه‌وێ سلێمانی وه‌ك خه‌ڵك و وه‌ك شار، به هه‌موو مێژووی كات و پانتایی سه‌رفرازێ و تێكۆشانییه‌وه، به‌و صه‌دان زانا، شاعیران، كه‌سایه‌تی و مه‌رده ژن و پیاوی جوامێره‌وه، به هه‌ژار و داراوه، به دایك و باوك، به خوشك و كچ و هاوسه‌ری هه‌موومانه‌وه، به مردوو و زیندوومانه‌وه، له پێناوی یه‌كێكدا با سه‌رۆكی ڕێكخستنێكی سیاسی بێ، كۆتاییان بێ و شار وێران بێ. بیری ئاوا له نه‌خۆشی كوشنده، له باوه‌ڕی نازییه‌ت و صه‌هیونییه‌ت، له ڕه‌گه‌زپه‌رستی و تاكڕه‌وی، ترسناكتر و به ئازارتره. وتنه‌وه‌ی ئه‌و قسه‌لۆكانه له لایه‌ن هه‌ر كه‌سێكه‌وه بێ، ده‌بێ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك لێی وه‌رنه‌گیرێ و مۆڵه‌تی پێنه‌درێ، شه‌رمێكی بێ كۆتاییشه بۆ ڕاگه‌یاندنه‌كان كه مه‌یدانی لێدوان بۆ هی له‌و جۆره كه‌سانه بڕه‌خسێنن.
زۆرم پێناخۆشه ده‌سته وشه‌ی (نه‌ته‌وه‌ی دواكه‌وتوو) بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌م به‌كاربێنم، به‌ڵام له ڕۆژگاری ئێستادا، هه‌موو ڕۆژێك ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م (میلله‌ته كڵۆڵه) (دواكه‌وتووییان) به‌سه‌رماندا سه‌پاندووه، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ش ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌نده به جۆری بیركردنه‌وه و كرداری ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه، ده‌سه‌ڵاتیش لای (ئه‌وان) مانای نه‌بوونی قانوونه، جگه له‌وه‌ش نه‌هێشتنی ئه‌و داب و نه‌ریت و شه‌رم و شكۆ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌یه كه له هه‌موو گه‌ڕه‌ك، لادێ، شار و شارۆچكه‌یه‌كدا هه‌مان بوو، نه‌هێشتنی ئه‌وانه‌ش مانای نواندنی زه‌بر و زه‌نگ و تۆقاندنه.
له ساڵانی دوای هه‌ره‌سی شۆڕشی ئه‌یلوول، وه‌چه‌ی ئێمه تۆقاندن و هه‌ڕه‌شه‌مان بینیوه، زۆر جار چه‌ند براده‌رێك، هه‌موومان قوتابی زانكۆ و تازه هه‌ڵمان دابوو، پێكه‌وه له زانكۆوه به‌ره‌و به‌رده‌ركی سه‌را، خوارتریش بۆ لای مه‌حه‌له‌بییه‌كه‌ی صوفی محه‌مه‌دی نزیك سینه‌مای دڵشاد له‌سه‌ر شه‌قامی كاوه، له كۆڵانی ڕاستی خانه‌قای مه‌ولانا، له سلێمانی ده‌بووینه‌وه، ته‌مه‌نمان وه‌ختی ئه‌وه بوو، دڵدلری بكه‌ین، وشه‌ی خۆش و بزه‌ی سه‌ر لێو، چاو تێگرتنێك و شه‌رمێكی پڕ له حه‌یا و حورمه‌ت له‌گه‌ڵ كچێكی دڵخواز بگۆڕینه‌وه، به‌و تاسه و ئاره‌زووه‌وه، به خه‌یاڵی ڕۆژێكی زووتر خۆشی نۆشین، باڵه فڕه‌ی خه‌یاڵمان ده‌كه‌وته ئاسمان، له پڕێكدا، (مولازم موحسین ـ له چاو مولازم موحسینه‌كانی ئه‌م ڕۆژگاره‌وه، خه‌ریكم بڵێم یادی ئه‌و به‌خێر) به خۆی و ده‌سته چه‌كداره‌كه‌یه‌وه ده‌رده‌كه‌وت، هه‌موومان ده‌مانزانی یه‌كی چه‌ند شه‌ق و چه‌ند قۆناغه تفه‌نگێكمان به‌رده‌كه‌وێ! بۆ؟ وه‌ڵامێك نه‌بوو، جگه له‌وه‌ی خۆسه‌پاندن و كه‌ڵه‌گایی بوو. ئه‌و شه‌قانه بۆ ئێمه خۆش بوون، نیشانه‌ی ئه‌وه بوون كه ڕژێم ئێمه‌یان به خۆیان نه‌ده‌زانی، ده‌بوونه میدالی كوردبوون و بیری سه‌ربه‌ست و مایه‌ی ئازایه‌تی ئێمه، ترسنۆكی مولازم موحسین و چه‌كداره‌كانی حاشا هه‌ڵنه‌گربوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وانیشدا نیشانه‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه‌كی تۆبز و تۆقێنه‌ر بوون. دوای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له په‌نجا ساڵێك، تازه به تازه، له نێوان دوو شاردا، چه‌كدارانی پۆستی پشكنینی سه‌ر ڕێگاكان چه‌ندان جار، بێ ئه‌وه‌ی شه‌رم له ته‌مه‌ن و مووی سپی و ڕووی گه‌ش بكه‌ن، داوای خۆناسین و پێناسه ده‌كه‌ن! هه‌میشه ترسی سووكایه‌تی پێكردن له دڵماندایه، ئازار هه‌ر ئازاره، به ده‌ست دوژمنه‌وه سه‌ربه‌رزییه، به ده‌ست كورده‌وه، شه‌رمه‌زارییه.
ڕووداوه‌كه‌ی سلێمانی، له چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكه‌وه، لێكه‌وته‌ی نه‌رێنی و كاریگه‌ریی یه‌كجار نادروست و قورسی له مێژووی شاری سلێمانی، مێژووی هه‌رێمی كوردستان، تاقیكردنه‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی و ده‌رخستنی حه‌قیقه‌تی كرده‌یی حیزب به گشتی و حیزب له شاری سلێمانی تۆمار كرد.
له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه: ڕووخانی حورمه‌تی حیزب و نه‌مانی هه‌موو دروشمه باق و بریقه‌كانی له دامه‌زرانه‌وه تا ئیمڕۆ. نه‌مانی ڕێزی به‌رامبه‌رێن له نێوان حیزب و جه‌ماوه‌ر و دروستكردنی دیوارێكی ئه‌ستوور له نێواندا، باركردنی ئاسووده‌یی و پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه، ناو زڕاندنی سلێمانی و قوڕدان به ناونیشانی پێته‌ختی ڕۆشنبیریی شاره‌كه، به درۆخستنه‌وه‌ی ئازادییه‌كان، مه‌زادكرنی نه‌ریت و داب و خۆشه‌ویستی له‌ناو خه‌ڵكدا، پایه‌داركردنی ترس و له‌رز له ناو دانیشتووانی سلێمانی به تایبه‌تی و هه‌ر شوێنێك حیزبی چه‌كداری لێبێ.
له ڕووی سیاسییه‌وه: سووككردنی هه‌رچی پێی ده‌وترێ قانوون، ئه‌وه‌ی ڕوویدا، هیچ نرخێكی بۆ ده‌ستور و قانوونی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌سمی
نه‌هێشته‌وه، لادانی په‌رده شڕه‌ی نێوان ئه‌وه‌ی ناونراوه ناوچه‌ی سه‌وز و ناوچه‌ی زه‌رد، دزێوكردنی زۆرتری حكومه‌تی هه‌رێم و ئیفلیج كردنی ده‌زگا ڕه‌سمییه‌كان، سووككردنی ڕووی حكومه‌تی هه‌رێم له به‌ر چاوی پێته‌ختی وڵاته داگیركه‌ران، زاڵكردنی نیاز و ویستی دوژمنانه‌ی حكومه‌تی عێڕاق و هاوپه‌یمانی هه‌ماهه‌نگی له به‌غدا، شه‌رمه‌زاركردنی نوێنه‌رانی كورد له دا‌و و ده‌زگاكانی عێڕاق و وڵاتان.
له ڕووی نێو ده‌وڵه‌تییه‌وه: لام سه‌یر بوو، بۆ ئه‌و به‌یانیه، زوو ته‌ماشای هه‌واڵم كرد، ماڵپه‌ڕه كوردییه‌كان، جارێ به دێڕێك هێمایان بۆ كردبوو، دوای ئه‌وه به‌ره به‌ره، بووه سه‌ر دێڕی ته‌له‌فزیۆن و ماڵپه‌ڕی ڕۆژنامه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی عێڕاق، ته‌له‌فزیۆنی الحدث، الجزیرة، ڕۆژنامه‌ی الشرق الاوسط، ڕۆژنامه‌ی حوڕیه‌تی توركی و هی دیكه، ده‌نگدانه‌وه‌ی لای كۆنسڵ و سه‌فاره‌تخانه‌كانی وڵاتان له عێڕاق و ناوچه‌كه و دوورتر دایه‌وه، بووه مایه‌ی بێ مایه‌یی سیاسه‌ت و حیزبایه‌تی له‌ناو كورددا، كاریگه‌ری خراپی كرده سه‌ر دۆزی كورد لای دۆستان و ناحه‌زان.
له ڕووی میدیاییه‌وه: میدیای كوردی به تایبه‌تی ته‌له‌فیزۆنه‌كان، چ كۆد و په‌یڕه‌وێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و شاره‌زاییان نییه، گرنگ لای ئه‌وان له هه‌ڵادان و زیاتر گه‌وره‌كردنی بابه‌ته ناشیرین و كاره‌ساته‌كانه، وه‌ك ئه‌وه وان، سه‌ری كورد بتاشن و ئاوێنه‌شی بده‌نه ده‌ست، هاوكات بوونه‌ته هۆكاری توند و تیژی و بڵاوكردنه‌وه‌ی بێ قانوونی و ناحه‌زی له‌ناو لایه‌نه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌دا. خۆشكردنی ڕق و كینه له لایه‌ن ده‌یان و صه‌دان بڵاوكراوه و شێوه ته‌له‌فزیۆنی تاكه كه‌سییه‌كان لێره و له‌وێ.
له هه‌ر وڵاتێكدا كه قانوون نه‌بوو، زه‌بروزه‌نگ و تۆقاندن به‌رقه‌را بوو، عاقڵه‌كان یا ده‌بێ ڕاكه‌ن یا ده‌بێ پشتیان تێبكه‌ن و شه‌ق و زلله بگرنه‌وه، خۆ مه‌علوومه، هه‌موو عاقڵه‌كان، هه‌موو زانا و گه‌وره ژنان و گه‌وره پیاوان و ڕووناكبیران، ده‌ره‌قه‌تی چه‌كدارێك نایه‌ن كه ته‌نیا به په‌روه‌رده‌ی: (حه‌ق له لووله‌ی تفه‌نگه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ) گه‌وره و گۆش كرابێ، لای چه‌كداری بێ قانوون، چه‌ك قسه ده‌كا، به‌لای ئه‌وه‌وه نابێ شتێك له‌سه‌روو ده‌ستڕۆشتوویی چه‌كه‌وه بێ، ئه‌مه خۆی له خۆیدا نه‌هێشتنی یه‌كسانی، نه‌مانی ئه‌خلاق و مافی وه‌ك یه‌كی و یه‌كسانییه، هه‌زار جار شه‌رمه‌زاری بۆ ئه‌و عه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌یه كه چه‌ك بكاته ده‌سه‌ڵاتدار و سه‌پاندنی ناحه‌قی و بێ نرخكردنی جوانی، نه‌هێشتنی ڕووی گه‌ش و دڵی پڕ له عیشق، باركردنی پێكه‌نین و قسه‌ی خۆش و زمانی شیرین، كپكردنی ئاواز و گۆرانی، له كارخستنی خرۆش و هه‌ژانی ڕۆح و هه‌ستی ئینسانی.
له‌م ده‌رفه‌ته‌دا داوا له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م، كه‌ش و هه‌وایه‌كی ئازاد و ته‌بایی، لێبورده‌یی و سنگ فراوانی، هه‌ستی به‌رپرسیاری و خۆیبوون له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌ماندا دروست بكه‌ن. په‌یڕه‌و له به‌رزی و گه‌وره‌یی تاك و كۆمه‌ڵ و ڕێكخستن و حیزبایه‌تیی قانوونی و ده‌ستووری بكه‌ن. ئێمه‌ش شایانی حورمه‌ت لێگرتن و سه‌ربه‌ستی و ئاشتین، ئێمه‌ش حه‌قی ده‌ربڕینی بیر و باوه‌ڕی ئه‌رێنی و جوان و له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیمان هه‌یه.
ئازادی عه‌قڵ و لێكدانه‌وه‌ی جیاواز بۆ پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردن، بنه‌مای سه‌رفرازیمانن. بۆیه با حكومه‌ت ئازایه‌تی ئه‌وه بنوێنێ كه لێبوردنێكی گشتی بۆ هه‌موو زیندانیانی سیاسی و باوه‌ڕی جیاواز ده‌ربكا، با هه‌وڵبدا ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ی له ترسی سزا هه‌ڵاتوون بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، به دڵێكی فراوانه‌وه باوه‌شیان بۆ بكاته‌وه، كه‌شێكی ئازادیی باوه‌ڕی بنیادنه‌ر بۆ ئه‌وان و هه‌موو تاكێك بڕه‌خسێنێ، حكومه‌تی قانوون و ئازا، حكومه‌تی ده‌ستوور و به‌هێزی مه‌عنه‌وی، هه‌رگیز ڕێگا به خۆی نادا له‌سه‌ر باوه‌ڕی جیاواز و ئازادیی ڕا ده‌ربڕین، كه‌سێك بگرێ.
وڵاتێك ئازادی تێدا نه‌بێ ده‌بێته دۆزه‌خ، خه‌ڵكی چاك و به كه‌ڵكی پێوه نالكێ. بژێوی، حه‌وانه‌وه، ئاسووده‌یی، بیركردنه‌وه‌ی سه‌ربه‌ست ده‌بنه مایه‌ی گه‌شه‌كردن و پێشكه‌تن. به هیوای ئه‌وه‌ی حكومه‌ت به چاوی خه‌ڵك ته‌ماشای خۆی بكا، به گوێی خه‌ڵك گوێ له خۆی بگرێ، حساب بۆ باوه‌ڕی دڵسۆزان بكا، هه‌نگاوی خۆ خۆشه‌ویستی به لێبورده‌یی بنێ. با تۆزێك قه‌ره‌بوی ناوزڕاندنمان بكاته‌وه، ئاواتم هه‌یه گوێی حكومه‌ت، سووك و به هه‌ست بێ.
سه‌رنج:
ئه‌وه‌ی نێوان جووت كه‌وانه‌كان، قسه‌ی ئاراس شێخ جه‌نگییه، برای سه‌رۆكی (به‌ره‌ی گه‌ڵ).

