لالەزار و شتیتر!

5 كاتژمێر لەمەوپێش



ڕابون مەعروف

یەکەم: ئێستا، ئەوەی زۆرترین قسە لەسەر ئۆپەراسیۆنەکەی سەر لالەزار دەکات، میدیای پارتی یە. ئەمەش نیشانەیەکی ئاشکرایە، کە ئێمە دوای دەیان ساڵ شکستمان خوارد لە سازکردنی ئۆپۆزیسیۆن. چونکە، دەبوایە قسەی سەرەکی لەسەر ئەو روداوە، ئۆپۆزیسیۆن بیکات. بەڵام، چونکە نە ئۆپۆزیسیۆن هەیە نە دەستەبژێرێکی رۆشنبیریی راستەقینە، میدیای پارتی، ئەو روداوە بەکاردەهێنێت بۆ ئامانج و ئەجێندا سیاسییەکانی خۆی.

دووەم: ناوەند و دەزگا فەرمیەکانی حیزب، خۆیان، بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە بەرنامە هەبوە بۆ کودەتا بەسەر سەرکردایەتی حیزبەکەدا. هەڵبەت، کودەتا بەسەر حکومەت و دەزگا دەوڵەتیەکاندا دەکرێت، نەك حیزب. بەڵام کاتێك حیزبی حاکم خۆی رایدەگەیەنێت، کە بەرنامە هەبوە بۆ کودەتا بۆ کۆنترۆڵکردنی حیزبەکە، ئەوە، بەڵگە و ئاماژەیەکی ئاشکرا و رۆشنە، کە ئەوەی هەیە حیزب و میلیشیاکەیەتی، دوای ئەوە نە حکومەت هەیە و نە سیستەم و نە دامەزراوە و نە قانون و نە تەڕەماش.

سێهەم: ئێستا، لە کوردستان، بونی حکومەت و دامەزراوەی نیشتیمانی مۆدێرن و دادگا و حوکمی قانون، گەورەترین درۆکانی ئەم سەردەمەی ئێمەن. ئەوەی هەیە، دو میلیشیای پڕ چەکی مۆدێرن و دو زۆن و دو دەسەڵاتی میلیشیاییە. ئەو دو میلیشیایە، وابەستە و ئینتیمایان بۆ دو خێزانی سیاسیی هەیە، نەك بۆ حکومەت و دامەزراوەی حوکمڕانیی نیشتیمانیی. هەموان دەزانن، سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی/ هەرێم، لە ناو هێزە چەکدارەکان و هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و پاراستن و زانیاری، هیچ دەسەڵاتی نیە و ئەو هێزانە فەرمان لە خێزانە دەسەڵاتدارەکان وەردەگرن نەك ناوەند و دامەزراوە فەرمیەکان.

چوارەم: شکستی کەمەرشکێن، لە باشور، هەر ئەوە نیە، کە دوای دەیان ساڵ، باشور دابەشبو، بۆ دو زۆن و دو ناوچەی دەسەڵاتی میلیشیا و بنەماڵەکان، بەڵکو، شکستە گەورەکە ئەوەیە، هەر لە بنەڕەتەوە بەدیل و ئەلتەرناتیڤی سیاسیی تۆکمە و چاکتر لە دەسەڵاتی دو بنەماڵەکە پێشنەخراوە. بە پێچەوانەوە، بەدیلی زۆر خراپتر و ترسناکتر لە کەمیندایە، بەدیلی تیرۆر و تاریکستانی ئیسلامیی سیاسیی. رایگشتی زاڵ و باو، خەون بە دەسەڵات و حوکمڕانی خراپتر و داخراوتر لە ئێستا دەبینن، نەك چاکتر. یەکێك لە هۆکارەکانی متبون و سەرهەڵنەدانی ئۆپۆزیسیۆنی راستەقینە، لێرەدایە. ئەو هەمو هێرش و پەلامار و تەوهینە بە هەولێر، گوایە هۆڵی شەوانە و خانەی لەشفرۆشی، لە هەولێر هەن، لەوێوە سەرچاوە دەگرن. 

پێنجەم: ئێمە، لە گۆڕان بە دواوە، توانیمان، حیقد و رقێکی ئەستور دژی ماڵی بارزانی ساز بکەین. بەڵام نەمانتوانی ئۆپۆزیسیۆنێکی تۆکمە و خاوەن دۆز و گوتار و دیدەگایەکی رۆشن و ئاشکرا، بخەینە سەر پێ. لە راستیدا، هیچ ئەجێندایەکی راستەقینە بۆ سازکردنی ئۆپۆزیسیۆن و ئەلتەرناتیڤی سیاسیی لەگۆڕێ نەبو. تەنها ویستێك هەبو، بۆ بەکارهێنانی توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵك، بۆ ئەجێندا و بەرژەوەندی تایبەتیی و شەخسی. ئەوەش وا دەبینرا، کە پێویستیی بە سازکردنی رق و بوغزێکی گەورە هەیە دژی ماڵی بارزانی، نەك ئامادەکردنیی کورد و رایگشتیی بۆ ئەلتەرناتیڤێکی سیاسیی و حوکمڕانیی جیاواز و چاکتر لەوەی کە هەیە. 

شەشەم: ئێمە لە سازکردن و دروستکردنی رق و بوغز لە ماڵی بارزانی، سەرکەوتو بوین، بەڵام، لە سازکردنی ئۆپۆزیسیۆن و گوتارێکی تۆکمە بۆ دروستکردنی نەتەوە و حوکمڕانیی قانون و سیستەمی دامەزراوەیی مۆدێرن، شکستمان خوارد. بۆیە، کاتێك فاروق رەفیق، دەیەوێت لە هەولێر بژیی و لە دامەزراوەکانی پارتی وەك کارمەند کار بکات، دەیان هەزار جوێنی پێدەدرێت و لات و لۆمپنەکان، بە دزییەوە ڤیدیۆی دەگرن و تەوهینی پێدەکەن. بەڵام دەزگای ستاندەر مەقەڕ بە مەقەڕیی یەکێتی دەگەڕێت و کۆڕ و کۆبونەوە بۆ یەکێتیەکان دەکات و سەنتەرەکەی پارەدار دەکرێت، ئەوە ئاساییە و ستاندەر رەمزی ئۆپۆزیسیۆنە. دەرکەوتنی هونەرمەندێکی سلێمانیی لەگەڵ نەوەیەکی بارزانی، هەموان توشی هیستریا، دەکات، بەڵام ماڵی مام جەلال پارەی سامانی گشتی و فەرمانبەرانی سلێمانیی بدەن بە دامەزراوەی ڤیژن، ئەوەیان ئاساییە و ئەوانەی ڤیژن رەمزی ئۆپۆزیسیۆن و دەنگی دلێر و ناڕازیی کوردن.

حەوتەم: ئەگەر بۆ نمونە، گوتارەکە ئاوا بوایە، ماڵی بارزانی خراپن، چونکە: دژی دیموکراسیی و حوکمی قانون و دامەزراوەی مۆدێرنن: دژی ئازادیی سیاسیی و ئازادیی تاك و ئازادیی راگەیاندن و خۆپیشاندان و مافەکانی مرۆڤن: پشتیوانیی لە حوکمیی بنەماڵە و خێزانەکان دەکەن: سامانی گشتی خراپ بەکاردەهێنن و لە ئیدارەی سامانی گشتی شەفاف نین،.. تد ئەوە زۆر باش دەبو. چونکە ئەو خاڵانە دەبونە بنەما فیکری و سیاسیەکانی هێزێکی سیاسییی و ئۆپۆزیسیۆنێکی راستەقینە. بەڵام ئامانجەکە، سازکردنی ئۆپۆزیسیۆن و بەدیلێکی سیاسیی جیاواز لە ماڵی بارزانیی نەبو. بۆیە، ئەوە هەرگیز نەکرا و ئەو بنەمایانە نەبونە بابەتی دیبەیت و گفتوگۆ! چونکە ئەگەر ئەوە بکرایە، یەکێتی و گۆڕان و نەوەی نوێ و ئەوانیتر، خۆیان نەیاندەتوانی ئەو کارانە بکەن، کە نەك هەر کردیان، بەڵکو زۆر پێش ماڵی بارزانی کەوتن. 

هەشتەم: بۆیە لە راستیدا، سەرەڕای غەرقبونی کوردستان، لە گەندەڵی و پشێوی و ئاشوب و بێنەزمیی و .. تد زۆر زۆر کەمن ئەوانەی کە راستگۆیانە، رەخنەی قوڵ و ماناداریان لە دۆخی خراپ و ترسناکی ئێستای کوردستان هەیە. رق و بوغزەکان، ئاراستەی بنەماڵە و خێزانەکان کراون، نەك نەریت و کردە و پەیڕەوە سیاسییەکان. بۆیە، زۆرینەیەکی رەها، دژی ماڵی بارزانی و سیمبۆڵەکانی نزیکی ماڵی بارزانین، بەڵام دژی تیرۆر و سەرکوت و حوکمی میلیشیا و بنەماڵەکان و دژی گەندەڵی نین. لێرەوەیە، ئەگەر ئەکتیڤیستێکی سیاسیی لە هەولێر زیندانیی بکرێت، هەزاران ئیدانە و بەیاننامە و وتار دەنوسرێن، بەڵام دوای ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر لالەزار، هەمویان بون بە شاعیر و نوسەری دەستەواژەی رۆمانتیك. 

نۆیەم: گۆڕانکاریی پۆزەتیڤ، لە دۆخی ئێستا رونادات، تا کۆمەڵگا بۆ ئەلتەرناتیڤێکی سیاسیی کراوەتر و چاکتر لە ئێستا ئامادە نەکرێت. لە راستیدا، لە ئێستادا، کورد خەون بە هەلومەرجێکی سیاسی داخراوتر و خراپترەوە دەبینێت. ئەو کارەش تەنها بە دەستەبژێرێکی سیاسیی و رۆشنبیریی جدیی و خاوەن گوتارێکی تۆکمە و دیدەگایەکی رۆشن، بۆ سەروەریی سیاسیی کورد و سازکردنی نەتەوە و دامەزراندنیی حوکمڕانیی دامەزراوەی مۆدێرن و حوکمی قانون و جێخستنی ئازادیەکان و مافەکانی مرۆڤ دەکرێت.
ئەوانە سەرخەتی تێرامانەکانی منن لە دۆخی ئێستای کوردستان، بەڵام بێگومان،.. لِقومٍ يعقلون!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار