پاڵنەرەکان و لێکەوتەکانی هێرشەکەی سەر لالەزار!

3 كاتژمێر لەمەوپێش
موحسین کەریم
هێرشەکەی چەکدارەکانی بافڵ تاڵەبانی بۆسەر چەکدارەکانی لاهور شێخ جەنگی لە ئوتێل لالەزار، دۆخێکی سیاسی-ئەمنی خراپی بەدوای خۆیدا هێناوە. سەرباری ئاسەواری وێرانکەری ئەو هێرشە بۆ سەر ماڵ و حاڵی هاوڵاتیانی دەوربەری ئوتێل لالەزار و سەپاندنی فەزای چەك و میلیتاریزم بەسەر ژیانی خەڵکدا، دووڵی و دڵەڕواكێ و مەترسی تێکچوونی دۆخی سیاسی- ئەمنی سلێمانی و ناوچەکانی دەروبەری لەناو خەڵکدا پەرەپێداوە. ڕادەی توندوتیژی هێرشەکەو شێوازی مامەڵەی چەکدارەکانی بافل تاڵەبانی لەگەڵ دیلەکانی لاهور جەنگی و خودی لاهور، نەریتی قێزەونی حزبە چەکدارەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەیارانی سیاسی و دیلەکانی شەڕدا دووبارە نمایش کردەوە، برینێکی قووڵیشی لەجەستەی کۆمەڵگای کوردستاندا هەڵکەند. ئەگەری دەستیوەردانی لایەن و هێزو دەوڵەتانی ناوچەکەی لەو کێشەیەدا زیاترکردوە، کە سەرەنجام ئایندەیەکی ناڕوون و پڕدەردیسەر بۆ خەڵکی کوردستان نیشان دەدات!
میدیاکانی یەکێتی، کە لاهور بە هەوڵدان بۆ کۆدێتاو کوشتنی بافڵ تۆمەتبار دەکەن، سەرەتا بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی سلێمانی، دادگای ئاسایش، بەپێی مادەی ٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی ساڵی ١٩٦٩، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد. دواتریش کە لاهور جەنگی ئامادەنەبوو خۆی ڕادەست بکات، چەکدارەکانی بافڵ تاڵەبانی هێرشەکەیان دەستپێکرد و دوای کوشتن و بریندارکردنی ژمارەیەك چەکداری لاهور، لاهور و پاشماوەی هێزەکەی دەستگیردەکەن!
روداوەکەی لالەزار، جێگای بایەخی ئەمریکاو تورکیا و حکومەتی ناوەندی و چەندین ووڵات و میدیای عەرەبی و جیهانی بوو. بەپێی میدیاکانی پارتی، ئەمریکا لە کارەکەی بافڵ توڕەیە. تورکیا بە ووردی چاودێری دۆخەکە دەکات. سودانی لیژنەیەکی ڕەوانەی سلێمانی کردوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە. میدیا عەرەبی و جیهانیەکان هەواڵی روداوەکەیان بەشێوەیەکی فراوان بڵاوکردەوە. سەرباری ئەوەی یەکێتی دەڵێ هێزەکانیان بڕیاری دادگاو یاسایان جێبەجێکردوە، بەڵام مەسروربارزانی، بێبەریبوونی حکومەت و خۆیانی لەو بڕیارەی دادگا ڕاگەیاند و روداوەکەی بە مەترسی بۆسەر ئاسایشی هەرێم پێناسەکرد!.
ئەو هەموو بایەخەی کە بە روداوی هێرشکردنە سەر لالەزار دراوە و دەدرێ، ماهیەتی خودی رووداوەکە نیە. ئەم ڕوداوە ئەگەر لە دۆخێکی سیاسی- ئەمنی ناوچەیی دیکەدا ڕوویبدایە، ڕەنگە تەنها لەئاستی هەواڵێکی ناوخۆیی یان ڕاگوزەری میدیاییدا بمایاتەوە. بەڵام ئەوەی وایکردوە ئەو رووداوە بەوجۆرە ببێتە جێگای بایەخی ئەمریکاو تورکیاو عێراق و بێگومان ئێران و میدییا عەرەبی و جیهانیەکان، ئەو دۆخە سیاسی و ئەمنیە لەرزۆکەی ناوچەکەو عێراقە، کە پێگەیەکی تایبەتی داوە بە هەرێمی کوردستان لەناو هاوکێشە سیاسی و ئەمنیەکاندا و بە هەستیاریەوە چاودێری دەکەن. هەرجۆرە تێكچوونێك لەو دۆخەدا دەتوانێ بەرژەوەندی لایەك یان چەند لایەك رووبەرووی زیان و مەترسی بکاتەوە!
سەرباری ئەو فاکتەرە سیاسی و ئەمنیە، یەك فاکتەری زۆر گرنگ و بنەڕەتی لەم رووداوەدا خۆی بەرجەستە دەکاتەوە، ئەویش فاکتەری دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک و پەیوەندی خەڵک و دەسەڵاتی هەرێمە!
دۆخی ئابوری هەرێمی کوردستان لە خراپترین ئاستدایە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە ژیان و گوزەران و خزمەتگوزاریە تەندروستی و شارەوانی و کۆمەڵایەتیەکانیەوە هەیە. بەهۆی نەدانی مووچەوە کە تاکە سەرچاوەی ژیانی سەدان هەزار خێزانی هەرێمی کوردستانە و بەبارمتەگیرانیەوە لەیاری سیاسی نێوان بەغداو هەرێمدا، خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و مووچەخۆرانی هەرێم دووچاری برسێتی و نائەمنی ژیان بوونەتەوە. ناڕەزایەتی لەم دۆخە لەناو خەڵکی کەمدەرامەتی کوردستاندا شەپۆل دەدات. مووچەخۆران و خەڵکی کەمدەرامەت و هەژارکراوی کوردستان لەماوەی١٠ ساڵی ڕابردوودا بەشێوەی جۆراوجۆر دەنگی ناڕەزایەتیان دژی ئەو ستەم و بێدەربەستیەی دەسەلاتداران بەرامبەر بەژیان و گوزەرانیان هەڵبڕیوە. تەنانەت رێگای دەنگدان بە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیشیان تاقیکردەوە تا گۆڕانێك لەژیانیاندا بکەن، بەڵام هەموو ئەو ڕێگایانە ئێستا لای خەڵك بێسوودو بێکاریگەر دێتەبەرچاو. بۆیە زۆرینەی خەڵکی کوردستان بەو بروایە گەیشتوون کە لەرێگای ڕاپەڕینەوە دەکرێ کۆتایی بەم دەسەڵاتە بهێنرێت تا گۆڕانکاری لەژیانیاندا بکەن.
یەکێتی و پارتی، ئەو ترسەیان لەهێزێکی وەکو نەوەی نوێ نیە، چونکە سەرەنجام ناڕەزایەتی خەڵك لەناو چوارچێوەی دەنگدان و پەرلەماندا ڕادەگرێ، ئەویش بەنۆرەی خۆی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بەسەر هەردوو ناوچەی سەوزو زەردا مسۆگەر دەکات. بەڵام ئەو مەترسیەی کە لەلاهور جەنگی هەیە، بەتایبەتی لەلایەن یەکێتیەوە، ئەوەیە کە لاهور نەیاری راستەوخۆی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانیە و هێزەکەشی لەناوچەی ژێردەسەڵات و نفوزی یەکێتیدایە، لەو دۆخەدا کە خەڵك خوازیاری ڕاماڵینی هێزی یەکێتی و پارتین و چەندیجار لاهور جەنگی بانگەشەی ڕاپەڕینی کردوە، دەتوانێ مەترسی بە پلەی سەرەکی لەسەر یەکێتی دروست بکات. پاڵنەری راستەقینەی پیلان و هێرشەکەی بافل و یەکێتی بۆسەر لاهور جەنگی ئەوەیە کە یەکێتی دەترسا لە دەرفەتێکدا لاهور، لە لاوازیی رێکخراوبوونی سیاسی- جەماوەری خەڵک و ئۆپۆزیسیۆنێكی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێر، سواری ئەو شەپۆڵە لەنارەزایەتی خەڵکی بێت و لانی کەم زۆنی سەوز بۆخۆی کۆنترۆڵ بکات. ئەوەی کە نەوشیروان نەیکرد ئەم بیکات!! بەڵام ئەم چارەسەرەی یەکێتی کورتمەودایە و سەرەنجام خۆی و هاوبەشەکەی دەسەڵاتی لەزۆنی زەرد، لەبەردەم سێڵاوی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری خەڵکی بەشمەینەتی کوردستاندا خۆی بۆ ناگیرێ و چۆك دائەدەن!

