خۆخۆری و بوون و نەبوون لە ناو مێژوودا!

7 كاتژمێر لەمەوپێش



عەبدوڵڵای مەلا نوری

ئەگەر وەک کاسێتێک، فیلمی ژیانی خۆمان بەرەو دواوە بگێڕینەوە، لە لایەک پڕە لە ململانێی تووندوتیژ و ڕق و تۆڵە و دەستتێکەڵاوکردن لەگەڵ داگیرکەر و دووژمندا، لە لایەکی دیکەشەوە پڕە لە دەردی لەبیرکردن. 
بەمجۆرە ڕەوتی ژیانمان تا چاو بڕبکات بەرەو ڕابردووی، لە ناوەڕاستیدا، لە ئێستایدا هەر یەکە. 

واتە وەک تاشەبەردێک لە شوێنی خۆماندا نەجوڵاوین. 
دەردێک، کە سەتان ساڵە تووشمان بووە، بە ئێستاشەوە پێوەی دەتلێینەوە و نەمانتوانیوە تێیپەڕێنین.
لەم ڕووەوە، بۆ زانینی شوێن و حاڵی خۆمان لەناو میژوودا، هیگڵی فەیلەسوفی ئەڵمانی قسەیەکی هەیە، دەشێت هاوکاریمان بکات. 

ئەو فەیلەسوفە پێیوایە: ئایین و زانستەکانی تریش دوو مێژوویان هەیە، دەرەکی و ناوەکی. بۆ نموونە لای ئەو فەیلەسوفە لە ڕووی ناوەکییەوە مێژووی ئایینی مەسیحی بریتییە لە مێژووی بڵاوبوونەوەی ئایینەکە و ژیانی ئەوانەی بوونە مەسیحی. 
لە ڕووی دەرەکیشەوە خۆی لە مێژووی بینای کەنیسەدا دەبینێتەوە.

کەنیسە وەک بوونێکی ڕواڵەتی و کۆمەڵە پەیوەندییەکی جۆراوجۆر لە سەردەمە جیاوازەکاندا، کە ئەمەش مێژوویەکی بۆ دروستدەکات.
واتە ئەو فەیلوسوفە پێیوایە: کاتێک گەلان، دەبنە خاوەن مێژوو و لەناو مێژوودا ئامادە دەبن، کە ئەمڕۆیان لە دوێنێیان نەچێت و لە کاروانی ژیاندا، توانای بەرهەمهێنانی ئاگایی و پێشکەوتن و گۆڕان و چارەسەری کێشەکانی خۆیان هەبێت. 

بە مانایەکی تر ساڵەکانی تەمەن کاتێک گرنگیان هەیە و ئەژماردەکرێن، کە لەگەڵ گەورەبوون و تێپەڕبوونی کاتدا، گۆڕانکاریی و پێشڤەچوونی عەقڵی و ئەخلاقی ڕوویدابێت.
بۆ گەلی ئێمە لەم سەردەمەدا ئەوەی مێژووی دەرەکیمان پێکدەهێنێت، گۆڕانی ستایلی ژیانمان و شتە دەرەکییەکانی دیکەیە. 
بۆ نموونە پێشتر بە وڵاخ هاتوچۆمان دەکرد ئێستا بە ئۆتۆمبێل، پێشتر چەکی تیروکەوان و شمشێرمان بەکاردەهێنا، ئێستا چەکی ئۆتۆماتیکی، پێشتر هەر بینای تەکیەمان هەبوو ئێستا بینای زانکۆ، پێشتر جلێکی سەرەتاییمان لەبەردەکرد،ئێستا قات و بۆینباخ... هتد. 

ئەم گۆڕانکارییانە بە مانای ئەوە دێت، ئێمەش مێژووی دەرەکیمان هەیە، واتە لە ڕوواڵەتدا بەرەوپێشچوونمان هەیە. 
بەڵام، ئایا مێژووی ناوەکیمان چییە؟ بە مانایەکی تر وەک چۆن لە جلوبەرگدا بەرەوپێش ڕۆیشتووین و گۆڕانکاریمان کردووە، ئەی ئایا بە هەمان ئەندازە لە عەقڵییەت و ئەخلاقیاتیشماندا گۆڕانکاری و پێشکەوتنمان هەیە؟

لە ڕاستیدا ناتوانین بڵێین: بەڵێ، چونکو هەروەک چۆن سەتان ساڵ پێش ئێستا، سیفاتەکانی بوغز و ڕق و تۆڵە و دەستتێکەڵاوکردن لەگەڵ دووژمندا لەناو پێشینانماندا هەبووە؛ بە هەمانشێوە ئێستاش لەناو بنەماڵە دەسەڵاتدار و حزب و تەکەتول و سەرۆکەکانی کورددا، بە زەقی و خراپتردەبینرێن. 
واتە هێشتا عەقڵیەت و ئەخلاقیاتی ئێمە لەناو مێژوودا چەقیوە و نەجووڵاوە. 

وەک چۆن پێشتر گوتمان هێشتا سایکۆلۆژیا و بوونیادی کۆمەڵایەتیمان لە خێڵگەرایی دەربازی نەبووە. 
کەواتە تا ئەندازەیەکی زۆر مێژووی ناوەکیمان، وەکو میلی کاتژمێرێک، کە پیلەکانی مردبن، لە شوێنی خۆیدا و لەناو مێژوودا وەستاوە.

چەند پەرەگرافێک لە کتێبی "مەشخەڵی ژیانەوە "، بەشی: لێبوردەیی وەک پرۆژە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار