چۆن کودەتا ئەنجام بدەیت؟

5 كاتژمێر لەمەوپێش



د. سەردار عەزیز

بەشێک لە کاری فیکریی من دەربارەی پەیوەندی سوپا و دەوڵەت و مەدەنیەتە. ئەمە بە زۆری ناچارییە، چونکە ناتوانیت لە دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست تێبگەیت بەبێ لە بەرچاوگرتنی ڕۆڵی چەک لە شانانان. 

سوپا ئەدەبیاتێکی زۆر زۆری هەیە، لە چۆنێتی دروستکردنی، ڕێکخستنی ڕۆڵی، کەمکردنەوەی مەترسییەکانی، لە گەڵ سودلێبینینی بۆ دروستکردنی پانتایی سیاسیی.

لە دونیای باشور یان دونیای سێ، هەمیشە سوپا ئەو لایەنە بوە کە بە کودەتا هەستاوە. کەی سەرباز دەجوڵێت بۆ ناو سیاسەت، ئەو کاتانەی کە ئەفسەرەکان هەست دەکەن کە سیاسییەکان بێ پشتیوانی جەماوەرین و پشێوییان بەرهەمهێناوە. لەم کاتانەدا ئەوان هەست دەکەن فرسەتە، بە ناوی گەڕانەوەی سەقامگیریی و ئاسایش دەست بەسەر دامودەزگاکانی دەوڵەتدا دەگرن. بەڵام ئەمە لەو وڵاتانە ڕودەدات کە سوپا تیایدا یەک یەکەیە، بۆ نمونە تورکیا. 
بەڵام لەو جێگایانەی کە سوپا تیایدا یەک یەکە نیە، پرسەکە جیاوازە. 

وەک لە ماوەی ڕابوردودا دەمانبیست کە لە هەناو یەکێتیدا هەوڵی کودەتا هەیە. لێرەدا ڕاستی و ناڕاستی ئەم پرسە گرنگ نیە. چونکە بونی دەنگۆی کودەتا، کە لە ماوەی مانگ و هەفتەی ڕابوردودا زۆر بڵاوبوو، ئەوەی کودەتای بە سەردا دەکرێت دەبێت دەست بە جوڵە بکات. ئەم جوڵانە لە ئەدەبیاتی سەربازیدا پێی دەوترێت    Coup-Proof 
ئەگەر لەم ڕوەوە لە جولەکانی بافڵ تاڵەبانی بنوارین ڕەنگە کەمێک باشتر تێبگەین. لێرەدا تێگەیشتن بەمانای باش و خراپ نیە، بەڵکو چی و چۆن رویدا. یەکێک لە خەسڵەتەکانی هێرشەکەی لالەزار ئەوەبوو کە هێزێکی زۆر زیاتر لە پێویستی تیادا بەکارهات. ئەم بەکاربردنی هێزە بە مەبەستی گەیاندنی چەند پەیامێکە:

یەکەم، دەرخستنی ئەوەی کە ئەو خاوەن هێزە. چونکە کودەتا پێویستی بە هێزە، بونی هێز لە بەرامبەردا، بەتایبەتی هێزی تایبەت و گوێڕایەڵ، ڕێگرێکە بۆ کودەتا.
دووەم، هەبونی توانای بەکارهێنان. 
سێیەم، سڵنەکردنەوە لە هیچ بەربەست و سنورێک. 
لێرەوە ئێمە دەچینە قۆناغێکی نوێ لە سیاسەتی کوردیدا لە باشور، ئەویش سیاسەتی کودەتایە. 

لە پاش ڕاپەڕینەکانی پاریس ١٩٦٨ ئیداورد لوتاک کتێبێکی نوسی بە ناوی کودەتا، نامیلکە یان کوراسەیەکی پراکتیکی. مەبەستی ئێدوارد لەم کتێبە ئەوەبوو کە جەماوەر چەندێک نارەزایی دەرببڕێت ناتوانێت حکومەت بگۆڕێت، چونکە دەوڵەتی مۆدێرن بنەماکانی مانەوە و بەرگریی زۆری تیادایە. بۆیە دوو ڕێگای تر هەیە بۆ گۆڕین، یەکەمیان خەباتی گەریلایی، دووەمیان، کودەتا. خەباتی گەریلایی زۆر دەخایەنێ و زیانی زۆری هەیە و ئەگەری سەرکەوتنی گەرەنتی نیە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هیچ خەباتێکی گەریلایی بەبێ پشتیوانی دەوڵەتێکی تر سەرکەوتوو نابێت.

ئەوەی دەمێنێتەوە کودەتایە. کودەتا یانی کردەیەکی پلان بۆ داڕێژراوی نهێنی، خێرا لە کاتێکی تایبەتدا بۆ گۆڕینی حکومەت. بەڵام ئێستا وەها نیە.
ئەوەی لە کودەتای سلێمانیدا مایەی سەرسوڕمانە کە نهێنی نەبوو. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە گرنگ نیە. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە کە یانی چی کە ئێمە گواستمانەوە بۆ قۆناغی کودەتا لە سیاسەتدا.

ئەگەر سود لە تێزەکەی ئیدوارد ببینین، دەکرێت بڵێین،
یەکەم، جەماوەر بە تەواوی لە دەرەوەی سیاسەتە لە هەرێم.

دووەم، هەموو جۆرە فشارە مەدەنییەکان سڕ کراون یان بە تەواوی کپکراون. دیارە هۆکاری ئەمە زۆرە. بۆ نمونە بە پارە بونی هەموو شتێک لە کوردستان و قۆرغکردنی پارە لە دەستی نوخبەیەکدا.
سێیەم، سیاسەتی کودەتا یانی بوونی توندوتیژیی، بە کرۆکی پەیوەندی و مامەڵە. بە دیدی هەنا ئارێنت یانی کۆتایی سیاسەت. 

چوارهەم، سیاسەتی کودەتا یانی نەمانی متمانە، نەمانی توانای کاری پێکەوەیی، نەمانی سیستەمی حوکمرانی. کودەتا دۆخێک دروست دەکات کە تۆوی کودەتایەکی تر لە خۆیدا هەڵدەگرێت. بۆیە هەموو کودەتایەک پوتێنشاڵ یان ماتەوزەی کودەتایەکی تری تیادایە.

پێنجەم، ئێستا لە یەکێتیدا ڕوون نیە کێ کودەتاچیە و کێ دژە کودەتایە. ئەم ناڕونییە مایەی ناسەقامگیریی بە دواوەیە.
شەشەم. سیاسەتی کودەتایی یان لە ناچاریی بەرهەم دێت یان لە خەونی کۆنترۆڵکردنی هەموو دەسەڵاتەکان. وەک دەزانین هەموو حیزبەکانی کوردستان کۆنترۆڵکراون، ئەگەر کودەتا ببێت بە بەشێک لە گەمەی سیاسی ئەوا بێگومان لە حیزبەکانی تریشدا هەوڵی بۆ دەدرێت، بە تایبەتی کاتێک پرۆسەی دیموکراسی ناوەکی حیزبەکان دەمێکە فاتیحای بۆ خّوێندراوە.

حەوتەم، پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، ئێمەی زۆرینە چی بکەین؟ لە ئێستادا دەڵێن کە سلێمانی پەشۆکاوە، یان تۆقاوە، لە پاش یەک دوو کودەتای تر، خەڵکەکە ڕادێن. خۆی سیاسەت یاڕی ڕامکردنە: ڕامیاریی. بە هیوای ڕام نەبوون. بەڵام ڕامبوون گومانی تیادانیە. کاتێک لە کۆمەڵگای کوردی بەتاڵبوەتەوە لە هەموو کولتورێکی مەدەنیی و سیاسیی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار