دادگا؛ ئامرازی دەستی دەسەڵاتداران لە کەیسە سیاسییەکاندا

4 كاتژمێر لەمەوپێش



بانگەواز بۆ لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان و نوخبەی نووسەران و ڕوناکبیران و میدیاکاران

تاریق فاتیح
 
فلاشباکێک لە داداگاییکردنەکانی سەردەمی شۆڕش لە شاخ کە لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە کەیسە سیاسیی و حزبییەکان بەبێ تێپەڕبوون بە پڕۆسەی داداگاییکردندا بڕیاریان لەسەر دەدرا کە بڕیارەکانیش کەسیی بوون یان لە باشترین حاڵەتدا لەلایەن لیژنەیەکەوە یەکلایی دەکرانەوە.

بەشێکی تریان دەبرانە ناو پڕۆسەی دادگاییکردن و کەسێکی خاوەن باکگراوند و بڕوانامەداری ئەکادیمیی لە بواری یاسادا، دادوەریی بۆ کەیسەکان دەکرد. بەڵام هێشتا ئەم دادگاییە یاساییانەش بە توندی لە ژێر هەژموونی سیاسیی و حزبیی دەسەڵاتدار و پلەدارە حزبییەکاندا بوون و پڕۆسەکە بە گوێرەی خواستی کەسیی و حزبیی ئەوان کۆتایی پێدەهات.

هەندێک جاریش بۆ پیشاندانی میهرەبانیی و دڵگەورەیی و بەرجەستەبوونی قودرەت و عەزەمەت، کەمکردنەوەی سزاکە یان تەنانەت تا ڕاددەی لێخۆشبوون لەلایەن کەسی یەکەمی حزبەکانەوە بڕیاری لێدەدرا.

ئەم نەریتی دەستێوەردانە لە قەزا و گەڕاندنەوەی وورد و درشتی بڕیارە کارگێڕیی و یاساییەکان بۆ حزب و لەوێشەوە بۆ بازنەی یەکەمی دەسەڵاتدارێتیی لە نێو حزب، بە تایبەتی و بە پلەی یەکەم  هەردوو حزبە سەرەکییەکە، درێژکراوەی هەبوو بۆ دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و بەنێو سەرجەم دەزگا یاسایی و کارگێڕییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا وەکو تۆپەڵە ڕیشاڵێکی کانسەریی بڵاوبووەوە.

ئەم دوو هێزە دەسەڵاتدارەی کوردستان بە تەواوەتی بوونەتە خۆرە بۆ ئەزموونی حوکمڕانیی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان و ژیانی خەڵکیان بەرەو نابوودبوونیی ئابووریی، ناجێگیریی سیاسیی و نائارامیی لە ڕووی ئەمنیەوە ئاراستەکردووە و پاڵپێوەناوە.

دوای ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی دوو ساڵ دواکەوت و هەموو دەزگا دەوڵەتییەکان کەوتنە نێو بۆشایی یاساییەوە، ئێستاش نزیک دەبێتەوە لە ساڵێک کە بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە و پەرلەمان ناتوانێت کۆببێتەوە. هەواڵێک لە ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت لە ئارادا نییە و دەزگای قەزاییش بە هەمانشێوە.

بە کورتی هەرسێ دەسەڵاتی یاسایی، جێبەجێکردن و قەزایی گەیشتوونەتە بنبەست و خەریکە بە تەواوی ئیفلیج دەبن.

ئێمە لە ساڵانی ڕابردوودا لە سەرانسەری کوردستاندا شاهیدی چەندین کەیسی سیاسیی و میدیایی بووین کە بە دەستێوەردانی حزبیی و ڕاستەوخۆی دەسەڵاتداران لە داداگاییکردنەکاندا، ڕەوایەتیی دادگا و دادپەروەریی یاساییان خستووەتە ژێر پرسیارەوە.

ئێستا ئێمە لەبەردەم ساتەوەختێکی گرنگ و چارەنووسسازداین بۆ کۆتاییهێنان بەو نەریتە دزێوەی کە دژ بە ڕۆحی دادوەریی و یاسایە. ئێستا دوو کەیسی یاسایی و قەزایی لە شاری سلێمانی هاتوونەتە پێشەوە کە بە ئەگەری زۆر پێدەچێت کەیسی سیاسیی بن، ئەوانیش دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگیی و شاسوار عەبدولواحیدن.

پێویستە ئەم دوو کەیسە بکەین بە وێستگەی کۆتاییهێنان بە هەژموونی سیاسیی و کەسیی دەسەڵاتداران لە دەزگا کارگێڕیی، یاسایی و قەزاییەکاندا.

بە گوێرەی ئەزموونی ڕابردوومان لە چەندین کەیسی سیاسیی و میدیایی دیکە لە دادگاکانی پارێزگای سلێمانی، ئەوە دەزانین کە دەستێوەردانی کەسیی دەسەڵاتداران و هەژموونیان بەسەر دادوەران و پڕۆسەی داداگاییکردنەوە، کە ئەمە چەندین جار لەلایەن دەسەڵاتداران و پلەدارە حزبییەکانی سلێمانییەوە دانی پێدانراوە تا دەگات بە خودی کەسی یەکەم و سەرۆکی حزبەکەش خۆی، نیشانەی پرسیار لەسەر بڕیار و داداگایی و خودی کەیسەکانیش دروست بووە، لەبەر ئەم هۆکارەیە باشترە دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگیی بە پلەی یەکەم و دواتریش شاسوار عەبدولواحید ببرێتە شارێکی دیکەی هەرێم بۆ نموونە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان یان بەغدای پایتەختی حکومەتی ناوەندیی. تەنها ئەم بژاردەیە و ئەم ئەگەرە دەتوانێت گەرەنتی سەربەخۆیی ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەکان و پڕۆسەی دادگاییکردنی لاهور شیخ جەنگیی و برا و هاوڕێکانی و دەستەی چەکدارەکانی بکات.

ئێمە کە وەکو بژاردەی دووەم دەڵێین گواستنەوەی کەیسەکە بۆ دادگاکانی بەغدای پایتەختی حکومەتی ناوەندیی، لەبەرئەوە نییە کە زۆر دڵمان بە عێراق خۆش بێت و هەواداری حکومەتی ناوەندیی بین، نا بە پێچەوانەوە ئێمە لە هەموو وێستگە گرنگ و دۆخە چارەنووسسازەکاندا هەڵوێستمان ڕوون و ئاشکرا لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و داکۆکیکردن لە نیشتمانەکەمان بە دەنگی بەرز ڕاگەیاندووە، بەڵام بژاردەی بەغدا بۆ ئەم دوو کەیسە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەستیاریی دەسەڵاتدارانی سلێمانی و پلە باڵاکانی یەکێتیی لەبەرچاو دەگرین و بۆ نەهێشتنی ئەگەری زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخەکە و تێکچوونی پەیوەندیی نێوان هەردوو پارتە سەرەکەییەکە، یەکێتی و پارتی، دەگەڕێتەوە. لەبەر ئەم هۆکارە زیاتر جەختمان کردووەتە سەر گواستنەوەی کەیسەکە بۆ بەغدا.

ئەمەش کارێکی نەکردە و ئەستەم نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە زۆر سادە و ئاسان دەتوانرێت هەموو ئەوەی پەیوەندیدارە بە هەردوو پەروەندەی لاهور شێخ جەنگیی و شاسوار عەبدولواحیدەوە بگوازرێتەوە، بۆ نموونە بۆ بەغدا، هەر لە خودی تۆمەتبارکراوانەوە بۆ دۆسیە و ئەوراقەکانیان و تا دەگات بە داواکار و سکاڵاکاران و پارێزەرەکانیشیانەوە.

تەنها ئەم ڕێگەیە دەتوانێت پرسیار و گومان لەسەر ڕەوایەتیی و مافپەروەریی و یاساییبوونی پڕۆسەی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگیی و شاسوار عەبدولواحید بڕەوێنێتەوە. تەنها ئەم بژاردەیە دەتوانێت بمانگەیەنێت بە حەقیقەتی بابەتەکە و ئەسڵی کێشەکە و دەرئەنجامی ڕاستەقینەی کەیسەکە.

ئەم بژاردەیە جگە لەوەی مافە ڕەوا و یاساییەکانی هەردوو تۆمەتبارکراو دەپارێزێت و ڕەزامەندییەکی گشتیی دەستەبەر دەکات هەروەها ڕاستگۆیی و میسداقییەتی لایەنی سکاڵاکارانیش پیشاندەدات و دەردەخات.

گرنگ و پێویستە لایەنە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش خاوەندارێتیی بکەن لە هەردوو کەیسەکە و هەمان داواکاریی بگەیەنن بە هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم و داواکاریی پێشکەش بکەن بۆ دەزگایی قەزایی هەرێم و دەزگای قەزایی بەغدا، هەروەها داوا لە هەر سێ دەسەڵاتەکەی عێراق بکەن بۆ گواستنەوەی هەردوو کەیسەکە بۆ بەغدا، ئەمەش بۆ ئایندەی سیاسیی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان خۆیان دەبێتە پشتگیریی و پاڵپشتییەکی بەهێز، چونکە ئەگەری ئەوەی کە ئەوانیش ڕێیان بکەوێتە دادگا لە ئایندەدا، ڕەنگە ئەگەر بڵێین، ئەگەرێکی کراوە و بەهێزە، هەڵە نەبێت.

هەمان لۆژیک و ئەرگیومێنتی پێشتر بۆ ڕۆژنامەنووس و میدیاکاران و نوخبەی نووسەران و ڕوناکبیران ڕاستە، لەبەرئەوە داوادەکەین و بانگەواز دەکەین لە هەڵمەتێکی بەهێزی هاوپشتیی و بەرپرسیارێتییدا لە ئاست جڤاتی کوردیی و ماف و ڕەوایەتیی و یاساییبوونی هەردوو کەیسەکە، داوای گواستنەوەی پەروەندەی لاهور شێخ جەنگیی بە هاوپێچ لەگەڵ براکەی و هاوڕێکانی و دەستەی چەکدارەکانی لەگەڵ کەیسی شاسوار عەبدولواحید، دەکەین بۆ بەغدای پایتەخت.

​بەڕێزیشت ئەگەر لەگەڵ ناوەڕۆک و پەیامی ئەم نووسینە و بانگەوازەدایت، نووسینەکە کۆپی بکە و ناو و ناونیشانی خۆت لە خوارەوە بنووسە و بۆی زیاد بکە و پاشان لای خۆت پۆستی بکە و بڵاویبکەرەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار