دەسەڵات بە زۆرەملێ تێگەیشتن لە کتێبی "دانپێدانانی ئەشکەنجەدراوان"ی ئێرڤاند ئەبراهامیان.

10 كاتژمێر لەمەوپێش
د. عەزیز ڕەئووف
"دانپێدانانی ئەشکەنجەدراوان"ی ئێرڤاند ئەبراهامیان کتێبێکی گرنگە سەبارەت بەوەی کە چۆن ئەشکەنجە و پاشگەزبوونەوە و دانپێدانان بە زۆرەملێ بووەتە کردەیەکی دیاری سیاسەتی نوێی ئێران. کتێبەکە لە ساڵانی کۆتایی دەسەڵاتی شای پەهلەوی و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە دوای ساڵی ١٩٧٩ دەکۆڵێتەوە و نیشان دەدات کە لە کاتێکدا ئەو دوو ڕژێمە لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە جیاواز بوون، بەڵام هەمان شێوە پشتیان بە دانپێدانانی زۆرەملێ وەک ئامرازێکی کۆنترۆڵکردنی سیاسی بەستووە. دانپێدانانەکان لەبری ئەوەی سەرنجیان لەسەر ڕاستی یان بەڵگە بێت، کەچی وەک نمایشێک بۆ ناوزڕاندنی نەیاران و شەرعیەتدان بە دەسەڵاتداران نمایشیان دەکرد.
تەوەری سەرەکی کتێبەکە ئەوەیە کە ئەشکەنجەدان بە پلەی یەکەم سەبارەت بە دەرهێنانی زانیاری نەبووە لە دەستگیرکراوەکە، بەڵکو مەبەست لێی شکاندنی زیندانییەکە بوو لە ڕووی دەروونییەوە و ئامادەکردنی بۆ دەستبەرداربوون لە بیروباوەڕەکانی لەبەردەم میدیا و خەڵکدا. واتە زانیارییەکانی دەستگیرکراو بۆ شکاندنی کەسی تر و مەبەستی تر بووە. زۆرجار قوربانییەکان تووشی لێدان و زیندانیکردنی تاکەکەسی و تەزووی کارەبا و شێوازی دڕندانەی دیکە دەکران تا دەستبەرداری ڕاستییەکان ببن، کاتێک ئەم پرۆسەیە لە ژوورە تاریکەکاندا ئەنجام دەدرا، دەوڵەت دەیتوانی دانپێدانانێکی بەڕواڵەت پێشکەش بکات، کە لە چاوی خەڵکدا قورسایی زۆر زیاتر پیشان دەدات و ڕاستی دەبێت بە درۆ و درۆش وەک ڕاستی نمایش دەکرێت.
ئەبراهامیان تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن میدیا ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە بڵاوکردنەوەی ئەم دانپێدانانە بەرهەمهێنراوانە. چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەکان و بابەتەکانی ڕۆژنامەوانی وا وێنایان دەکرد کە دەستگیرکراوان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، یان خیانەت لە هاوڕێ و گروپە سیاسییەکانیان دەکەن، یان ستایشی حکومەت و دەسەڵات دەکەن. ئەم دانپێدانانانە بە وردی سیناریۆی بۆ دانرا، ئەمەش بۆ دروستکردنی جۆرێک لە وەهم کە لای خەڵک وەک جۆرێک لە ڕاستی بیانبینن. بۆ هاووڵاتیانی ئاسایی، بێ ئاگا لەو ئەشکەنجەیەی کە لە پشت دیواری زیندانەوە ئەنجامدراوە، ئەم جۆرە دانپێدانانە لای بەشێک لە خەڵک یان دەسەڵات گومانی دروست دەکرد. بەم شێوەیە میدیا درۆی زۆرەملێی کردە حەقیقەتی سیاسی و دەسەڵاتی بەهێز و نەیارانیشی لاواز دەکرد.
هەروەها کتێبەکە کردەوەکانی دەوڵەتی ئێران لە چوارچێوەیەکی مێژوویی فراوانتردا دەبینێت. ئەبراهامیان پاشەکشەکردن لە ئێران بەراورد دەکات بە دادگاییکردنی نمایشی ستالین لە یەکێتی سۆڤیەت، دانیشتنەکانی خەباتی ماوییەکان لە چین. لە هەر حاڵەتێکدا دانپێدانانەکە کردەیەکی دادپەروەری نەبوو بەڵکو هەوڵێک بوو بۆ گوێڕایەڵی و دروستکردنی جۆرێک لە پڕوپاگەندە. بەڵام سەرکوتکردن لە کۆماری ئیسلامیدا لەوە زیاتریش ڕۆیشت، بە هەزاران لەسێدارەدانی سیاسی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو و کوشتاری بەکۆمەڵی بەناوبانگی ساڵی ١٩٨٨، کە زیندانییەکان فشاریان دەخرایەسەر کە دەستبەرداری بۆچوونەکانیان ببن ئەگەرنا ڕووبەڕووی مردن دەبنەوە.
دواجار، دانپێدانانی ئەشکەنجەدراوان ئەوە نیشان دەدات کە چۆن ئەشکەنجە و پاشگەزبوونەوەی گشتی لە ئێرانی مۆدێرن گۆڕدرا بۆ شانۆی سیاسی. بۆ زیندانییەکان ئەم دانپێدانانە جۆرێکە لە کوشتنی کەرامەت. بۆ ڕژیم ئامرازی بەهێزی پڕوپاگەندە بوونی هەبوو، درۆیان دەکردە چەک و ترسیان دەکردە گوێڕایەڵی. کتێبەکەی ئەبراهامیان هەم مێژووی زیندانەکانی لە ئێران نیشان دەدات، هەم هۆشدارییەکە سەبارەت بەو ڕێگایانەی کە میدیا و توندوتیژی و دەسەڵات دەتوانن یەکبخرێن، ئەمەش بۆ بەرهەمهێنانی واقیعی درۆینە کە هەوڵ بدات تەواوی کۆمەڵگە لە قاڵب بدات.
