میلیشیا چیە؟

6 كاتژمێر لەمەوپێش
د. سەردار عەزیز
ئەم ڕۆژانە خانمێکی ئەمریکی، پاش سەردانی ئەمریکا هات بۆ ماڵمان، جاران دایەنی میرۆی کوڕمان بوو، دەنگوباسی ئەمریکام لێ پرسی: ووتی هەموو ساڵێک کە دەگەڕێمەوە زیاتر هەست بە نامویی دەکەم. ئەمساڵ زۆر سیمبول و ئاماژە هەبوون لێیان تێنەدەگەشتم، بە تایبەتی سیمبول و ئاماژەکانی ئەو هەموو میلیشیایە کە تازە سەریانهەڵداوە. ئەمریکا لە مێژویدا هەمیشە وڵاتی میلیشیا بوە. سێیینەیەکی ئاڵۆز هەیە لە نێوان چەک و ئازادی و دەوڵەتدا. بەڵام میلیشیا لە هەناو هەر کەلتورێکدا بە پەیوەست بە ئەو کەلتورەوە دروست دەبێت.
ئێستا کوردستان جێگای میلیشیای زۆری جۆراو جۆرە. میلیشیا یانی ئەو هێزە چەکدارانەی کە وابەستەی بڕیاری کەسێکن لە پێناو ئەو کەسەدا.
بۆ من میلیشیای کوردستان یان عێراق یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕەگی لە خێڵ و لە تیرەدایە. تیرە یان خێڵ سیستەمێکی فرە ئاستی ڕێسا و نەریتە، کە بە قوڵی ڕۆچوەتە ناخی هەموو تاکێکی ئەو کۆمەڵگایانەوە. وەک مارک وینەر لە کتێبی ڕێسا یان حوکمی تیرەدا ئاماژەی پێدەدات، ئەم جۆرە یاسا ناوەکیی و ڕێسایانە دژ بە حوکمی یاسان، rule of law vs. rule of clan.
کرۆکی پەیوەندی میلیشیاکان لە سەر بنەمای دڵسۆزی و وەلائە، نەک یاسا و ڕێسا. کاتێک دەبینیت و دەبیستیت کە ئەندامی هێزێکی چەکدار داوا دەکات کە ئەندامی هێزێکی تر بکوژێت، ئەمە فەلسەفەی ئەو هێزانە کورت و پوخت دەکاتەوە.
ئەو کەسە کە ئەو داوایە دەکات، ئەوەی دەیەوێت پێشانی بدات ئەوەیە کە دەیەوێت دڵسۆزی خۆی بۆ گروپەکەی یان سەرکردەکەی پێشان بدات. بۆیە هەمیشە دڵسۆزی یانی توندوتیژی. هەتا کەسێک زیاتر دڵسۆزبێت بۆ گروپەکەی یان سەرۆکەکەی ئەوا ئامادەیی تیادایە کە زیاتر پەنا بباتە بەر توندوتیژی. لێرەدا توندوتیژی بێ سنورە، چونکە حوکمی یاسا و ڕێسا مۆدێرنەکان لە ئارادا نین.
لە دونیای مۆدێرندا جەنگ دەبێت سنوری هەبێت. شەڕ و تاوان جیاوازن. بەڵام لە ڕێسای تیرەدا شەڕ و تاوان جیاواز نین.
میلیشیا بەکاربردنی ڕەهەندە تایبەتەکانی مۆدێرنەیە، وەک چەک، ڕاهێنان، تەکنەلۆجیا و زۆر شتی تر بەڵام لە ناو چوارچێوەی کەلەپور یان تەقلیددا. لێرەوە میلیشیاکان دژ بە دەوڵەت یان حکومەتن، بەڵام پێویستیان پێیەتی.
لە پرۆسەی چاکسازی پێشمەرگەدا ئەم ڕەهەندانە لە بەرچاو نەگیران، بۆیە ئەو هەوڵە تەنها وەک دەمەتەقەی شەوان مایەوە.
