پڕۆسەی هەژارسازی؛ وەک میکانیزمێکی سیستم بۆ مانەوە

21 كاتژمێر لەمەوپێش



بڕوا ستار

پێش هەموو شتێک، پێویستە دوو پرسیار لەخۆمان بکەین؛
-  لە کاتێکدا ئازارەکانمان هاوبەشن و دەردەکانمان یەکن، ئەی بۆچی ناتوانین لە چوارچێوەیەکدا دەریانبڕین و بەیەکەوە کار بۆ چارەسەرکردنیان بکەین؟

-  ئەو نهێنییە چییە، کە ئێمەی هاوژان ناتوانین بەیەکەوە کۆببینەوە و ژانەکانمان لە کارێکی دەستەجەمعیدا مانیفێست بکەین، ئاخۆ چی ڕێگرییەک هەیە؟
بۆ وەڵامی ئەو دوو پرسیارە، پێویستمان بە هەڵوەستە و بیرکردنەوەیەکی قوڵ هەیە، تا بتوانین لە ڕێگەیەوە، شەنوکەوی ئەو پەرتەوازییە بکەین، کە ئەمڕۆ هەموومانی خستووەتە گێژاوەوە.
هەژاری، یەکێکە لە دەردە کوشندە و ئامرازە مەترسیدارەکان، بۆ گەیاندنی کۆمەڵگە بە دۆخێکی دژوار و چەقبەستوو، کە دەرئەنجامەکەی لە ڕیشەوە هەڵکێشانی هۆشی گشتییە و تواندنەوەی خێرای هەموو ئەو بنەمایانەیە کە مرۆڤ بە کۆمەڵگەکەی دەبەستێتەوە، بە واتایەکی تر مرۆڤ دەباتە ئەو دۆخەی، کە تەنها لەپێناو مردندا بژیێت.

بە دیاریکراوی لەدوای شۆڕشی بۆرژوازی فەڕەنسی و شۆڕشی پیشەسازی و دەرکەوتنی تاریکوڕوونی ڕژێمی لیبڕالیزم، ئیتر وردەوردە کۆمەڵگە بەرەو دوو ئاراستەی جیاواز دەکشا، بە ئەندازەیەک لە سەدەی ١٩ بەولاوە، هاوشانی ماکینەی ئەو دوو شۆڕشە، مرۆڤیش بووە ماکینەی سێیەم و کاریگەرترین ماکینەی ئەو سیستمە، هەر ئەوەش بووە هۆکاری ئەو پێشکەوتنە خێرایەی، کە سیستمەکە لە ماوەی دوو سەدەدا بەخۆییەوە بینی.

ئەمەش بووە هۆکاری دەرکەوتنی کۆمەڵگەیەک، کە زۆرینەی ببێتە ماکینەی سیستەمەکە و لەسەر ساجی عەلی بژیێت، بەشە کەمینەکەشی ببێتە خاوەنی.
- پڕۆسەی هەژارسازی و دەستکەوتەکانی سیستم

سیستمی دەستەڵاتداری، بە تایبەت ئەو سیستمانەی خواستی مانەوەیان هەیە، هەمیشە هەژاری دەکەنە کاریگەرترین چەکی مانەوەیان، چونکە لە دۆخی هەژاریدا مرۆڤ تەنها لە هەوڵی مانەوەی خۆیدایە، بە واتایەکی تر توانای نییە جگە لەخۆی ئەوانی تریش بپارێزێت، ئەمەش وردەوردە مرۆڤ لە خواستی گشتی دادەبڕێنێت و دەیخاتە ناو خواستێکی تایبەت، بە تێپەڕبوونی کاتیش، بەهۆی ڕیزبەندی گرنگترین پێویستییەکان، ئەو خواستە تایبەتە لە نان و مانەوەدا کورت دەبێتەوە، بەمەش ئەگەرچی مرۆڤەکان بڕوایان لەیەک نزیک بێت، بەهۆی ڕیزبەندی پێویستییەوە لێکیان دادەبڕێنێت، ئەمەش ئامانجی سەرەکی ئەو ڕژێمەیە، چونکە نزیکبوونەی مرۆڤەکان، دەشێ دەستکەوتی سیستمەکە بخاتە ژێر مەترسییەوە و تێگەیشتی هاوبەش بۆ تێپەڕاندنی درووست بکات.

مرۆڤ لە چوارچێوەی سیستمی دەستەڵاتی سەرمایەدا، تواناکانی هێندە سنووردار دەکرێن، لە هیچ گۆشەیەکەوە ناتوانێت بەرەنگار بێتەوە، سەرنج بدە، لە سیستمی سەرمایەداریدا، یەکێک لە سیما هەرە بەرچاوەکان، بە تایبەتکردنی سەرجەم کایەکانی ژیانی مرۆڤە، کە ئامانج لێی دابڕینی کۆمەڵگەیە بەسەر دوو تەوەرەدا، کە یەکێکیان دەستەڵاتدارە و کەمینەی کۆمەڵگەیە، ئەوەی تریان دەستەڵات بەسەردا سەپێندراوە و زۆرینەیە، بە وردی سەرنج بدە ئەوەی کە کەمینەیە و فەرمان بە زۆرینە دەکات، بابەتەکە بەهێزی و بێهیزی نییە، بەڵکو خودی سەرمایەیە، کە لە سەرەتاوە زۆرینە لە پەلوپۆ دەخات، چۆن؟

زۆرینە، کە لەدایک دەبێت، بە پەروەردەیەکی خراپی خێزانی و دەوروبەردا تێدەپەڕێت، کە سەرتاپای بیرکردنەوە، وانەی ژیان و خوێندنی لە ململانێی پەیداکردنی بژێوی و نانی ئەمڕۆی دەئاخنرێت، بەمەش مرۆڤێک دێتە مەیدان، کە تەنها لە هەوڵی خۆبژێویدا بێت، بەمەش وا بیردەکاتەوە، ئەگەر بێت و هاوکاری ئەوانەی تری وەک خۆی بکات، ئاستی خۆبژێویەکەی بە ڕادەیەکی زۆر دادەبەزێت، هۆکارێکی تریش ئەوەیە؛ مرۆڤی چینی خوارەوە هێندە بە لاوازی چاوی بە ژیان هەڵدێنێ، کە هەموو جیهان لەچوارچێوەی ژیانی خۆیدا دەبینێت، ئەو پێیوایە ئەو مرۆڤانەی لە سەرەوەی بژاردەی مرۆڤ نین، بەڵکو هێزێک لە سەرووی ئەمان، ئەوانی بەو شێوە درووست کردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار