ڕێڕەوی سعودیە

19 كاتژمێر لەمەوپێش
هەندرێن شێخ ڕاغب
کورد دوو کیانی ھەیە، لە عێراق و سوریا. ھەردووکی کاریگەری و پشتیوانی ئەمریکای ھەیەو نکۆڵی ناکرێت پاڵپشتی ئەمریکا ھێجگار گرنگە. ئەگەر ئەمریکا بکشێتەوە نازانرێت چارەنوسی کورد چی بەسەر دێت.
لە ئێستادا ئیدارەی تڕەمپ لە کۆشکی سپی خاوەنی بڕیارە، سەرۆک تڕەمپیش دوو شتە پارەو شەق. دنیا بەمجۆرە ئیدارە دەدات یان دەبێت پارەی خۆت بدەیت، یان شەق دەخۆیت.
شتێکی سەرنج راکێش ھەیە لای دۆناڵد تڕەمپ ئەویش ھەر سەرۆکێکی ئەمریکا کە یەکەم گەشت دەکات دەچێتە بەریتانیا یان وڵاتی دیکەی ئەوروپا، بەڵام ئەمجارە کە تڕەمپ گەیشتەوە کۆشکی سەرۆکایەتی، یەکەم گەشتی بۆ سعودیە بوو. لەوێ رایگەیاند گەورەترین دەستکەوتی بۆ ئەمریکا دەستەبەر کردووە کە وەبەرھێنانی سعودیەکان و دەوڵەتانی کەنداوە بە نرخی یەک تریلیۆن دۆلار. کەواتە سعودیە سەرپەرشتی پڕۆژەیەک دەکات کە یەک تریلیۆن دۆلارە بۆ ئەمریکا. ئەوە جگەلەوەی رۆژانە بە ملیۆن بەرمیل نەوت دەداتە ئەمریکا.
ئەمریکاش لە عێراق پشتیوانی کورد نیەو نیشانەکانی دیارن. لە سوریاش ھەموو رۆژێ لەگەڵ ئەحمد شەرع لە کۆبونەوەیەو نوێنەرەکەی بەئاشکرا باسی مەرکەزیەتی سوریاو دژایەتی فیدڕاڵیەتیش دەکات. بۆیە کورد دەبێت ئەم شوێن و ناوەندە بڕیارو کاریگەرانە بدۆزێتەوە کە دەتوانن کاریگەری لەسەر ئیدارەی ئێستای کۆشکی سپی دروست بکەن. بۆ ئەم مەبەستە سعودیە ناوەندێکی ھەرە کاریگەرە. لە چەند روانگەیەکەوە سعودیە دەتوانێت کۆمەکی کورد بکات:
-لە عێراق شیعە حوکمڕانە، سعودیەکان زۆر دژی ھەژمونی شیعەن لە عێراق و جەمسەرێکی گەورەی سونەن، بۆ گوشار دروست کردن لەسەر شیعەکان دەکرێت کۆمەکی ھەندێک دۆسیەی کوردیش بکات لەگەڵ سونە لە عێراق و قسەیەک لەگەڵ ئەمریکیەکان بکات.(ھەرچەندە من دژی ناکۆکی کوردو شیعەم و پێم وایە نابێت رێککەوتنیان نەبێت بەڵام ئەمە بابەتێکی ترە)
-سعودیە دژی ھەژمونی ئێرانە، زۆر دژی رژێمی ئێستای ئێرانە، بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان بەھێزبێت و بەرگەی فشارەکانی ئێران بگرێت، دەشێ سعودیەکان کاریگەری لەسەر ئیدارەی ئەمریکا دروست بکەن.
-باس لەوە دەکرێت لە ئاوەدان کردنەوەی سوریا، سعودیەو دەوڵەتانی کەنداو چاوی زۆریان لەسەرەو چاوەڕێ دەکرێت کاریگەری گەورە لەسەر نەخشەی سوریا دابنێن، بۆیە کورد ھەوڵی خۆی بدات کە پشکیان لەم ئاوەدانیە ھەبێت و شتێک نەکەن زیانیان بەرکەوێت لەھیچ پڕۆژەیەکی ناو سوریا کە پارەی بۆ خەرج دەکرێت.
-سعودیە لەروی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و مەدەنیەت تۆمارێکی باشی نیە، بەڵام ئێستا لە ئیدارەی تڕەمپ ئەمانە یەک فلس ناھێنن، تەنھا شەق و پارە دەیخوات. بۆیە سعودیەکان کە پارەکە دەدەن دەشتوانن کاریگەری لەسەر تڕەمپ بکەن.
-سعودیە یەکێک لە کۆڵەکەکانی رێککەوتنی ئیبراھیمیە، کە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانیانە لەگەڵ ئیسرائیل، بۆیە سعودیەکان لەم رێگایەشەوە دەتوانن رۆڵ ببینن کە ئیسرائیل خزمەت بە سەقامگیری و داواکاریەکانی کورد بکات و دژایەتی کورد نەکات.
-سعودیە پارەیەکی زۆر دەداتە میدیای عەرەبی و رای گشتی عەرەبی، راگەیاندنێکی زەبەلاح لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە نھێنی و بە ئاشکرا بەڕێوەدەبات، بۆیە دەتوانێت فشار لەسەر کورد کەم بکاتەوەو بە پێچەوانەوە رای گشتی عەرەبی بەرامبەر کورد ئەرێنی و باش بکات. بەتایبەت لەناوخۆی سوریاو عێراق.
-سعودیەکان پڕۆژەیەکی زۆر گەورەو بێ وێنەیان دەست داوەتێ لە رووی دروستکردنی ناوەندی گەورەی پیشەسازی، ئابوری، وەرزشی، بازرگانی، ئاوەدان کردنەوە، وەبەرھێنان، ئەوەی سعودیە دەیکات زۆر فراوان و گەورەو کاریگەرە، بۆیە گرنگە کورد لەم پڕۆژە تازانەی سعودیە تێبگات و ھەوڵ بدات سودمەند بێت لەم روانگەیەوە.
-بەدیلێکی دیکەیە بۆ ھەژمونی ئێران و تورکیا، کە کورد ھەوڵ بدات ئەوەندە دابەش نەبێت بەسەر ئێران و تورکیا, ئەمریکاش دژ نیە، چونکە سعودیە ناڕاستەوخۆ واتە ئەمریکاو تەنانەت رەزامەندی ئیسرائیلیش؟.
سعودیە یەک تریلیۆن دۆلار بداتە تڕەمپ، ئایا دەکرێت تڕەمپ گوێی لێ نەگرێ؟ بۆیە سعودیە رێڕەوێکی زۆر گرنگی کێشەی کوردە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکا. دەکرێت ھەوڵی ورد بدرێت بۆ ئەوەی سودمەندبین لە سعودیە.
