کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و پاشەڕۆژی هەرێمی کوردستان

10 كاتژمێر لەمەوپێش



عەلی ئۆرەماری

بە پێی ئەو ڕێککەوتنەی کە ساڵی 2024 لە نێوان ئەمریکا و عێراقدا واژۆ کراوە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بە دوو قۆناغ بەڕێوەدەچیت:

قۆناغی یەکەم: لە ئەیلوولئ 2024 تا ئەیلوولی 2025دا بەڕێوەدەچێت و ئەمریکا جگە لە تیمی ڕاهێنەران، هیچ هێزێکی شەڕکەر لە عێراق ناهێڵێتەوە و هەموو بنکەکانی خۆی لە بەغدا و عەین ئەسەد چۆڵ دەکات.

قۆناغی دووەم: لە ئەیلوولی 2025 تا یەلوولی 2026 بەڕێوەدەچیت، ئەوەش کێشانەوەی هەموو هێزە شەڕکەرەکان لە هەرێمی کوردستان بەخۆوە دەبینێت و بەو پێیەش لە ساڵی داهاتوودا هیچ هێزێکی ئەمریکی لە عێراقدا نامێنیت بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

لێرەوە مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم دروست دەبێت، لە بری ئەوەی ئێمە یەکڕیزی ناوماڵی هەرێم ڕێکبخەین و کۆتایی بە ناسەقامگیری سیاسیی لە هەرێمیدا بهێنین، بەداخەوە بەشێک لە بەرپرسانی هەرێم لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی عێراق قسە دەکەن، وەک ئەوەی کە بۆ هەرێمی کوردستان شامی شەریف بێت

ئەو بەرپرسانە وا لێکدەدەنەوە کە لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، عێراق ڕووبەڕووی شەڕێکی وێرانکەر ببێتەوە و هەلێکی دیکە بۆ هەرێم دەڕەخسێت کە ئەوە چەند ساڵە لەگەڵ بەغدادا دەناڵێنێت، جارێکی دیکە بەهێز ببێتەوە و ببێت بە ژمارەیەکی قورس لە عێراق و هەرێم، ئەو کات بەغداش ناچار بێت بە هەموو مەرجەکانی هەرێمی کوردستان ڕازی بێت، کە بە پێی خوێندنەوەی ئێمە ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە.

ئەگەر هەرێمی کوردستان بەخۆیدا نەچێتەوە و کۆتایی بە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی نەهێنیت، پرسی حکومڕانی ئاسایی نەکاتەوە، پەرلەمان چالاک نەکاتەوە، کابینەی نوێ پێکنەهێنیت و ناوماڵی هەرێم یەکنەخاتەوە و کۆتایی بە ناسەقامگیری سیاسیی نەهێنیت، من لەو بڕوایەدام پێش ئەوەی حکومەتی عێراق هەڵبوەشێتەوە و ڕووبەڕووی شەڕێکی ڕاستەوخۆی ئەمریکا یان هێرشی مووشەکی ئیسرائیل یاخود سەرهەڵدانەوەی داعش ببێتەوە، هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە چوارگۆشەی سەرەتای بەر لە لێدانی عێراق لە 2003دا.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەش کە هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە لە 20 ساڵی ڕابردوودا سیستەمێکی پێشکەوتووی بەڕێوەبردنی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات و پێشخستنی دیموکراسی پیشانی دۆستەکانی کورد بدات، ڕەنگە ئەو بیست ساڵەی ڕۆیشت لە بەرژەوەندی هەرێم دووبارە نەبێتەوە و ئەو دەستکەوتانەش کە تا ئەمڕۆ بەدەستهاتوون بکەونە بەردەم شەپۆلی مەترسییەکان، ئەوکاتیش کورد وەک هێزێکی لاواز مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار