پشتی پەردەی سیاسەت

6 كاتژمێر لەمەوپێش



د. عەدالەت عەبدوڵڵا
لە دنیای سیاسەتدا، ئەگەر تەنها رووكاری رووداوەكانی ناو ئەم كایەیە ببینیت، ئەوا زۆر زوو دەكەویتە هەڵەوە، هەڵسەنگاندنیشت لۆكاڵییانە و دابڕاو دەبێت لە هۆكاری قووڵی گۆڕانكارییەكان.

سیاسەت لە سەردەمی جیهانگیریدا Globalization، واتە فراوانبوونی تۆڕی جاڵجاڵۆكەیی پەیوەندیی موخابەراتی نێوان وڵاتان و گروپە سیاسییەكان و تەوەربەندییەكانیان و ناوەندەكانی بڕیاردانیان و ئیدارەدانی وردی دۆسێكان.

ئەمڕۆ جەنگی روسیا-ئۆكرانیا، ململانێكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەڕ و كوشتارەكانی ئەفریقیا: لە سودان، ئەسیوبیا، سۆماڵ، كۆنگۆ، باشووری سودان و .. هتد) بەگشتی، لەو دۆسێیانەن كە موخابەراتی نێودەوڵەتی، یان زلهێزەكان، بەجیا، یان بە هاوبەشی و هەماهەنگی، بەڕێوەیان دەبەن!.

بێگومان دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و لێبوردەیی و دادپەروەریی، كۆمەڵێك بەهای سیاسیی جوانی مرۆڤایەتین، بەڵام ئەوەتا بە بەرچاومانەوە لەناو ژینگەیەكی گڵۆباڵی ئەوتۆ دڵڕەقدا گەوزاون كە دەستكردی گەشەی خێرای تەكنەلۆژیای زانیاری و سەربازی و هەواڵگری و كێبڕكێی بێسنووری چەكی زیرەكە Smart Weapon و دەستلێهەڵگرتنیان تیا نییە !.

ئێستا لە مەودای نزیك و دووریشدا هیچ دیارنییە ئاخۆ كەی و چۆن ئەم ژینگە شەڕانییە كۆتایی دێت و دەبڕێتەوە؟ خۆ دەشێت ئەوسەری، پێچەوانەی هیوا و چاوەڕوانی، لە ئێستامان وێرانتر بێت!، مومكینە لە هەر چركەیەكی شكستی دیپلۆماسیەتدا بریتی بێت لە ئەگەری دۆزەخی جەنگێكی تری جیهانی، یان بەرپابوونی دەیان جەنگەڵی كۆمەڵكوژیی تری وەك غەززە، بەبێ ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بهەژێ و هیچی پێبكرێت!.

 ئەوەی، لەناو ئەم تەمتومانە تۆقێنەرەدا، تائێستا بە ئاشكرا دیارە، ئەوەیە كە چارەنووسی گەلان لە دەورانێكی تەواو نادیار و ئاڵۆزدایە، مرۆڤایەتیش لە هەر سەردەمێك زیاتر، لەو گورگە هۆبزییە بێداربووەتەوە كە لەناو خودی خۆیدا و بۆ گیانی خۆی هەڵیگرتووە!.

ئەمڕۆ لەسایەی ئەم ژینگە گڵۆباڵەدا، كە نەخشە و داوەكانی موخابەراتی نێودەوڵەتی و پێشبڕكێی پیشەسازیی بەرهەمهێنان و تاقیكردنەوەی چەكی زیرەك، بكەری سەرەكیی ناویانن، خەمی ئاسایش و گوزەران، وەك چۆن لای ئەوروپییەك، لە جاران قورستر بووە، ئاوها خەمی مانەوەش بۆ خەڵكێكی زۆری زۆنە گڕگرتووەكانی جیهان، بە عیراق و كوردستانیشەوە، بۆتە تارماییەكی رەشی ژیان.

ئێستا كەس بە تەواوی لە پاشەڕۆژ دڵنیانییە، كەس نازانێ، بەدیاریكراوی، سبەی چ مەینەتی و ماڵوێرانییەكی تر بەڕێوەدەبێت، چەندی تر دەبنە سووتەمەنیی ئاگری ئەو جەنگ و رووداوانەی كە لەودیوی سنوورەكانەوە بۆمان دێن و تێوەمان دەگلێنن و هەموو رێیەكی خۆلادانمان لێ دادەخەن !

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار