بازاڕی سیاسی: کێ نرخی بڕیارەکان دیاری دەکات؟

5 كاتژمێر لەمەوپێش



د. پیرۆت محەممەد ئەمین

هەموو سیاسەتێک مامەڵەی دارایی لەخۆدەگرێت، کە خاڵی نییە لە تایبەتمەندییەکانی بازاڕێکی سیاسی، کە بڕیارەکان دەبنە گۆڕەپانێک بۆ دانوستان و موزایەدە و بەرژەوەندیی ئەکتەرەکان. لە دیموکراسییە دامەزراوەکان و ڕژێمە تاکڕەوە ڕێکخراوەکاندا، بازاڕی سیاسی بە سەروەری یاسا و ڕێسای دامەزراوەیی بەڕێوەدەچێت. بەڵام لە بەشەکانی تری جیهان وبەتایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە  ئەم پلەبەندییە پێچەوانە دەبێتەوە، مامەڵەی دراوی سیاسی  زاڵە بە سەرحکومەتدا. بەم شێوەیە سەرهەڵدانی دەوڵەتی دامەزراوەیی نابینرێن، بەڵکو چەسپاندنی بازاڕە سیاسییەکان بەدیئەكرێن ، کە بە باشی لەگەڵ مانەوەی سیاسیی خاوەنکارە سیاسییە لێهاتووەکاندا دەگونجێن.

بازاڕی سیاسی. لەوانەیە بە توندی ڕێکبخرێت، بۆ نموونە ڕژێمێکی تاکڕەو کە لەلایەن نوخبەیەکی بازرگانی سیاسیەوە بەڕێوەببرێت. لەوانەیە بە شێوەیەکی ئاسانتر ڕێکبخرێت وەک موزایەدەیەکی دڵسۆزی کە تێیدا چەندین گروپ کێبڕکێ دەکەن بۆ دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە ئابووریەكان. یان لەوانەیە تێکەڵەیەک بێت لە هەردووکی. بازاڕە سیاسییەکان تادێت ناوچەگەری دەبن و چیتر ناتوانرێت لەناو یەک وڵاتدا قەتیس بکرێن.

زۆرجار بازاڕە سیاسییەکان بە چەندین جۆری گرژی تایبەتمەندن. وە دەبنە گۆڕەپانێک بۆ موزایەدە، کە گروپێک لەوانەیە داوای مافێک بکەن یان هەوڵی دانوستان لەسەر بەهاکەی بدەن، لەکاتێکدا لایەنی نەیار ئەو مافە پێناسە دەکاتەوە یان کەمی دەکاتەوە. هەروەها تاکتیکی کێبڕکێ بۆ کاریگەری لەسەر بنکەکانی نەیاران یان سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنیان  بەکاردەهێنرێت، بەمەش بەهایان لە گۆڕەپانی سیاسیدا کەم دەبێتەوە. ئەم گرژیانەش ڕەنگە لە هەڵە حوکمدانی ئەکتەرە سیاسییەکان بۆ سروشتی بازاڕ یان تێگەیشتنی خراپیان لە هەڵوێستی نەیارەکانیان سەرهەڵبدات.

بازاڕی سیاسی ئاماژەیە بۆ سیستەمێکی حکومڕانی کە تێیدا سیاسەتی مامەڵەی دراوی بووەتە سیستماتیک. سیاسەت لەسەر بنەمای مامەڵەی کەسی بەڕێوەدەچێت کە تێیدا دڵسۆزی و یارمەتییە سیاسییەکان بە بەرزترین نرخ دەفرۆشرێن.

لەم چوارچێوەیانەدا ڕۆڵی "دامەزراوەکان" یان "سەروەری یاسا" لە پلەی لاوەکیدا دەبێت. بۆ نموونە، فەرمانڕەوایەک لەگەڵ ئەندامانی نوخبەی سیاسی دانوستان دەکات لەسەر ئەوەی کە چەندە دەبێت پارەیان پێبدات، یان لە بەرامبەر دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەی قازانج بەخشی دیکە (وەک گرێبەست) لە بەرامبەر پشتیوانیکردنیان. چونكە نوخبەكان دەتوانن فشار دروست بکەن بە بەکارهێنانی توانای خۆیان بۆ کۆکردنەوەی دەنگەکان، کۆکردنەوەی جەماوەر، یان بەشداریکردن لە توندوتیژی وێرانکەر.

چەمکی بازاڕی سیاسی لە کارلێکەکانی "ئەلێکس دی وال"، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی ئاشتی جیهانی،  لەگەڵ نوخبە سیاسییەکان و پرۆسەکانی چارەسەرکردنی ململانێکان لە چەند وڵاتێك سەریهەڵدا. لەو کاتەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە هەردوو بازنەی ئەکادیمی و ئەدەبیاتی سیاسیدا بەکارهاتووە.

بازاڕی سیاسی مۆدێلێکە کە ئاسانکاری دەکات بۆ تێگەیشتن لە کارکردنی دەوڵەتە لاوازەكان. كەبریتیە لەکۆمەڵێک پراکتیزە لە نێوان فەرمانڕەوا و نوخبەدا. هەروەها ڕێگەیەک پێشنیار دەکات بۆ شیکردنەوەی چۆنیەتی کارکردنی دەسەڵات لەناو ئەم سیستەمە سیاسیانەدا. دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ تێگەیشتن لەوەی کە ئەم دەوڵەتانە لە ڕاستیدا چۆن کاردەکەن و چۆن ڕەنگە وەڵامی دەستێوەردانەکانی دەرەکی و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییەکانی دیکە بدەنەوە.

ئەلێکس، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوەی ناوی دەنێت بازاڕی سیاسی، سەرچاوەی دارایی و لێهاتوویی و ناوبانگێکی باشی نییە، بەو پێیەی بازاڕێکە لەسەر بنەمای بەکرێگیراوانی نیمچە سەربازی و سەرمایەداریی دۆستایەتی دامەزراوە.

ئەلێکس پێشبینی دەکات کە گواستنەوە بۆ دەوڵەتێکی دامەزراوەیی دیموکراتیک، لە چوارچێوەی بازاڕی سیاسی، چاوەڕواننەکراو دەبێت. وە ئەو بازاڕە ، وەک بازاڕێکی پێگەیشتوو لێکدەداتەوە کە تێیدا پۆستە گشتییەکان و دڵسۆزییە سیاسییەکان و خزمەتگوزارییەکان دەگۆڕدرێن بۆ کاڵا کە دەتوانرێت بکڕدرێن و بفرۆشرێن. بەیەکگرتوویی دەمێننەوە لە دەوری ئابوورییەکی مشەخۆری کرێچی کە لەسەر بنەمای لایەنگری دامەزراوە. كە پشتی بە داهاتی نەوت و بردنی سەرچاوەکانی دەوڵەت و کەڵەکەکردنی سامان بەستووە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنێت.

بەكارهێنانی  بودجەی سیاسی. كە ئاماژەیە بۆ ئەو پارەیەی کە سیاسەتمەدارێک خاوەنییەتی، کە دەتوانێت بەبێ پاساو خەرجی بکات. ئەمە بە شێوەیەکی گشتی بۆ دەستەبەرکردنی دڵسۆزی یان کڕینی یارمەتییە سیاسییەکان خەرج دەکرێت، بەڵام ڕەنگە بۆ دەوڵەمەندکردنی کەسی یان پڕۆژەی بێهودەیش بەکاربهێنرێت. ئەم بودجەیە ڕەنگە لەگەڵ بودجەی فەرمی (گشتی)دا سەریەک بکەوێت، کە نوێنەرایەتی پەراوێزی گەندەڵی دەکات. بەڵام بودجەی سیاسی جیاوازە لە گەندەڵی بە پلەی یەکەم لەوەی کە پارەکان لە ڕێگەی سیستەمی لایەنگریەوە دووبارە بەکاردەهێنرێنەوە و چینی سیاسی ئەمە بە ڕەوا دەزانێت.

 نرخی دڵسۆزی. كە  ئاماژەیە بۆ ئەو نرخە باوەی کە ئەندامێکی چینی سیاسی لە بەرامبەر دڵسۆزی سیاسی، هاوکاری، یان چاکەیەکی سیاسی تایبەتدا داوای دەکات. ئەم نرخە دەتوانێت بەپێی بارودۆخی بازاڕ جیاواز بێت و بەرز دەبێتەوە ئەگەر ژمارەی داواکاران بۆ دەسەڵات زیاد بکات، یان ئەگەر کڕیاری کێبڕکێکار لە بازاڕدا زیاتر بێت، وەدادەبەزێت ئەگەر کێبڕکێی سیاسی کەم ببێتەوە. ئەرکی سەرەکیی خاوەنکارێکی سیاسی ئەوەیە کە بە کارامەترین شێوە بودجەی سیاسی خۆی بەکاربهێنێت بۆ دەستەبەرکردنی دڵسۆزی سیاسیی  پێویست بۆ پاراستنی دەسەڵات یان بەدواداچوونی پڕۆژەیەکی سیاسی.

لە کۆتاییدا ئەلێکس پێی وایە ڕێگای گەشەسەندنی هاوسەنگ و یەکسان پێویستی بە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەی سیاسی هەیە لەسەر بنەمای زانستی و پیشەیی تۆکمە، دوور لە هەژموونی بازاڕ و فشارە قۆرخکارییەکان. جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە باڵادەستەکان تەنها بە کردنەوەی دەرگای کۆدەنگی نیشتمانی و دانیشتن لەسەر مێزی دیالۆگی هاوبەش بۆ تاوتوێکردنی کارنامەیەکی هەمەلایەنە دەبێت، لەسەر بنەمای ئامراز و میتۆدی عەقڵانی کە هێزێکی نەرم پێکدەهێنن، کە توانای داڕشتنی بڕگەی هاوبەشی هەبێت و دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی سەقامگیرتر و دادپەروەرانە بەدەستبهێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار