ئایا ترەمپ دەتوانێت ناوی وەزارەتێک بگۆڕێت؟

23 كاتژمێر لەمەوپێش
لوقمان غەفوور
ئایا سەرۆک ترەمپ دەتوانێت ناوی وەزارەتی بەرگری بگۆڕێت بۆ وەزارەتی جەنگ؟
وەڵامی ئەم پرسیارە، ئاسانە! "نەخێر، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ناتوانێت تاکلایەنە ناوی وەزارەتێک یان وەزارەتی بەرگری لەسەر ئاستی کابینەکەی بگۆڕێت بۆ وەزارەتی جەنگ، چونکە ئەو جۆرە قەوارانە بە رێوشوێنی بڕیارەکانی کۆنگرێس دامەزراون.
بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە ناودا ڕووبدات، کۆنگرێس دەبێت یاسایەک دەربکات بۆ دەرکردنی گۆڕانکارییەکە، هەرچەندە سەرۆک ترەمپ دەتوانێت ئەم پرۆسەیە دەستپێبکات بە داواکردنی لە کۆنگرێس بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات».
لەناکاو میدیای کوردی تێکڕا بڵاویان کردەوە کە ترەمپ (ناوی وەزارەتی بەرگری گۆڕی بۆ وەزارەتی جەنگ) ، بەپێی میدیای کوردی بێت لە سبەینێ وە میدیاکانی ئەمریکا لە بری وەزارەتی بەرگری ئیتر ئەڵێن وەزارەتی جەنگ، بەڵام وا نییە ئەو ناوە نە گۆڕدراوەو گۆڕانیشی ئاسان نییە نەک بۆ ترەمپ بەڵکو بۆ هەر سەرۆکێکی تریش کە ئەو هەوڵە بدات .
ترەمپ سەرۆکێکە جیاواز لە هەموو سەرۆکەکان، ئەو ئەیەوێت هەمیشە فۆکسی میدیای لەسەر بێت، بۆیە هەندێک لە هەنگاوەکانی زیاتر بۆ میدیایە، ئەگەرنا خۆشی ئەزانێت جێبەجێ نابێت.
بەداخەوە میدیای کوردی کە ناوی سەرۆک دێت، خورپەیەک دێت بە دڵی میدیاکارەکانیدا و بە تێروتەواوی سەرۆکی حزبەکەی خۆی دێتەبەرچاو ، کە بکوژ و ببڕ خۆیەتی و هەموو بڕیارێک لای ئەوە، لەکاتێکدا من زۆرجار ئەوەم وتۆتەوە لە ئەمریکا ، سەرۆک هەموو شت نییە!.
هەفتەی پێشوو، ترەمپ هەمان سیناریۆی دووبارە کردووە، ماوەیەک خۆی لە شاشە ونکرد و هەواڵی مردنی بوو بە سەردێڕی میدیای کوردی، لەکاتێکدا زۆر روونبوو، ترەمپ ئەیویست میدیای ئەمریکی بخاتە ناو هەواڵێکەوە کە بنەمای نەبوو!
ئاخر کارەساتە تۆ حزبێکی کوردی بیت یان کەسێک بیت لەناو حزبێکی ئیسلامیی و لە کوردستان دڵ بە مردنی ترەمپ خۆش بکەیت، وا بێتە بەرچاوت ئەگەر ترەمپ مرد، ئیتر ئەمریکا ئەڕوخێت، وەک وتم ، ئەمە ئەو خەیاڵدانەیە، لای ئەندامی ئەو حزبە کە سەرۆکەکەی مرد ئیتر حزبەکەی هەتیو ئەکەوێت.

