دەست لە ڕەحمان غەریب و سەنتەری میترۆ هەڵگرن

19 كاتژمێر لەمەوپێش



ڕێبین هەردی

نە ڕەحمان غەریب و نە سەنتەری میترۆ پێویستیان بە بەرگری هەیە، کاری چەندان ساڵەی هەردوکیان چ وەک تاکەکەس و چ وەک دەزگا بەسە بۆ وەڵامی هەموو ئەو کەسانەی بە گومان یان بە هەر چاوێکی خراپەوە تەماشای کارەکانیان دەکەن. هەمیشە چ میترۆ و چ خودی رەحمان غەریب پێشەنگی داکۆکییکردن بوون لە ئازادیی ڕۆژنامەنوووسان و هەرگیز یەکجاریش نەمدیوە لەبەر خاتری خاتران یان فشار یان بەرژەوەندیی، ناوی پێشێلکاریەک لە دەفتەری تۆمارەکانیان دەربکەن. 

بەرگری لە ئازادیی نووسین بە بێ ڕەچاوکردنی ئەوەی ئەو کەسەی مافی پێشێلدەکرێت کێیە و سەر بەچ هێز و کەسێکە، یەکێکە لەو شانازیانەی سەنتەری میترۆ هەیەتی کە بێگومان بەشێکی زۆری ئەم سیاسەتەش دەگەڕیتەوە بۆ دامەزرێنەرە سەرەکیەکەی کە ڕەحمان غەریبە. واز لە ڕابردووی خەبات و تێکوشانی بێنن، هەر ئەو کارانەی لە دوای دامەزراندنی سەنتەری میترۆوە ئەنجامی داوە، بەسە بۆ ئەوەی بڵێین یەکێکە لەو دەنگە ئازاد و بوێر و خێرویستانەی کە هەمیشە خەونی بە ئازادیی زیاتر و بەدام و دەزگاییکردنی وڵاتەوە بینیوە. ئەوەشی لە زۆر دەنگی تر جیایان دەکاتەوە، 

ئەوانەی هەمیشە بە زمانێک ئەدوێن و قسە دەکەن، کە ڕق و کینەی شەخسی و تایبەتی پاڵنەری نین، بەڵکو دڵسۆزی و خەمخۆری بۆ وڵاتێکی باشتر، ئاسۆی قسەکردن و شێوازی زمانیان دیاری دەکات. ڕەخنەکانیان نە هێندە زبرە کە ڕەچاوی بەها ئەخلاقیەکان نەکات، نە هێندە نەرمە کە ڕەچاوی بەرژەوەندی ئەم و ئەو بکات. زمانێک فاکتی واقعی بە بێ سوکایەتیی بەهیچ کەس و هێزێک دەخاتەڕوو، بە بێ ئەوەی نە سوکایەتی بەکەسایەتی هیچ کەس و هێزێک بکات، ونە خاتری کەسیش بگرێت.

دەستێوەردان لە کاروباری ئەم سەنتەرە و فشار کردن لێی، لەڕاستیدا فشارلێکرن و دەستکاریکردنی ئەو ڕێچکە دروست و تەندروستەیە کە دەبێت و پێویستە لە هەر حوکمڕانیەکی تەندروستدا بەرگری لێ بکرێت، دەستکاریکردنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیە بە ئاقاری خراپترکردن و داڕزاندنی هەموو ئەو پێگە و بنکە ڕۆشنبیریانەی بۆ ژیانی تەندروستی کۆمەڵگا و سیاسەت پێویستن. کوشتنی هیوا و ئۆمێدە بەوەی دەشێت و دەکرێت بەیانینەکی باشتر و ڕوناکتر لە هەنوکەمان هەبێت.

دەست لە فشارکردن بۆ سەر سەنتەری میترۆ و ڕێکخەرەکەی هەڵگرن و لێگەڕێن ئەو تروسکەی هیوایەی لە قەڵەمی داکۆکیکاری ئەم سەنتەرەوە بۆ ئازادیی دەنوسرێت و هیوای ئەوە دروست دەکات ڕۆژێک گوێی لی بگیرێت و دنیایەکی باشتر بۆ ئازادیی بڕەخسێت، بە زیندووی بمێنێتەوە. چونکە لەوە دڵنیا بن ئەوکاتەی هیوا و ئۆمێد دەکوژن، نەک دنیایەکی باشتر بۆ خۆتان دروست ناکەن، بەڵکو دەرگای جەهەنەم بۆ هەموو ئەگەرێکی خراپ دەکەنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار