ئیسرائیل سەلماندی چیدی خوێنی جولەکە هەرزان نییە
.jpg)
5 كاتژمێر لەمەوپێش
نووسین: ئالان دێرشۆڤیتز*
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ
وەرگێڕان: یادگار عەلی
بەدرێژایی سەدەکان، جولەکەکان قوربانی کۆمەڵکوژی و توندوتیژی ڕەگەزی بوون، کە بە هۆلۆکۆست گەیشتە لووتکە، بەڵام کۆتایی پێنەهات. دەگمەن بوو بکوژەکان باجی کارەکانیان بدەن. خوێنی جولەکە هەرزان بوو. تەنانەت زۆربەی ئەنجامدەرانی هۆلۆکۆستیش نەدرانە دادگا. بۆ چەندین ساڵ، دەسەڵاتی فەلەستین [پارەی خۆشگوزەرانی] دەدا بەو تیرۆریستانەی، کە جولەکەیان دەکوشت – سیاسەتی [پارەدان لە بەرامبەر کوشتن]. ئەوانەی لە کاتی کوشتنی جولەکەکاندا دەمردن بە شەهید دادەنران و خێزانەکانیان قەرەبوو دەکرانەوە.
تاوانباران و دەستدرێژیکەرانی کەمپینی [٧]ی تشرینی یەکەم وایاندەزانی، کە لە سزای کارەکانیان دەرباز دەبن. ئەوان ڤیدیۆی ئەو تاوانانەیان تۆمار کرد، کە ئەنجامیاندا و شانازییان بە کوشتنی جولەکەکانەوە دەکرد لە هەر شوێنێک، کە دەستیان بکەوتایە.
بەڵام ئەمجارە دۆخەکە جیاواز بوو. ئیسرائیل وەڵامی دایەوە و وای لە تاوانباران و پشتیوانانیان کرد، کە باجێکی قورس بدەن. زۆرێک پێیانوایە، کە باجەکە زۆر قورس بووە، بەتایبەتی بۆ هاوڵاتیانی بێتاوانی غەزە. کەس نازانێت ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانیانی بێتاوان چەندە. وەزارەتی تەندروستی لە غەزە، کە لەلایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبرێت، جیاوازی لە نێوان هاوڵاتیان و چەکداراندا ناکات کاتێک دەڵێت زیاتر لە [٦٠,٠٠٠] خەڵکی غەزە لە [٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣]ەوە کوژراون. هۆکاری باش هەیە بۆ گومانکردن لە ژمارەکە، هۆکاری بەهێزتریش بۆ گومانکردن لەو بانگەشەیەی، کە کەمتر لە [١٠,٠٠٠] یان لەو ژمارەیە چەکدار بوون.
هێڵی جیاکەرەوەی نێوان هاوڵاتی و چەکدار ڕوون نییە، بەتایبەتی لە شەڕێکدا، کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بەڕێوەدەبرێت. بێگومان چەکدار هەیە، وەک ئەندامانی حەماس و جیهادی ئیسلامی و گرووپەکانی تری پۆلێنکراوی تیرۆریستی، بەڵام [هاوڵاتیش] هەن، کە بەشدارییان لە کۆمەڵکوژییەکەدا کردووە بە شاردنەوەی مووشەکهاوێژ لە ماڵەکانیاندا، یان بە بارمتەگرتنی هاوڵاتیانی ئیسرائیلی، یان بە هەڵکەندن و دابینکردنی تونێل، یان چالاکییەکانی تر، کە وایان لێدەکات ببنە چەکدار بە مانای ئەخلاقی تەنانەت ئەگەر بە مانای یاسایی ورد نەبێت.
وەزارەتی تەندروستی لە غەزە جیاوازی لە نێوان چەکدار و هاوڵاتیدا ناکات، بەڵام جیاوازی لە نێوان پیاو و ژن و منداڵدا دەکات، وەک ئەوەی ژن و منداڵ ناتوانن تیرۆریست بن، بەڵام زۆرێکیان وایان لێدێت – وەک ئەوانی تر جولەکە دەکوژن. زۆرێک لە چەکدارەکان ژنن، زۆرێکیان لە تەمەنی [١٥، ١٦، ١٧] ساڵیدان مووشەک دەتەقێنن و چەک بەکاردەهێنن.
ژمارەی هاوڵاتیانی بێتاوان، کە کوژراون ڕەنگە زۆر کەمتر بێت لەوەی، کە لە ڕاگەیاندنەکاندا باس دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، هەر ژمارەیەکیش بێت، هێشتا زۆر بەرزە، بەڵام حەماس بەرپرسیارێتی سەرەکی لەم مردنانەدا دەگرێتەئەستۆ، چونکە شەڕەکەی دەستپێکرد، چونکە قوتابخانە و نەخۆشخانە و مزگەوتەکان بۆ شاردنەوەی چەکدارەکانی بەکاردەهێنێت.
دوای ئەوەی ئیسرائیل تووشی خراپترین کۆمەڵکوژی دژی جولەکەکان بووەوە لە دوای هۆلۆکۆست، پەیامێکی ڕێگری نارد: هەرچەندە هاوڵاتیانی بێتاوانی نەکردە ئامانج، بەڵام هەنگاوی بێوێنەی نا بۆ کوشتنی هەموو تیرۆریستێک، کە بەشداریی لە تاوانەکانی [٧]ی تشرینی یەکەمدا کردبوو، جگە لە سەرکردەکانیان. قوربانیانی بێتاوان ناچار دەبن بکەونە ناو ئەم پێکدادانانەوە سەرەڕای هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ کەمکردنەوەی، بەڵام حەماس پێشوازی لەم مردنانە کرد، بەو پێیەی دەزانێت، کە ئەم وێنانە زیان بە ئیسرائیل دەگەیەنن لە ڕایگشتیدا.
ڕوون نییە، کە ئایا سیاسەتی ئیسرائیل ڕێگری لە کۆمەڵکوژییەکانی داهاتوو دەکات، چونکە حەماس شانازی بەوەوە دەکات، کە حەزی لە مردنە، وەکچۆن ئیسرائیلییەکان حەزیان لە ژیانە. دیموکراسییەک چی دەکات کاتێک دوژمنە تیرۆریستەکانی هەڕەشەی دووبارەکردنەوەی تاوانەکانی [٧]ی تشرینی یەکەم دەکەن بە بەردەوامی؟
وینستن چەرچڵ پێیوابوو بۆردومانکردنی شارەکانی ئەڵمانیا پێویست بوو بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی نازییەکان. هاری ترومان نزیکبوونەوەیەکی هاوشێوەی گرتەبەر کاتێک فەرمانی بە بۆردومانکردنی هێرۆشیما و ناگاساکیدا بە بۆمبی ئەتۆمی، بەو پێیەی دەیزانی، کە مردنی هاوڵاتیان پێویست دەبێت بۆ ڕێگریکردن لە ژاپۆنییەکان لە دەستدرێژی زیاتر. یەکێک لە کاریگەرییە گرنگەکانی ئەو هێرشانە، بێتاقەتکردنی دانیشتووان و پاڵنانیان بوو دژی سەرکردەکانیان. مێژوو هاوپەیمانانی تاوانبار نەکرد لەسەر ستراتیژە سەرکەوتووەکەیان لە کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، سەرەڕای ئەوەی مردنی هاوڵاتیان زیاتر بە مەبەست بوو، نەک [زیانی لاوەکی]. لەگەڵ ئەوەشدا، ئیسرائیل تاوانبار دەکرێت سەرەڕای هەوڵە نائاساییەکانی بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی هاوڵاتیان.
ئیسرائیل دەبێت مامەڵە لەگەڵ حەماس و جیهادی ئیسلامیدا بکات، وەکچۆن مامەڵە لەگەڵ نازییەکان و ئیمپراتۆرییەتی ژاپۆن کرا: دەبێت بە تەواوی تێکبشکێنرێن، و پاشان شارەکانیان دووبارە بونیاد بنرێنەوە، وەک ئەوەی لەگەڵ ئەڵمانیا و ژاپۆن ڕوویدا، وەکچۆن لە ساڵی [١٩٤٥] ئاشتی مومکین نەبوو ئەگەر نازییەکان و ئیمپریالیستەکان بمایەنە، نابێت ڕێگە بە حەماس و جیهادی ئیسلامی بدرێت بمێننەوە.
ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و میدیاکان و ئەکادیمییەکان و چەپەکان بەردەوام دەبن لە تاوانبارکردنی ئیسرائیل ئەگەر بەردەوام بێت لە هەڵمەتەکەی دژی حەماس، بەڵام پەیامێک کە ئیسرائیل بۆ جیهانی ناردووە – کە خوێنی جولەکە چیتر هەرزان نییە، ئەوەی دەیڕێژێت باجێکی گران دەدات – پێویستییەکی مێژووییە، کە زۆر دواکەوتووە، لە دوای سەدان ساڵ لە تێپەڕاندنی خوێنڕشتنی جولەکە بە بێ سزا، بووەتە ئەرک.
*تێبینی/ ئالان دێرشۆڤیتز، پڕۆفیسۆری خانەنشینە لە کۆلێژی یاسای زانکۆی هاڤارد، و نووسەری کتێبی [دەوڵەتی خۆپارێز: کێشەی ڕێگریکردن لە زیانە گەورەکان لەگەڵ پاراستنی ئازادییە بنەڕەتییەکان] ە.

