ئێمە لە کوێداین؛ کێشە و چارەسەر؟

7 كاتژمێر لەمەوپێش



فارس نەورۆڵی

وەڵامی ئێمە لەکوێداین؟ پێچ و پەنای ناوێت ئێمە لە دۆخێکی هێجگار چەقبەستووی سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیری و کێشەی جۆراو جۆرداین، کە هۆکاری دەرەکی و ناوخۆیی هەیە، بۆیە ئێمە لەپاشەکشەیەکی ترسناکی سیاسی و ئابوری و هەڵوەشاندەوەی کۆمەڵایەتیداین، کەس نیە ئەم ڕاستیە نەزانێ. سەبارەت بەوەی چیبکەین کورد دەڵێ (دۆست ئەوەیە دەمگرێنێ ) بۆیە پێویستە ئەوەی زاری گۆ دەکات زمانی دەگاتە گوێچکەی هەر کەسێک لەم وڵاتە کارێکی بەدەستە لەهەر پۆست و پلەیەکدا بێت، لە دەسەڵاتبێ یاخو ئۆپۆزسیۆن، پێیان بڵێت برادەرینە لە دۆخێکی خراپداین بیر بکەنەوە، چارەسەریبکەن هەتا وەک کەشتییەکەی تایتانیکمان بەسەرنەهاتووە، ئەوەی دەبێت ئێستا هەنگاوی بۆ بنێین کورت و پوخت لەم خاڵانەدا خۆی دەبینێتەوە.

١-پەیوەندی نێوان حزبەکان
پەیوەندی حزبەکان لە هەردوو ئاستی ناوخۆی حزبەکان خۆیان و پەیوەندییان لەتەک حزبەکانی دیکەدا نا تەندروستی و نازانستی یە، لەنێو حزبەکانیشدا پەیوەندی پارتی و یەکێتی کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر کۆی کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری وڵات. مێژووی ناکۆکی یان جیاوازی پارتی و یەکێتی کۆنە، جارجار چارەسەرێکی هێورکەرەوەی پێ دەبەخشن، بەڵام چارەسەرێکی یەکجارییان نەکردووە، کە شێوازی ململانێکە لە گومانەوە بگۆڕن بۆ حەقیقەت، واتە حەقیقەتی دیموکراتی و باوەڕ بە ئەنجامەکانی بۆ وەرگرتن و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات، ئێستا پارتی و یەکێتی لە دۆخێکدان پێکەوە ناژین و بەبێ یەکتریش ناژین ، بۆیە ئێمە هەر لەخولانەوەداین و پرۆسەیەکی گونجاو ناخەینە سەر ڕێگا، کەواتە پارتی و یەکێتی دەبێ کێشەکانی نێوانیان لە دەرەوەی تیۆری پیلانگێڕی چارەسەر بکەن و دواتر لەتەک حزبەکانی دیکەدا ڕێگایەکی نوێ بۆ ئیدارەدانی جیاوازییەکان دیاری بکەن.

 ٢-پێناسەکردنەوەی سروشتی پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدا
ململانێکانی هەرێم و بەغدا لەسەر داهاتی نەوتی و نا نەوتی و مادەی ١٤٠ بەردەوامە، کە دەبوو دەستور دادوەر بوایە لەم جیاوازیانەدا، بەڵام دەستور ناهێننە سەرمێزی گفتوگۆ، لێرەدا پێویستە هەرێمی کوردستان یەک دیدی هاوبەش بۆ گفتوگۆ هەبێت، کە لە خزمەتی هەرێمی کوردستاندا بێت نەک هەر حزبە و بۆ خۆی بۆ دروشمبازی بروات بۆ بەغدا و بە خەڵک بڵێ بۆ موچە چووم کەچی موچەش نادرێ

٣-چارەسەرکردنی گرفتی ئابوری
نەبوونی موچە کاریگەری زۆر خراپی لەسەر بنیادی کۆمەڵایەتی کردووە و بەردەوام ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەرەکان لە زیادبووندایەو پرۆسەی هاوسەگیری لەپاشەکشەدایە، ئەمەش کاریگەرییەکانی بۆ ماوەیەکی دوور بە خراپی لەسەر کۆمەڵگە دەمێنێتەوە. لە هەمانکاتدا خەڵک باوەڕ و متمانەی بە پرۆسەی سیاسی هەرێم نامێنێ بەداخەوە لێرەدا ئۆپۆزسیۆن لەبری نیشاندان و خستنەڕووی چارەسەر دێت ئیستغلالی دۆخەکە بۆ بانگەشەی حزبی دەکات، بۆیە چڕکردنەوەی داواکاری کورد لە موچەدا گورزێکی کەمەرشکێن لەهەرێم دەدات بێ جیاوازیی.

٤-پێکنەهێنانی حکومەت
دواکەوتن و پێکنەهێنانی کابینەی نوێ سومعەی سیاسی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و ناوخۆیی لەکەدار دەکات و دەیخاتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە چەند پێکهێنانی حکومەت دوا بکەوێت کورد باجی زیاتری دەدات.

٥- ئازادییەکان .
جیهان لە دامەزران و پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی کوردستاندا چاوەڕوانی ئەوەیان لە کورد ئەوە بوو، لەپرۆسەی دیموکراتی و ئازادیەکاندا ببێتە نمونەی باڵا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، من شیکردنەوەی بۆ ناکەم تەنها ئەوە نەبێ دەڵێم با پرسیار لەخۆمان بکەین ئێستا لەکوێداین؟

٦- پەیوەندی دپلۆماسی :. 
پێویستە هەرێم ئەوپرسیارە لەخۆی بکات پەیوەندی دپلۆماسی هەرێم لەئاستی جیهان و ناوچە کە لەچی دۆخێکدایە ؟ 

٧-گۆڕانکارییەکان :.
جیهان باس لەگۆڕانکاری خێرادەکات لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابێ ئێمە لەدۆخی ئەوشیعرەدابین کەدەڵێ ( دنیا لەچاوەڕوانی و شیرین تەشی دەڕێسێ ) پێویستە هەموحیزبەکان هەست هەستیاری و بەر  پرسیاریەتی ئەم قۆناغە بکەن  لەناوخۆ چی جیاوازیەکیان هەیە ئەوەلەخانەیەک داینێن بەرامبەر   ئەگەری گۆڕانکارییەکان یەک گوتار بن .

٨-یەک حکومەت یەک نیشتمان یەک هێز٠
ئێمە هەتا ئێستا لەدۆخی دوو ئیدارەیی و دوو بڕیاریداین لەکاتێکدا دروشمی هەموو لایەنەکان لەبانگەشەدا ( یەک حکومەت، یەک نیشتمان، یەک هێز) بەردەوامی ئەو دۆخەو یەکنەگرتنی هێزە جیاجیاکانی هەرێم و نەسڕینەوەی ئاسەواری دوو ئیدارەی هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی هەرێم و لەبەردەم ڕەشەبای گۆڕانکاریەکاندا تەفروتونا دەبین، لێرەدا هەر حزب و کەسایەتیەک و دۆستێکی ئەم نەتەوە مەزڵومە کارێک بکات لەم قۆناغە داخراو دابڕێنەرەدا کورد دەرباز بکات دەچێتە دڵی مێژوەوە .ئیتر ئەوە وەک دەڵێن ئەسڵی کێشە کەو ڕێگای چارەسەرییەکەیە، کە پێویستی بە ئەنتی تێز هەیەو پێویستی بە ئەنتی ڤایرۆس هەیە کە دوژمن ڤایرۆسەکانی هێناوەتە جەستەی نیشتیمانەوە ئەمەش پێویستی بە خۆ ڕەخنەگرتن و یەک گوتاری هەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار