گرژییە جیۆپۆڵەتیکییەکان لەچاوی قەتەر و بەندەری بەسرەوە!
.jpg)
5 كاتژمێر لەمەوپێش
بەهرۆز جەعفەر
ئەم خۆ-تێکدان و ئاوتلوکانەی ئۆپیک کاریگەرییەکی ئەوتۆی بەسەر بازاڕی ئابوریی جیهانییەوە نییە، فاکتەری یەکەم کە کاریگەریی لەسەر نرخدانان هەیە "گرژییە جیۆپۆڵەتیکییەکانن". خاڵێکی تر ئەوەیە؛ عێراق لە ئابوریی نەوتیدا دوو کێشەی هەیە؛ یەکەمیان لە ناو سەرچاوەکانی وزەدا ئەو تەنها پشت بە نەوت دەبەستێت، ئەمە پێویست بوو پەنجا ساڵی ڕابردوو هەمەچەشن بکرایە [نەوت هەیە، بەڵام خۆ گاز و خەڵوزیش هایدرۆکاربۆنن، ئاویش وزەیە، سۆلار و تۆڕباینەکانی با دەتوانن باشترین بن، هایدرۆجینی سەوزو جیۆ-زێرماڵ و ...تادوایی]، ئینجا (٩٩.٢٪) داهاتی ئەو نەوتەش کە عێراق بەتەنها پشتی پێ دەبەستێت بۆ مووچە دەڕوات بۆ هەناردەکردنی ئەو نەوتەش هەر پشت بە کەنداوی بەسرە دەبەستێت. لە بەسرە بە تەنیشت یەکەوە (٧) حەوت مینای بازرگانی سەرەکی هەیە. لەڕابردووشداو ئەگەر ئێستا کە ئاشکرابوە نەوتی ئێران تێکەڵ بە نەوتی عێراق دەکرێ و لەوێوە دەفرۆشرێ؛ ئیسرائیل تەنها نیو درۆن [درۆنێکی تەواوەتی ناوێ] بنێ بە بەندەری بەسرەوە؛ هەم نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەرز دەبێتەوە؛ هەم دەبێت حکومەتی عێراق بێت دەستی هەرێمی کوردستان ماچ بکات تاوەکو خێرا بە بۆڕییەکەی هەرێمی کوردستاندا نەوت بباتە بەندەری جەیهان!
دەی! ئەوە لە ٩ ی سێپتەمبەری ٢٠٢٥ ئیسرائیل پەلاماری بارەگای سەرەکی حەماسی لە "قەتەر" دا، هێرشکردنە سەر دەوحە ی پایتەختی قەتەر یەک کۆمەڵ مانای هەیە، مانا قسەلەسەر نەکراوەکەی "ئیخوان موسلیمن"ە؛ یەکێک لە گۆڕانکارییە سەرەکییەکانی کە ڕوویداوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دوای ٧ی ئۆکتۆبەر بریتییە لە پرۆسەی لاوازکردن و سڕینەوەی ئیخوان موسلیمین؛ ڕاستییەکەی ئیسرائیل دڕندانە پەلاماری منداڵ و ژنانی غەزە دەدات، دونیا دەبینێت کە تاوانی مرۆیی ئەنجام دەدات، بەڵام پۆپۆڵیستی و فاشیزمی ئیخوان موسلیمیش شتێکی لە ڕەفتارەکانی ئەوان کەمتر نەبوە. قەتەر یەکەمین پایتەختی ئیخوانەو تورکیاش لانکەی دوەمیانە؛ تورکیاش نەک هەر ئیمڕۆ بەڵکو ڕۆژێک پێش پەلاماردانی دەوحە گوێی لە زرمەکە بو. لە هەرێمی کوردستانیش هەندێ فیگەری ئیخوان ئەوە پانزە- بیست ساڵە لە پەرلەمانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندان؛ توانیویانە بە باشی سواری شەپۆل و دەنگی ناڕەزایی خەڵک بن و، فورسەت لەو بۆشاییە بهێنن کە دوو حیزبە دەستەڵاتدارەکەی هەرێمی کوردستان درووستیان کردوە؛ تاکەی ئەمەیان بۆ دەچێتەسەر!؟
بەهەرحاڵ، قەتەر کە گەورەترین دامەزراوەی میدیایی لە جیهاندا "جەزیرە"ی هەیە، کە خاوەنی سێهەم یەدەگی گازی سرووشتی جیهانەو، لەدوای جەنگی ئۆکراینەوە گاز بە ئەوروپا دەفرۆشێت، سیستەمێکی قەبەلی مۆدێرنی هەیە، بنکەو بارەگای ئەمریکای لێیە، ئنجا ئەم وڵاتە کە ڕووبەرەکەی نیوەی جواگرافیای پاڕێزگای سولەیمانیە، لە هەموو جیهاندا وەبەرهێنان دەکات، ژمارەی دانیشتوانی قەتەر تەنها (٣) سێ ملیۆنە کەچی تەنها لە ئەفریکا بە بەهای (٤٧٥)ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەکات. قەتەر بەو هەموو گرینگی و سیما ستراتیژییەوە پەلامار دەدرێ؛ بەندەری بەسرە چی یە! یان عێراق و حەشدی شەعبی کێن تا پەلامار نەدرێن!؟ لێرەدا مەبەستی سەرەکی ئەوەیە عێراق بەهۆی بیرکردنەوەی تایەفی و گەندەڵی و نەبوونی دیدگای ستراتیژییەوە؛ پشت تەنها بەیەک بەندەر دەبەستێت بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی، لەکاتێکدا دەبوو ئێستا چەندین کەناڵی سەرەکی هەبوایە. ئەوەتەی کوردێک سێ ساڵە لە وەزارەتی نەوت پۆستی باڵای وەرگرتوە؛ دەیەوێ ڕووی سیاسەتەکانیان سپی بکاتەوە؛ ئەویش هێشتا نەیتوانیوە! ئەو کوردە هەر دەیەوێ نیشانی بدات عێراق گازی سووتێندراوی بەڕادەیەکی زۆر کەمکردۆتەوە، پشت بە گازی ناوخۆیی دەبەستێت؛ بەڵام واقیع هەر زیاتر نیشانمان دەدات کە عێراق نیواو نیو کێشەی کەمی کارەبای هەیە
