ساڵ یادی یانزەی سێپتەمبەر ئەو خودایەی لە ئەمریکایە، لە خوداکەی ئێوە ناچێت!!

3 كاتژمێر لەمەوپێش



نووسین: نەسرین عیسا
وەرگێڕان: شوان ئەحمەد

جارێكیان لە گەشتێكدا بووم لە نێوخۆی وڵاتە یەكگرتووەكان. هەر هێندەی فڕۆکە كە گەیشتە ئاستێكی بەرز، سەرم نابە پەنجەرەكەوە تا سەیری خوارەوە بكەم. دیمەنەكەم بەڕونی لەبەرچاوبوو، دەمبینی چۆن شتەكان و شوێنەكان وەك پارچەی (لیگۆ) شان بەشانی یەك وەستاون. هەر لە خانوو ‌و ئۆتۆمۆبێلەوە تا شەقام و دەریاچەكان. تا بەرزتریش بوینایەتەوە، هەمووشتەكان بچوكتر دەبوونەوە.

پەنجەم بە شوشەی پەنجەرەكەدا دەهێناو ئەندێشەی ئەوەم دەكرد كە هەر بە ڕاستی یاری بە زەوی و بە هەموو شتەكانی ناوی دەكەم. بیرم لەو هەموو وردەكاریانەو لە حاڵی خۆم دەكردەوە، تا لە پڕێكدا دەنگێك لە ناوەوەمدا ڕایچڵەكاندم و پێیوتم: (تۆ لە نێو ئەم گەردونەدا تەنها پنتێكی بچوكی). 

ئامانج لە من وەك (خاڵێك)، لە نێو ئەم وێنە سەراپاگیرەدا دەبێت چیبێت؟ ئەی پەیوەندیم بە خودای تەبارەك و تەعالاوە دەبێت چۆن بێت، سەروەختێك تەنها وەك پنتێكی بچوك دەمبینێ‌؟ ئایا من وەك نوقتەیەك، كاریگەری لە سەر خودا جێدەهێڵم؟یاخود خودا بە گەورەیی خۆی، حیساب بۆ من دەكات كە هیچ نیم و كارم تێدەكات؟

ئاخۆ ئەمە وام لێدەكات هەست بە ئازادی بكەم، یان ترس و گۆشەگیری بە سەرمدا زاڵدەبن؟ ئەوە هەستی لە خۆباییبونم دەداتێ‌، یاخود سادەی و خاكیبوون؟دەمترسێنێ‌ یان دڵنیایم دەبەخشێت؟
بە كورتیەكەی دەبێت هەست بە چی بكەم و ئایا هەستكردن لێرەدا، دەرگیری شوێنە و پەیوەستە بە شوێنەوە؟

شانزە ساڵی سەرەتای تەمەنم، لە وڵاتێكی عەرەبیدا بردەسەر و چەمكی یەزدانیش لەو ماوەیەدا، لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا خرابووە مێشكمەوە. من مرۆڤێكم لە شوێنێكدا هەم و گوێبیستی ئەو ئامۆژگارییە ئایینیانە دەبم كە كارم تێدەكەن و لە مێشكمدا دەچەسپێن و پێم دەڵێن: (ئێمە تەنها بۆ بیركردنەوە و خوداپەرستی دروستكراوین).

پێویستە مۆراڵیانە ڕەفتاركەم، چونكە من موسڵمانم. لە گوناه و هەڵە دووردەكەومەوە، لەبەرئەوەی موسڵمانم. گوێڕایەڵی دایك و باوکم بم، چونكە ئایینەكەم فەرمانی ئەوەم پێدەكات. ئیدی بەم چەشنە هەرچی هەبوو نەبوو، پەیوەستبوو بە ئایینەوە. ئەویش گەورەترین هەڵەیەك بوو كە كاتێك هاتمە ئەمریكا هەستم پێكرد. 

پەروەردەبوون بە پەروەردەیەكی سەرومڕ ئیسلامیانە، نە دەمانكات بە پێغەمبەر و نە بە ئەولیا و نە بە كەسانێك كە قەرەی گوناه و تاوان نەكەون. ڕەنگە پەروەردەی ئیسلامی بمكاتە ئامێرێكی چاكی وا، تا زۆر بە ئاسانی خراپ بەكاربهێنرێت.
دەی كەوابێ‌ بنەمای ڕاست و دروست بۆ پەروەردە چییە؟ 

لێرەدا هەندێ‌ شتی ناكۆك و پێچەوانە باس دەكەم. كچێكی هاوڕێم مەسیحیە و جلوبەرگی كورت لەبەرناكات، لەبەرئەوەی شەرم دەكات. ئەمە لەكاتێكدا كچە موسڵمانەكەی هاوڕێم دوای جیابونەوەی دایك و باوكی بەرەو بێباوەڕی ملی ناو دەڵێت: (ئێستا ئازادبووم)، هەرچەندە لە قوتابخانەی ئیسلامیش خوێندویەتی. هاوڕێیەكی كوڕیشم هەیە ئەتایستە (لەبەر خۆشەویستیان) بێگوێی دایك و باوكی ناكات، هەرچەندە ئایەتی (و بالوالدین أحسانا‌)شی نەبیستووە.

ژنە بەڕێوەبەرێكی عەرەب، دەرفەتی ئەوە دەقۆزێتەوە ژنە فەرمانبەرێكی عەرەبی بەردەستی باری لارەو پێویستی بە ئیشەكەیەتی، دەچێت چەكەكەی بە نوقسانی بۆ دەنێرێ‌، كەچی بەڕێوەبەرێكی ژنی ئەمریكی چەكەكەی وەك خۆی و وەك چۆن لەسەری ڕێكەوتون، بۆ دەنێرێت و هەردووكیشیان لەهەمان شوێندا كاردەكەن.

گەنجێكی ئەمریكای دێت و بە فەرمی هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەكەیدا دەكات، ئەگەرچی كچەكەش دوچاری شێرپەنجە بووە. كەچی لەولاوە گەنجێكی عەرەب دێت و بۆ خاتری وەرگرتنی ڕەگەزنامە، هاوسەرگیری لەگەڵ خانمێكی ئەمریكیدا دەكات و پاشان لێی جیادەبێەوە. بێ‌ ئەوەی گوێ‌ بەوەبدات كە ئەو خانمە مرۆڤەو هەستی هەیە.

ئەوانە هۆكارەكانی چین و بۆ وایە؟تۆ بڵێی هی ئەوە بێت كە خودای ئەمریكا، جیاواز بێت لەو خودایەی لە وڵاتانی عەرەبیدایە؟
هەربۆیە كاتێكیش دێن بۆ ئەمریكا، خواكەی خۆیان دێنن و بەو نا مۆراڵیە ئایینیەی خۆشیان هەڵسوكەوت دەكەن.

من لێرە زۆر هەڵسوكەوتم لەگەڵ عەرەب و لەگەڵ خەڵكی دیكەدا كردووە و جیاوازیەكی زۆرم بینیوووە لە نێوانیاندا. ئەویان لە هەموو شتێكدا چاو برسیانەو بە هەڵپەوە ڕەفتار دەكات و ئەوانی دیش (نامەوێت بەشان و باڵیاندا هەڵبدەم)، هەرئەوەندە دەڵێم كە خودا لە ناخ و دڵیاندایە.

ئێوە خۆتان دەخەنە ناڕەحەتی و باری سەرشانی خۆتان قورس دەكەن و وا دەزانن خوا لە خۆتان ڕازی دەكەن، لەكاتێكدا ڕەزامەندی و بەزەیی هاتنەوەی خودا بە نەتەوەیەكەدا، لەبەر ڕەفتار جوانیانە، نەك لەبەرئەوەبێت بە چاكی خواپەرستی دەكەن.

سەر بەهەر وڵاتێكی عەرەبیدا دەكەم، دزیم لێدەكرێت و گێچەڵم پێدەكەن و لە فەرمانگە حكومیەكاندا بێ‌ ڕێزیم بەرامبەر دەكەن و دوای ئەوانەش دەپرسین، خودایە ئەم هەموو سەختگیریە لەپای چی؟!

لە وڵاتێكی عەرەبیدا بۆ كارێكی حكومی (هەر زۆر ئاسان و ئاسایی)، ئەمسەرە و سەری دنیام كرد و چەندین ڕۆژ و هەفتەی خایاند و وڵاتەكەم بەجێهێشت و كارەكەم هەر تەواو نەبوو، كەچی لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە ماوەی دوو ڕۆژدا پاسپۆرتی ئەمریكیم دەركرد. بە پۆستدا داوایەكەم نارد و دوای دوو ڕۆژ هەر بە پۆستدا، پاسپۆرتەكەم وەرگرتەوە.

دوای ئەو هەموو ماجەرایە، كابرا دێت چەپڵە بۆ حكومەتی وڵاتەكەی دەكوتێت (كە خستویەتیە سەر ساجی عەلی و گۆشتی خواردووە و خوێنی مژیووە) و دەست بۆ ئاسمان بەرز دەكاتەوەو نزا دەكات و دەڵێت: (خوایە بۆ خاتری گەورەیی خۆت ئەمریكا تەفر و توناكەیت).

بەردەوام دەست بە دەستنوێژ و تا بەرەبەیان خەریكی شەو نوێژ بیت و دوعای شەڕ لە وڵاتێك بكەیت پڕ خێر و بێر و شتی باشە بێت، لێت وەرناگیرێت و دەستی لێبخەرە ژور سەرت.
سەرم لە فەرمانڕەوایانی ستەمكار سوڕنامێنێ‌ و زوڵم و ناهەقیان بە سەیر نازانم، مادامەكی هاوڵاتیانیان سەر شۆڕ و دەرهەق بە یەك شەڕانگێز و داخ لەدڵبن. پێشبینی ماڵوێرانی گەورەتر دەكەم، مادامەكی خەڵكوخوا سەرقاڵی ئەوەن، ڕقیان لەیەکتری بێت و یەكدی ببوغزێنن.

لەبەرامبەر ئەوانەدا هیواخوازم، خەڵك ئەو خودایە بپەرستن كە من لە ئەمریكا بینیم. خودای سۆز و بەزەیی، نەك خودای دڵڕەق و خۆسەپێنەر. خودای خۆشەویستی، نەك خودای شەڕ. خودای دڵان نەك خودای گوناهەكان.

وەك چۆن لەناو مزگەوتەكاندا دەیپەرستن، لەدەرەوەشدا هەروا بكەن. چۆنتان پێ‌ خۆشە وەها ڕوی تێبكەن و بیپەرستن، بە چ جۆرێك ڕوتان تێكرد، هەر بەوجۆرە دەیدۆزنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار