گەڕان بەدوای نەمری؛ لە گلگامێشەوە تا پوتین
.jpg)
3 كاتژمێر لەمەوپێش
حسێن مەحمود
لەدەستپێکی گەشتی وشیارییەوەپرسیاری نەمری وەک سێبەر بەدوای مرۆڤەوەیە، لەدێرینترین داستانی مێژوویی (گلگامێش) باس لەوەکراوە مرۆڤ چۆن نەمردەبێ؟ گلگامێش بەتەنیا داستانێکی مێژوویی نیە،بەڵکو پرسیاری وجودی وفەلسەفیشە. داستانی گلگامێش داستانێکی سۆمەرییەو مێژووی بەنزیکەیی دەگەڕێتەوە بۆ (2100ساڵ پێش زاین )، گلگامێش کۆنترین داستانی ئەفسانەیی ئەدەبییە لەمێژووداوپاشای (ورکا) بووە، وانیشاندراوە کەنیوەی خوداو نیوەی تری مرۆڤ بووە،سەرەتا زۆر ستەمکارو بەدکار بوو،دواتر خودا (ئەنکیدۆ)ی بۆ ناردووەتاکو لەستەم ودەسەڵاتی کەمبکاتەوەوبەمجۆرە لەملاملانێیەکی تونددا بون، هیچیان نەیانتوانیوە ئەوی تریان لەناوبەرێت.
دواتر وای لێهاتووە بونەتە هاوڕێی گیانی بەگیانی یەکترونەیانتوانیەوە لێکدابڕێن، بەیەکەوە چەندین شەڕی هاوبەشیان لەدژی وەحشی (خەمبایا) و گای ئاسمان بەرپاکردووە کەخوای عەشتاروەک سزایەک بۆ گلگامێشی ناردبوو،دوای ئەمانە خواحوکمی مردن بۆ ئەنکیدۆ دەردەکات وەک سزایەک بۆشەڕانگێزییەکانی، لێرەوە گلگامێش دوای لەدەستدانی ئازیزترین پشتیوان و هاوڕێی، دەستی کرد بەگەڕان بەدوای نەمریدا، مردنی ئەنکیدۆ شۆکێکی گەورەبوو بۆ گلگامێش چونکە وەک نیوەکەی تری خۆی لێی دەڕوانی.
لێرەوە پرسیاری نەمری پرسیارێکی مێژووییە. دوای 4 هەزارساڵ ولەڕۆژی 3 ی ئەیلولی ئەمساڵ، لەمیانی ئامادەبون لە مەراسیمێکی سەربازی لەچین، (فلادیمێر پۆتین) ی سەرۆکی ڕوسیا لەگەڵ( شی جین پینگ)ی سەرۆکی چین لەکاتی مایکرۆفۆنێکی کراوەدا هەمان خواست دوبارە بۆوە، کەگوتی: بەهۆی پێشکەوتنی بایۆتەکنەلۆژیاوە، دەکرێ تەمەنی مرۆڤ زۆر درێژبکرێتەوە بەجۆرێک لانی کەم 200ساڵ بژی و وەک ئاماژەدانێک بۆنەمری.
لێرەوە پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا مرۆڤ دەتوانێ لەسنوری خۆی تەجاوز بکات وزیاتر بژی؟ یان هەوڵی نەمری تەنیا هێمایەکی مێژووییە؟
لەئەفسانەوە بۆ سیاسەت
ئەگەر لەمێژوودا گەڕان بەدوای نەمریدا هەوڵی تاکەکەسی بوبێ، ئەمڕۆ بۆتە هاجسی بەشێک لە سیاسی و لەدەسەڵاتداران. ئەوەی ئەمڕۆ خاوەنی تەکنەلۆژیای تەندروستی نوێیە،دەسەڵاتی بەهێزترە لەدەسەڵاتی ئابوری وسەربازی بەسەر مرۆڤدا، چین وڕوسیا لەم بوارەشدا دەیانەوێ لەگەڵ خۆرئاوا لەکێبەڕکێدابن .
ئاوێزانبونی فەلسەفەو سیاسەت
ڕای بەشێک لەئەنترۆپۆلۆجیستەکان وایە کە ئەو نەمریەی گلگامێش باسی دەکات، نەمریەکی ڕەمزی و سیمبولیکە، ئەو نەمریەیە کە لەدوای مەرگ دەستپێدەکات و بریتیەلەبە جێمانی ئاکارو ڕەفتاری جوان.نەک نەمری جەستە.گلگامێش گەیشتە ئەو داناییەی کە مردن قەدەرێکەو دەربازبون نییە لێی ،بەڵام نەمری بەدەستکەوت بەدەست دێت. هاوکات پۆتین وبڕیاربەدەستان لەوبڕویەدان کەنەمری بەئامرازی سیاسی بەدەست دێت.
تەکنەلۆژیا وەک هێزێکی جیۆسیاسی
باسکردن لەنەمری ڕەنگدانەوەی بونی ململانێیەکی شاراوەیە لەسەر ئەوەی کێ لەئایندەدا جڵەوی زانستی بایەلۆژی دەکات. ئەوەی تەکنەلۆژیای تەمەندرێژی لەبەردەستدا بێت،دەسەڵاتێکی بێوێنەی بەسەر مرۆڤایەتیدا دەبێت، ئەم گفتوگۆیە تەنیا گفتوگۆیەکی زانستی و فەلسەفی نییە،بەقەدئەوەی کێبەڕکێیەکی خۆپڕچەککردنە لەنێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوادا، لەجیاتی چەکی ئەتۆم، چەکی تەمەن بەکاردەهێنرێ.
ئەگەر ئەم بازدان وگۆڕانە گەورەیە لە خەونەوە ببێتە واقعێکی سیاسی، ئەوا چەمکەکانی وەک هاوڵاتی،دادپەروەری ، یەکسانی دەبێ پێناسەبکرێنەوە، تەنانەت مافی مرۆڤیش، کێ بۆی هەیە نەمربێت؟ ئایا هەموان نەمر دەبن یان نوخبەیەکی دەسەڵاتدار؟
