پەیامەكەی بارزانی، ڕیفراندۆمی دووەم بۆ سەربەخۆیی كوردستان

3 كاتژمێر لەمەوپێش
مەشخەڵ كەوڵۆسی
سەرۆك “مەسعود بارزانی” دەڵێت: پەیامم ناردووە بۆ هۆزە عەرەبییەكانی سوریا، كەئەگەر بێت و هێرش بكەنە سەر ڕۆژئاڤای كوردستان، ئەوا هەموو هێزی پێشمەرگە دەچینە قامیشلۆ بۆ بەرگری لەكوردەكان و خۆیشم لەناو پێشمەرگەكاندا دەبم”.
ئەم لێدوانە لەجەوهەردا هیچ شتێكی تازەی تێدانیە، چونكە بارزانی هەروا ناسراو بووە كە قسەی یەكەم و كۆتایی لە پرسی كورد دەكات. ئەمەش ئەگەرچی ئیزافەیەكی ترە بۆ سەر ئەو بڕوایە، شتێكی جیاواز نیە.
لەگەرمەی شەڕی داعشدا، بەبڕیاری بارزانی هێزی پێشمەرگە چووە كۆبانێ و، جوانترین پێنمای یەكڕیزی كورد بوو. ترۆپكی شەهامەتی نەتەوەیی بوو.
كەواتە ئەوەی بارزانی ئەمجارەش ئاماژەی پێداوە، لەناوەڕۆكدا، شتێكی تازە نیە، وەك گوتمان ئەوە لەگەڵ سروشتی بارزانی بووەتە دووانەی لێك دانەبڕاو.
بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێ بدەم، سیاق و چوارچێوەی بابەتیی پەیامەكەیە، كە پێم وایە پرۆڤەیەكی جوانە بۆ تێستكردنی سەربەخۆیی بڕیاری كورد. بەڵام ئەمە چۆن؟.
بێگومان هەموومان دەزانین ناوچەكەمان بە دۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت كە زۆرێك لە پسپۆڕان و ناوەندە جیهانییەكان پێی دەڵێن: كۆتایی سایكس بیكۆ، یان سەردەمی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەمانایەكی تر، ئێستا ئێمە لەسەردەمی كۆتایی سەروەری و سیادەی وڵاتانی پۆست كۆلۆنیالیستی ناوچەكەدا دەژین، ئەو دەوڵەتانەی كە ڕێككەوتنی سایكس بیكۆ خوڵقاندنی. بەماناكردەییەكەی، هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵێك دەوڵەت و، هاتنە پێشەوەو لەدایكبوونی كۆمەڵێك دەوڵەتی تر، یان هەر جۆرە قەوارەیەكی دیكە كە ناوچەكە دەیخوازێت.
لێرەدا دەبێ بزانین پەیامەكەی بارزانی، لەدەرەوەی سیاقە كۆنەكەی سیادەی دەوڵەتانی ناوچەكەیە. بەڵكو وەكو كورد خۆی تەرح دەكات و، پێمان دەڵێت: ئەگەرچی باشور تاكو ئێستا بەشێكە لەدەوڵەتێكی تەقلیدی ناوچەكە كەپێی دەگوترێت عێراق، ڕۆژئاڤاش بەشێكە لە دەوڵەتێكی تەقلیدی دیكە كە پێی دەگوترێت سوریا. بەگوێرەی چەمكەكانی سیادەش پێویستە هاووڵاتییانی ئەم دوو وڵاتە، پابەندی سنور و ئیختیساسی سیادی دەوڵەتی خۆیان بن.
كەچی لێرەدا و لەپەنای ئەم دۆخە تازەیەی ناوچەكەدا، بارزانی هات و پێمان دەڵێت: واخەریكە سەروەرییەكی تازە لەدایك دەبێت و، بڕیار لەدایك ئەبێت لەناو ماڵی كوردەوە، مەرج نیە ئەو بڕیارە بەگوێرەی سەروەری دەوڵەتانی ناوچەكە بێت. مەرج نیە ئەو بڕیارە تەعبیر لە مانای هاووڵاتییبوون بۆ دەوڵەتێكی داگیركەری كوردستان بكات. بەڵكو بڕیارێكەو لەماڵی كورەدەوە وەك كورد ئەدرێت.
بڕیاری چوونە جەنگ و بەرگری، لێكەوتە لەسەری دەوڵەتان هەیە، یانی كەتۆ بڕیارتدا لەدەرەوەی سنورەكانەوە بچیتە جەنگێكەوە، مانای وایە سەروەرییەكی تر لەدایكبوو لە تەنیشتی ئەو سەروەرییە كلاسیكییەی كەناوی سەروەری عێراق و سوریایە.
بەتەنها ئەو لێدوانە، بەئەندازەی ڕیفراندۆم مانای بەخشی بەكوردایەتی. بۆیە دەتوانم بڵێم: پەیامەكە ڕیفراندۆمی دووەمە بۆ سەربەخۆیی كوردستان، چونكە پێی گوتین: تەنها دەوڵەتە كلاسیكییەكانی ناوچەكە خاوەنی سەروەری نین، مەرج نیە كورد پابەندی سەروەری و سنوری ئەوان بێت، بەڵكو كورد بڕیار و سەروەری خۆیی هەیە و، ئامادەیە ئەو سەروەرییە لەباشور و ڕۆژئاواش پیشانی جیهان بدات. پەیامەكە، هێندە گرنگە، ڕەنگە نەتوانین هەقی خۆی بدەینێ.
بۆئەوەی بە واتای ڕاستەقینە لەو پەیامە تێبگەین، دەبێ پرسیاری پێچەوانە بكەین: ئەگەر كوردەكانی ڕۆژئاڤا كەوتنە بەردەم ئەو مەترسییەی كە هۆزە عەرەبییەكان دروستیان كردبوو، ئایا بارزانی بۆ بەرگری لەوان دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری دەوڵەتی عێراق؟ ئایا پرس بەعێراق دەكات بۆ چوونی پێشمەرگە؟ بێگومان وەك لەپەیامەكەدا دەردەكەوێت، كورد خۆی بڕیار ئەدات.. كەواتە تێگەیشتین: كورد ژمارە تازەكەیە و سیادەیەكی تازەیە وا دەخەمڵێت. ئایا ئەمە بارتەقای ڕیفراندۆ بۆ دۆزی كورد گرنگ نیە؟ بۆ متمانە بەخۆبوونی كورد گرنگ نیە؟
