ئاگرەکەی نیپال بە هەموو جیهاندا دەسووڕێتەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەنوەر نەجمەدین

سیستمی سیاسی نیپاڵ لەسەر بنەمای دیموکراسییە -فرە حزبی و هەڵبژاردن. ئەو حیزبەیشی تیایا دەسەڵاتدار بوو حیزبی شیوعی نیپاڵ (مارکسیست-لینینیستی یەکگرتوو) بوو. لەو وڵاتە بە دەیان حیزبی شیوعی و مارکسی-لینینی لە بوندان و زۆرینەشیان لە ماویزمەوە سەرچاوە دەگرن. 

کریشنا خانال، مامۆستای زانستە سیاسییەکان؛ لە ساڵی ٢٠٢٢ دا دەنوسێت: "سیاسەت لێرە تەنها سەوداومامەڵەیە .. لە نیپاڵ تاکە هێزێکی کۆمۆنیستیی ڕاستەقینە بوونی نییە، سەرەڕای زۆری ژمارەی حیزبە کۆمۆنیستەکان". ئا ئەمانە کاتێک چوونەتە سەر تەختی عەرش، خاوەنی عانەیەک نەبوون. ئێستا ئەرز و ئاسمانیان لەسەر خۆیان تاپۆ کردووە. 

لە نیپاڵ، دینەمۆی ڕاپەڕینەکان، بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و بێکاری بوو، ئەو ڕێژەیەی لە سێبەری حیزبی شیوعییدا، لە شارە گەورەکاندا دەگاتە سەروو ٣٠٪ و لەنێو گوندنشینانیشدا ٢٤٪. دژی ئا ئەم کۆمۆنیستانەیش کە هەمیشە لە دەسەڵات و لە پاڵ حیزبە دەسەڵاتدارەکاندا خۆیان حەشارداوە و بەناوی چینی پرۆلێتاریاوە، لەسەر ئیمتیازەکانی دەسەڵات دەحەوێنەوە؛ لە هەموو شوێنێکیش -هەروەک نیپاڵ- لەژێر هەڕەشەی جەماوەری پرۆلێتاریای برسی و تووڕەدان. 

ئەو حیزبانەی لەگەڵ دوژمنانی پرۆلێتارە هەژارەکاندا قۆڵ بە قۆڵ، یاری بەو چینە هەژارە و بەرژەوەندییەکانی و چارەنوسی دەکەن بە مەبەستی زیاتر سوککردن و ڕسواکردنی سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم. بەڵام ئەوانە –وەک کارل مارکس دەڵێت: ".. لە هەژاریدا هیچ نابینن هەژاری نەبێت، ئیتر بەبێ ئەوەی لایەنە شۆڕشگێریەکەیشی ببینن، ئەو لایەنە ڕووخێنەرەی کۆمەڵگای کۆن هەڵدەگێڕێتەوە." (هەژاریی فەلسەفە). ئا ئەم تراژیدیا کۆمیدییە بە تەواوی دەیسەلمێنێت: سۆشیالیزم/کۆمۆنیزم بوونی نییە لە سیستمێکی هەرەوەزکاریی کۆمۆنەییدا نەبێت، ئیتر با هەموو حیزبە شیوعییەکانی نیپاڵ وای نیشان بدەن گوایە سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم دەسەڵاتە پیرۆزەکەی ئەوانە.

لە نیپاڵ گڕی ئاگری بارەگای پەرلەمان و خانوی سەرۆک و بەرپرسان، دەچێت بە ئاسماندا، موڵک و ماڵیان داگیر دەکرێت، شکۆی دەسەڵات دەشکێنرێت، وەزیرەکان بەڕوتی بەدەست ڕاپەڕینخوازانەوە بە شەقامەکاندا ڕادەکێشرێن. ئەوەیە دیاردەی هاوچەرخ: یاساشکێنی، خستنەژێرپێی دەستوور، ئەو دەستورەی مافی بەهەشتی داوە بە دەسەڵاتداران و سەرمایەدارە هاوبەشەکانیان و مافی دۆزەخیشی بۆ چینە پرۆلێتارییە هەژار و بەشمەینەتەکە دیاری کردووە، ئەو دەستورەی ناز و نیعمەت و تەلاری ڕوناک و بەرزی بە سەرمایەداران و دەسەڵاتداران بەخشیوە و خانۆچکەیەکیشی بەو هەژارانە داوە کە جیهانیان بە عارەقی ناوچەوانی خۆیان دروستکردووە، ئەو دەستورەی مافی سەروەرێتیی بۆ چینە حوکمدار و خاوەن سەرمایەکە دیاری کردوە و مافی ملکەچیشی بە چینە هەژارەکە داوە. 

ئا ئەو دەستوورە ڕۆژ بەڕۆژ بە گڕی ئاگرێک دەسووتێنرێت کە تادێت لەژێر زەبری قەیرانە ئابوورییەکاندا، لە هەموو شوێنێک هەڵدەگیرسێت، گڕی ئەو ئاگرە بە جیهاندا دەسوڕێتەوە و درەنگ یان زوو؛ هەموو کۆشک و تەلارە بەرزەکان دەگرێتەوە. ئەوەیش دەرسێکە بۆ چینە هەژارەکە لە هەموو شوێنێک: بە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان، ئیرادەی دەسەڵات، ملکەچی ئیرادەی چینە شۆڕشگێرەکە دەکرێت، هەر حیزبێکیش بە هەر بیانوویەک، داوای هێوربوونەوەی ئەو چینە شۆڕشگێرە دەکات، ئەوە بەبێ هیچ شک و گومانێک بەشێکە لە دەسەڵات، ئیتر گرنگ نییە ئەو حیزبە لەسەر پەڕۆ سوور و زەردەکەی یان سەوز و شینەکەی دەنوسێت: دەبێت ئاسایش بپارێزین!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار