خوێندنەوەیەک بۆ نامەکەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان  بۆ سەرۆک عەشیرەتەکانی عەرەب

2 كاتژمێر لەمەوپێش



د. مەجید ساڵح

نامەکەی ٢٨ تەموز ٢٠٢٥ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەڵان بۆ سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەکانی جەزیرە و دێرەزۆر و ڕەقە و تەبقە نێردراوە، لە رووەکانی شارستانی و مەدەنییەوە دەقێکی مێژوویی و پڕ واتایە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکانی ئێستای سوریا. ئەم نامەیە سنووری پەیامی سیاسی ڕاستەوخۆی تێپەڕاندووە،  تێڕوانینێکی فەلسەفیانەی فراوانە بۆ داهاتووی پێکەوەژیانی پێکهاتە نەتەوییەکانی سووریا، بەتایبەتی کورد و عەرەب و دەکرێ لە چەند رەهەندێکەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت:

یەکەم: ڕەهەندی شارستانی:
لە ڕووی شارستانییەوە، بۆچونەکانی بەڕێز ئۆجەڵان پشتی بە مێژووی هاوبەشی نێوان کورد و عەرەب بەستووە، لەڕێگەی بیرهێنانەوەی قۆناغی یەکەمی ئیسلام وەک چوارچێوەیەکی کۆکەرەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو گەلی بەهێزکردووە و دەکرا لە نامەکەشدا باسی لە سەردەمی سەلاحەدین ئەیوبی بکردایە. ئامانجی ئەم گێڕانەوەیە  مێژووییە تەنها  شەرعیەتدان نییە بەو هاوپەیمانیەتی ئێستا، بەڵکو مەبەست لێی خستنەڕووی پڕۆژەیەکی شارستانییە کە لەسەر بنەمای کارلێک و هاوپەیمانی لە نێوان نەتەوە و ناسنامە جیاجیاکان دامەزراوە. ئەمەش بە بەرجەستەکردنی چەمکی “برایەتی مێژوویی” وەک بناغەیەکی پتەو بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکان دوور لە ملمڵانێ نەتەوەیی یان عەشیرەیی. هەروەها بەکارهێنانی چەمکەکانی وەک “نەتەوەی دیموکراتیک” و “دادپەروەری” ڕەنگدانەوەیە بۆ گواستنەوە لە تێڕوانینە تەقلیدییەکان بۆ رەهەنديکی شارستانی فراوانتر، کە بناغەیە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هاوبەش.

دووەم: ڕەهەندی مەدەنی:
لە دیدگای مەدەنییەوە، نامەکە بە ڕوونی وێنەی پڕۆژەی دەوڵەتێکی سەردەمیانە لە سووریا دەخاتەڕوو، کە پشتی بە یەکسانی و ئازادی و دەسەڵاتی یاسا بەستووە. ئەم فەلسەفەیە بۆ حوکمڕانی عەرەب و کورد و سریانی و ئاشووری و هەموو پێکهاتەکانی تر بانگهێشت دەکات بۆ بەشداریکردن لە دروستکردنی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نوێ، کە تێدا مافەکانی هەموو لایەک بە یەکسانی بپارێزێت. لێرەدا چەمکی “هاووڵاتی دیموکراتیک” دەبێتە بەدیل بۆ ولائی تەسکی  عەشیرەتی و شۆفیۆنیزمی نەتەوەیی یان دینی توندڕەوو. هەروەها جەختکردنەوەی بەڕێز ئۆجەڵان لەسەر بەهاکانی ئاسایش و دادپەروەری و ئاشتی، ڕەنگدانەوەیە بۆ خواستی تێپەڕاندنی  دۆخی جەنگ و ململانێ لە پێناوی بنیاتنانی دامەزراوە مەدەنییەکان کە توانای ئیدارەدانی فرەرەنگی و سەقامگیریی هەیە.

نامەکەی بەڕێز ئۆجەڵان لە جەوهەردا بانگهێشتێکە بۆ دامەزراندنی پڕۆژەیەکی شارستانی-مەدەنی هاوبەش لە نێوان کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا و ڕابردوو بە ئێستاوە دەبەستێتەوە، مێژوو بە داهاتوو،  ئەم نامەیە پرۆژەیەکی مێژووییە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ڕێگای دەرچوون لەم قەیرانەی ئێستا تەنیا دامەزراندنی سووریایەکی دیموکراتیک، یەکگرتوو، دادپەروەر و فرە ناسنامەیە نەک ئەو سیاسەتەی ئەحمەد شەرع  کە درێژەپێدەری سیاسەتەکانی حافیز و بەشار ئەسەدە لەژێر پەردەی ئیسلامێتیدا. نامەکە  بەڵگەنامەیەکی سیاسی- فیکرییە و  دەکرێت وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بەڕێز ئۆجەلان بۆ بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەی سووریا لەسەر بنچینە شارستانی و مەدەنی بخوێنرێتەوە و لەلایەن کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی و وڵاتانی مەعنی بە ناوچەکە و ئایندەی سوریا بەهەند وەربگیرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار