ئەنجومەنی دەوڵەت یان ئەنجومەنی شورا چییە؟

3 كاتژمێر لەمەوپێش



هاوڕێ تۆفیق

ئەم دامەزراوەیە لەساڵی ١٩٣٣ لەسەردەمی پاشایەتیەوە ئەم ئەنجومەنە دروستبوە، هەتاوەکو پێش ساڵی ٢٠١٧ پێی ئەوترا ئەنجومەنی شورا، پاشان سێ جار یاساکە و دەزگاکە هەموارکراوەتەوە لەساڵی ١٩٧٩ هەمواری یەکەم و لەساڵی ٢٠١٣ هەمواری دووەم و کۆتاجار ٢٠١٧ بوو. ناوەکەی لە ئەنجومەنی شوراوە گۆردرا بە ئەنجومەنی دەوڵەت. 
ئەم دەزگایە تێکەڵەیەکە لە کاری دادوەریی و راوێژی یاسایی و لە خەڵکانی دادوەر و ئەکادیمیی پسپۆر پێکهاتووە، ئەم دامەزراوەیە یەکێکە لە دامودەزگا دێرینەکانی دەوڵەت و ئێستا تەمەنی ٩٢ ساڵە و تەمەنی لە تەمەنی دەوڵەتی تازەی عێراقەوە نزیکە. ئەم دەزگایە وەختی خۆی سەر بە وەزارەتی داد بووە، لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت کە بریتین لە ( دادگاکانی کاروباری فەرمانبەران، دادگای کارگێری، دادگای باڵای کارگێڕی)، بەشی دووەم کۆمەڵێک راوێژکاری یاسایین. 

بەشی یەکەمیان کاری دادبینیە بۆ کێشە کارگێرییەکانی فەرمانبەران و دامودەزگاکانی دەوڵەت و دەرکردنی بریاری دادوەری پێویست، کارێکی تری رادەربرینە لەسەر دەقەکانی قانون و رێنمایی و بریارەکان، واتە تەفسیرکردن، جگە لە وردبینی پرۆژەکانی قانون پێش ئەوەی بۆ پەرلەمانی بنێرن. 

ئاشکرایە بە گوێرەی دەستور دادگای فیدراڵی پسپۆری تەفسیری هەیە، بەڵام جیاوازی پسپۆری نێوانیان خاڵێکە، دادگای فیدراڵی تەفسیری دەقی مادەکانی دەستور دەکات و تەفسیرکردنی دەقی قانون و بریار و رێنمانییەکان لەشێوەی رادەربریندا بۆ ئەم ئەنجومەنە دیاریکراوە، بەڵام راکانی بە پێچەوانەی دادگای فیدراڵیەوە کە پابەندی تیایە، رای ئەنجومەنی دەوڵەت بۆ لایەنی داواکار سەرپشک و ئازادە، کە کاری پێبکات ، یان فەرامۆشی بکات. 

ئەم ئەنجومەنە لەساڵی ٢٠١٧ وە لە وەزارەتی داد جیاکراوەتەوەو لەژێر سەرپەرشتی ئەنجومەنی دادوەریدایە. بەگوێرەی قانون سەرۆکێکی هەیە بە پلەی وەزیر، لەگەڵ دوو جێگر و لەگەڵ ٥٠ راوێژکار. 

لە ئێستادا بۆ پرسی داهاتی نانەوتی داوای رای لێکراوە.حکومەتی فیدراڵی باوەری وایە دیاریکردنی برگەکانی داهاتی نانەوتی کێشەیەکی کارگێرییە و لە پسپۆری ئەنجومەنی دەوڵەتە و رەهەندی دەستوریی نیە ،هەتاوەکو ئاراستەی دادگای فیدراڵی بکات، بەڵام لە راستیدا ئەنجومەنی دەوڵەت بۆ کێشە کارگێرییەکانی وەزارەت و دەستەکانە، بەهیچ شێوەیەک لە یاساکەیدا باسی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی نەکراوە، کەواتە ئەم کارە لە پسپۆری دادگای فیدراڵیە ،نەک ئەنجومەنی دەوڵەت. بەڵام رەنگە بەهۆی گۆرانکاری لە دادگای فیدراڵیدا، حکومەتی فیدراڵ، گومانی هەبێت کە لە دادگای فیدراڵی بریار لە بەرژەوەندی دەربچێت ،بۆیە پەنای بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت بردوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار