ئازادیی لە چۆنییەتی و ئاگایی بەکارهێنانی

2 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕەنگین مەلا سەمەد
چۆن وابکەین ببینە بەشێک لە پێشکەوتن و لەگەڵیشیدا پیرۆزییەکان بپارێزین و هاوسەنگییەکی ئەخلاقیی لە نێوان ئازادبوونێکی دروست و پاراستنی بەهاکاندا ڕاگرین؟
چەمکی ئازادی واتایەکی فراوانی لە هەموو ڕووەکانەوە هەیە، تێگەیشتن لێی و قووڵبوونەوە تیایدا وریاییەکی وردی کرداریی دەوێت، دەبێت بۆ هۆشیارکردنەوە بەکاربهێندرێت بەو جۆرەی ببێتە دەستکەوت نەک زیان و شکست و نموونەیەکی خراپ لە پێشێلکردنی ئەو جوانییانەی، کە بە ڕۆح و ڕەوشت پارێزراون و بوونەتە دەستکەوت و سەروەت.
هەموو جومگەو کایەیەکی کۆمەڵگا بۆ ئەوەی لەوەی ئێستا تێیدا بەردەستە باشتر بەڕێوەببرێت و بەرەوپێشبچێت، پێویستی بە تاکی خاوەن مەعریفەو هۆشیارە تا گۆڕانکارییەکانی لێ بێتە گۆڕێ و، ببێتە پێشڕەویی و ڕچەشکێنییەک، کە تەکان بە تەواوی کلتوورە لەقاڵبدراوەکان بدات، بە کرداریی نموونەی تاکێکی ماندوو و خاوەن داهێنان پێشکەش بکات و، ببێتە سەلمێنەری تاکە دروستەکانی ترو ئەوانەشی کە لەسەر حیسابی هەوڵ و ماندووبوونی خۆیان هاتوونەتە بەرهەم.
گەر شکۆو کەرامەت پاراستن بەکارنەهێندرێت لە تێکەڵبوون بە ئازادی، پیرۆزییەکان چییان بەسەر دێت؟
گەر دروستیی لە ئازادییدا پەیڕەو نەکرێت، چاوەڕێی چی لە کلتووری کۆمەڵگا بکەین؟
لەکاتێکدا کلتووری کۆمەڵگا هەندێک نەریتی سەپاندووە کە لادان لێی کفرو تاوانەو، دەچێتە خانەی سنووربەزاندنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پاندبوون بە هەندێک لە بەهاکان ئەرک و ئازاییە، چونکە بەندن بە پەروەردەو کەرامەت و لایەنە مرۆییەکانەوە، کە لادان لێیان، شێواوی و ئاڵۆزیی دروستدەکات.
بەکارهێنانی ئازادییەکی دروست و سنووردار، کە تەواوی بەهاو دەستکەوتە بەرزو پیرۆزەکان بپارێزێت، لە ئەنجامدا جوانییەکانی لێ شۆڕدەبێتەوە و، دەبێتە بەشێک لە پێشکەوتنێکی ڕەوا و ڕاست و، پشتیوانییەکی پتەوی کۆمەڵایەتیش بەدەستدێنێت.
ئەم پێوەرانەیە وادەکات ئازادییەکی دروست و ئەرێنی بەرهەمی هەبێت و، نەبێتە هۆکاری پێشێلکردن و بەلاڕێدابردن، هەم بەشێکدەبێت لە پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگا، هەم ئاگاییە بۆ پیرۆزییەکانی لە چۆنییەتی پاراستنیان لە لەناوچوون.
واتە ئەوانەی تاوئەدەن بۆ بەرەوپێشچوون دەبێت دەست بە ئازادییەکانەوە بگرن، بەشێکبن لە چارەسەر نەک نەخۆشیی، ساڕێژبن بۆ برینەکان، ئاوڕەکانیان بۆ گەڕانەوە نەبێ بۆ دواوە بەڵکو بۆ هەڵبژاردنی کلتوورە ڕەسەنەکان بێ کە بوونەتە پیرۆزیی بۆ کۆمەڵگا.

