لە پۆڵەندا بۆ ڕۆمانیا، فاوڵی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێڵە سوورەکانی ناتۆ

2 كاتژمێر لەمەوپێش



حەسەن ئەحمەد مستەفا

هێشتا سەرەتای جەنگەکە بوو، ڕوسیا پەلاماری ئۆکرانیایدا بوو، نەروێج، سوێد و فنلاند کەوتبوونە ژێر فشارەوە، هاوڵاتیان ئازووقەیان پاشەکەوت دەکردو وزەیش بەرەوگران بوون دەچوو، ئەڵمان لەپێشەوەی جەنگەکە بوو، بەڵام ترسەکەی دانی پێداگیرابوو. ئێستە خەریکە پڕیشکی ئاگرەکە دەگاتەوە سنورەکانی جەنگی سارد و ئەمجارەش ڕۆمانیا لەپێشەوەیە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، ناتۆ لەبەرامبەر هەڕەشەی ڕووسیا و لۆژیکی نوێی پەرەسەندندا دادەنێت. 

مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥ لەکاتێک دا سەبارەت بە ئسڕائیل و عەرەب و ئێران قسەمان بۆ ڕاگەیاندنەکان دەکرد، زنجیرەیەک ڕووداو کە زۆرێک لە پایتەختەکانی ئەوروپا ساڵانێکە لێیان دەترسان بە هێمنی ڕوویاندا.

 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسی کە هێرشی سەر  ژێرخانی ئۆکرانیایان دەکرد و بەئاسانی پەڕینەوە ناو ئاسمانی ئەندامانی ناتۆ.  شەوێک لە ئاسمانی پۆڵەندا تەراتێنیان دەکرد، زۆری نەبرد و لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ڕووسی بۆ ماوەی نزیکەی پەنجا خولەک بە ئاسمانی ڕۆمانیادا دەسوڕایەوە، دواتریش بەرەو ئۆکرانیا وەرسوڕیەوە.

ئەمە تاقیکردنەوەیەکی گەورە بوو بۆ هەڵسەنگانی بەرەی پێشەوەی ئەوروپای خۆرئاوا لە هێڵی بەریەککەوتنی گەرمی لەگەڵ ڕوسیادا.

هەرچەندە، گەرماوگەرم فڕۆکەی F-16 و F-35 پێکەوە گەیشتنە ئاسمانە بەزێندراوەکە و ئەمڕۆش ڕافاڵی فەڕەنسی ڕەگەڵ کەوت کە  پەیامی ڕێگر و بەرگرییان بە ڕوس و هاوپەیمانەکانی خۆیشیان گەیاند. بەڵام دەرئەنجامە ستراتیژییەکانی ڕەتدانەوەکە لە ئاستی هەڕەشە کەم وێنەکەدا نەبوون ولەوانەیە ئەو تیمە ڕاوێژکارییەی دوای دەستدرێژییەکەی ڕووس بانگهێشت کرابوون تا دۆخی بەرگری ئاسمانی ناتۆ بەدرێژایی لای ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا هەڵسەنگێنن و بەهێزی بکەن پێیان وانەبووبێت ڕووس لەم کاتەدا ئەم جورئەتە دەکات لەکاتێک دا ئەوروپیەکان حساباتی تێچوونیش دەکەن، بۆیە بۆیان سەختە بەردەوام بەرپەرچی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەرزان بە فڕۆکەی شەڕکەری ئاست بەرز بدەنەوە.

ئەوروپییەکان بەگوێرەی ماددەی چوار کۆبوونەوە، هێشتا نەگەیشتوون بە ئاستی ماددەی پێنج، لە مادەی چوارەمی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (١٩٤٩) دا هاتووە"هەرکاتێک بە بۆچوونی هەریەکێکیان،  خاکێک، سەربەخۆیی سیاسی یان ئاسایشی هەریەکێک لە ئەندامانی ناتۆ بکەوێتە مەترسییەوە، لایەنەکان پێکەوە ڕاوێژ دەکەن”.

 ماددەی چوار دەرگا بەڕووی هەڵوێستی دیپلۆماسی یەکگرتوو و ڕێوشوێنی بەکۆمەڵدا دەکاتەوە و ناگاتە وەڵامی سەربازی.

هەروەها لە ماددەی پێنجەمی پەیماننامەی باکووری ئەتڵەسییدا (١٩٤٩) هاتووە:

"لایەنەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە هێرشی چەکداری دژی یەکێک لە وڵاتانی ئەندام  یان زیاتر لە ئەوروپا یان ئەمریکای باکوور بە هێرشێک لە دژی هەموویان هەژمار دەکرێت و لە ئەنجامدا هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ئەگەر هێرشێکی چەکداری لەو شێوەیە ڕووبدات، هەریەکەیان بە بەکارهێنانی مافی بەرگری لەخۆ جا تاک یان بەکۆمەڵ بێت بە مادەی ٥١ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دانپێدانراوە، لەم پێودانگەوە یارمەتی ئەو لایەنە یان لایەنانە دەدەن کە هێرشیان کراوەتە سەر، لەوانەیش بەکارهێنانی هێزی سەربازی، ئەمەیش بۆ گەڕاندنەوە و پاراستنی ئاسایش و جێگیری ناوچەی باکووری ئەتڵەسییە."  
چەندین شرۆڤەکار، لەنێویاندا دیارەکانی چاتام هاوس و ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ پەیوەندییە دەرەکییەکان، هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان وەک تاقیکردنەوەیەکی بە ئەنقەست و بەمەبەست لێکدەدەنەوە کە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات ئاخۆ "هێڵە سوورەکان"ی ناتۆ لە کوێوە دەستپێدەکات.  ئامانج لێی ناڕوونی ستراتیژیی و دروستکردنی دووفاقییە بۆ هاوپەیمانان بێ ئەوەی بگاتە وروژاندنی وەڵامێکی چەکداری بەکۆمەڵی جدی. 

هەڵمەتەکە ناهاوسەنگی تەکنەلۆژی دەقۆزێتەوە.  سیستەمی ئاسمانی هەرزان و سەربەخۆ حیساباتی تێچوونەکان دەگۆڕێت کە ئەوروپییەکان زۆر بەگرنگی دەبینن. 

دەوڵەتێک دەتوانێت بە کەمترین تێچوون، تێکچوونی تاکتیکی و ئاماژەدانی سیاسی بەدەستبهێنێت لە هەمان کاتدا کاردانەوەی گرانبەهای هاوپەیمانان دروست بکات.  ئەم ناهاوسەنگییە ناتۆ ناچار دەکات ئاستە جیاوازەکانی بەرگریی بونییادبنێن کە کاریگەرییان لەسەر ئاستی تێچوونەکە هەیە.

مەشقەکانی بێلاڕووس و ڕووسیا (مانۆڕەکانی شێوازی زاپاد) و دوکتۆرینی ئەتۆمی دەمەزەردکراوەی ڕووسیا،  ئامرازی جەنگی دەروونین کە مەبەست لێی ترساندنی بەرامبەرە بۆئەوەی بەئاسانی نەتوانێت بڕیاربدات. 

 ڕۆڵی واشنتۆن و هەڵوێستی سەرۆک ترەمپ خۆی پرسێکی گرنگە و  بۆیە سیاسەتی ئەمریکا و بە تایبەتی هەڵوێستی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لە ئێستادا گۆڕاوێکی یەکلاکەرەوەیە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا داوای لە هاوپەیمانەکانی ناتۆ کردووە کە کڕینی نەوتی ڕووسیا ڕابگرن و جەختیکردۆتەوە کە سزای تووندی ئەمریکا تەنها لە حاڵەتێکدا ڕووس دەخاتە دۆخێکی جیاوازەوە کە هاوپەیمانان بۆ یەکەمجار ئەو بازدانە ئابوورییە ئەنجام بدەن و نەوتی ڕووس نەکڕن. 

ئەمەیش شمشێرە دووسەرەکەیە، دەتوانێت بەرەیەکی ترانزئەتلانتیک لە ڕووی ئابوورییەوە ڕاستبکاتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مەترسی لاوازکردنی یەکێتی ئەوروپایش هەیە بەتایبەتی کە هەندێک لەووڵاتانی ئەوروپای خۆرئاوا ناتوانن دەست لەنەوتی ڕووس بەربدەن، هەندێکیشیان پەیوەستەگی جێۆپۆلەتیکییان هەیە.  بۆیە سەرکردەکانی ئەوروپا ڕووبەڕووی هەڵبژاردنێکی سەخت دەبنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار