میدیا و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی:

2 كاتژمێر لەمەوپێش
لەپێناو پاراستنی شکۆی مرۆڤ و بنەماکانی ئەخلاقی پیشەیی دەرووندروستی
د. سەڵاحی گەرمیان
پێشەکیی
لەگەڵ زیادبوونی خواست و پێویستی کۆمەڵگە بۆ دەرووندروستی، کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان هەوڵئەدەن لە بەرنامەی تایبەت بە پرسە دەروونییەکان پێشکەش بە بینەرانیان بکەن، بە ئامانجی خزمەت و هۆشیارکردنەوە. بەڵام سەرەڕای گرنگی ئەم ئاڕاستەیە، بێ گرفتی ئەخلاقی پیشەیی نییە. بەتایبەتی کاتێک چارەسەری دەروونی بە شێوەیەکی نمایشکارانە یان نازانستیانە پێشکەش ئەکرێت و، کێشەکان سادەتر ئەکرێتەوە و حاڵەتە دەروونییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا ئەکرێت بەبێ ڕەچاوکردنی تایبەتمەندی و پاراستنی شکۆی چارەسەرخوازان. ئەگەری ئەوەش هەیە، پرۆسەی چارەسەری هەستیار یان پێشێلکاری ئەخلاقی پیشەیی وەک ڕووداوە سەرنجراکێشەکان نیشان بدەن، کە بەوەەش دیدێکی شێواو بە بینەران ئەدات لەبارەی چارەسەری ڕاستەقینەوە.
ئەم بابەتە تیشک ئەخاتە سەر ئەو بێبایەخییەی کە یەکێک لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان بە بنەماکانی ئەخلاقی پیشەی دەرووندروستی ئەیدات و، باس لە کاریگەرییەکانی ئەکات لەسەر شکۆی ئەوانەی بەدوای چارەسەردا ئەگەڕێن.
ئەخلاقی پیشەیی و شکۆی مرۆڤ لە چارەسەری دەروونیدا:
ئەخلاقی پیشەیی کۆمەڵێک ڕێسا و بنەما ئەگرێتەخۆ کە خاوەن پیشەکان پێویستە لە کارەکانیاندا پابەندبن پێیەوە. ئەکرێت بنەماکانی ئەخلاقی پیشەیی پۆلێن بکرێن بەپێی بوارەکانیان، وەک ئەخلاقی پیشەیی یاسایی، پزیشکی و ئەندازیاری و دەروونناسی. هەروەها کۆمەڵێک چەمکی بنەڕەتی وەک ڕاستگۆیی، دەستپاکی، شەفافیەت، بەرپرسیارێتی، نهێنی پاراستن و ڕێزگرتن لەخۆئەگرن کە بۆ ڕێکخستنی هەڵسوکەوتی پیشەیی لە کەرتە جیاوازەکاندا بەکاردێن.
یەکێک لە گرنگترین لایەن کە پێویستە ڕەچاو بکرێت و ڕێزی لێبگیرێت لە چوارچێوەی ئەخلاقی پیشەییدا، شکۆی مرۆڤە. چەمکی شکۆی مرۆڤ ئەو بیرۆکەیە ئەگەیەنێت کە هەموو مرۆڤێک بەهای سروشتی خۆی هەیە. شکۆی مرۆڤ چۆراچێوەیەکی ئەخلاقی فراوانی هەیە لە کارلێکی نێوان دوو مرۆڤدا و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پەیوەندی نێوانیاندا، بۆ نموونە لەنێوان: پسپۆری دەروونی و چارەسەرخواز، پزیشک و نەخۆش، مامۆستا و خوێندکار..هتد.
ئەرک و بەرپرسیارێتی پسپۆری دەروونی:
یەکێک لە ئەرکە ئەخلاقییەکانی پسپۆری دەروونی (چارەسەرکار یان ڕاوێژکاری دەروونی) لە چارەسەری یان راوێژکاریدا، پاراستنی شکۆی چارەسەرخواز. پسپۆری دەروونی پێویستە ڕێزبگیرێت لە تایبەتمەندی و سنووری کەسێتی چارەسەرخواز، هەروەها پێویستە پاراستنی نهێنی و سەربەخۆیی، دابینکردنی ژینگەیەکی چارەسەری ئارام، دروستکردنی متمانە و بەشداریکردن لە بریارداندا، بۆ چارەسەرخواز دەستەبەر بکات. ئەوانەو پێویستە بەهیچ جۆرێک هەوڵی کارلێکی نەشیاو، بەتایبەتی دەستدرێژیکردن و ئازاردانی سێکسی نەدرێتت.
لەمبارەیەوە، زانای زانستی دەروونی ئەمریکی " کارل ڕۆجەرز Carl Rogers " چەمکی بایەخدانی ئەرێنی بێمەرج (UPR) Unconditional positive regard ی داڕشت، بەواتای قبوڵکردن و ڕێزگرتن لە کەسێک دێت، بەبێ حوکمدان یان هەڵسەنگاندن بۆی و بەبێ گوێدانە چۆنێتی هەست و کرداری و، لەگەڵ دروستکردنی ژینگەیەکی ناڕەخنەگرانە و هاوسۆزی کە تیایدا ئەو کەسە هەست بە سەلامەتی و پشتیوانی بکات بۆ گەڕان بەدوای ناسینی ناخی خۆی و، گەشەکردنی دەروونی و خۆقبوڵکردن دەستەبەر بکات. هەروەها قبوڵکردنی ئەزموون و بیروباوەڕ و بەهاکانی چارەسەرخواز بەبێ ڕەخنە، توانج یان سەرکۆنەکردن.
ڕۆڵی پسپۆری دەروونی یارمەتیدانی چارەسەرخوازە بۆ بەدەستهێنانی تێڕوانین و بڕیاری دروستی خۆی، نەک سەپاندنی بۆچوونی کەسیی یان ئایینی خۆی بەسەر چارەسەرخواز. پێویستە بە بیرێکی کراوەوە هەموو شتێکیشی چارەسەرخواز وەک خۆی قبوڵ بکات و گوێ بۆ بگرێت. ئەمەش وائەکات گوشاری لەسەر کەمبکاتەوە و هاوئاهەنگی چارەسەری دروستبێت. هەروەها پێویستە پسپۆری دەروونی خۆی دووربگرێت لە وەعزدان و پێشکەشی ئامۆژگاری، چونکە زۆرجار وەعزدان پسپۆری دەروونی ئەخاتە ڕۆڵی سەرپەرشتیار یان دادوەرەوە، ئەمەش پێچەوانەی بنەماکانی ئەخلاقی پیشەیی چارەسەری دەروونییە، کە پێویستی بە بێلایەنی و پیشەییبوون هەیە.
کەناڵی تەلەڤیزیۆنی و ڕێگادان بە چەواشەکاری:
ماوەیەکە لە کاناڵێکی تەلەڤیزۆنیدا بەرنامەیەکی تایبەت پێشکەش بە بینەران ئەکرێت. سەرەڕای ئەوەی ناوبانگی هەیە لەناو خەڵکی ئاسایی و ناشارەزا بە بواری دەروونیی و چارەسەری دەروونییەوە، بەڵام دیزاین و دەرهێنانی بەرنامەکە و، شێوازی پێشکەشکار وهەڵسوکەوتی لەگەڵ چارەسەرخوازاندا، دوورن لە هەموو بنەمایەکی پیشەیی و زانستیانە و ئەخلاقی پیشەیی بوارەکەوە و، کاردانەوەی نەرێنی و ناتەندروستی هەیە بەسەر دەروون و هزری ئامادەبوونی و بینەرانییەوە. بەتایبەت لە هێنانی خەڵکە بۆ بەردەم کامێرای تەلەڤیزێون و بەکارهێنایان وەکو ئامراز لەبەرنامەیەکدا کە گوایە مەبەست لێی چارەسەری کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتی و خێزانی و پەوەردەییەکانی ناو کۆمەڵگەیە. بەڵام شێوازی بەرنامەکە و نازانستی خستنەڕوو و مامەڵەی پێشکەشکار لەگەڵ پرسی چارەسەرخوازاندا، ئەتوانم بڵێم هەموو تاکێکی هوشیار و ئەوانەی ئەلفوبێی ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەزانن، نیگەران کردووە. چونکە بەڕاستی لەبری گرتنەبەری شێوازی زانستی بۆ شرۆڤەکردن، مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەی چارەسەرخوازان، هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری دەرووندروستی، بە پێدانی زانیاری دروست و خستنەڕووی بابەتەکان بێلایەنانە، سنووری ڕێسا و نەریت و ئەخلاقی پیشەیی ئەبەزێنێت و، تیایدا بەسوود وەرگرتن لە کۆمەڵێک چەمکی سۆزداری ئایینی و نەریتی کۆمەڵایەتی نامۆ بە زانست و لۆجیک، بۆچوون و ڕێنمایی نازانستیانە دەرخواردی خەڵک ئەدات و، دەروون و کەسێتی چارەسەرخواز ئەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەوەی جێی سەرنجە، پێشکەشکاری بەرنامەکە، هەڵگری بڕوانامەیەکی بەرزی زانستییە و پێگەیەکی ئەکادیمی و ناوبانگی کۆمەڵایەتییە. بەڵام بۆ هەر مەبەست و بەهەر هۆیەکەوە بێت، بە ئاشکرا و بەزەقی، بنەمای زانستی و ئەخلاقی پیشەیی پێشێلئەکات، تا ڕادەی شکاندنی شکۆی مرۆڤ.
لە بەرنامەکەدا و لەبەردەم گروپێک لە پیاوان و ژناندا، ڕووبەڕوو لەگەڵ کەسێک یان دووکەس یان ئەندامانی خێزانێک ئەبێتەوە، کە بە ئامانجی چارەسەری هاتوون. ئەکەوێتە پرسیارکردن و شەنوکەوی کێشەکانیان و نهێنییەکانیان ئەخاتەڕوو و پاشان دوور لە هەر بنەمایەکی زانستی، دەستئەکات بە وەعزدان و چەلەحانێ و ئامۆژگاریکردنی نازانستیانە. زۆرجار هیچ حیسابێک بۆ شکۆی چارەسەرخواز ناکات، بە توانج و قسەی نەگونجاو و چەواشەکارانەوە، ڕووئەکاتە چارەسەرخوازان، یان وەک دادوەرێک دادگایی تومەتبارێک بکات لەگەڵیان هەڵسوکەوت ئەکات. لەبری قبوڵکردنی ئەزموون و بیروباوەڕ و بەهاکانی چارەسەرخواز، ئەکەوێتە ڕەخنەباران، لۆمەکردن و تەمێکردنی چارەسەرخواز. یان دەستئەکاتە وەعزدانی ڕاستەوخۆ و پێشکەشکردنی ئامۆژگاری بە چارەسەرخواز.
ئەنجامدانی چارەسەری یان ڕاوێژی دەروونی لەبەردەم گروپێک یان لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا بەگشتی پەسەندکراوە نیە، تەنانەت ئەگەر بە ڕەزامەندی لایەنەکانیش بێت، چونکە چارەسەری دەروونی پێویستی بە شوێنێکی بێلایەن و سەلامەت هەیە. هەروەها ئەگەری دروستبوونی بێمتمانەیی و سەرهەڵدانی ململانێ و پێشێلکردنی ئەخلاقی چارەسەری و تایبەتمەندی و نەپاراستنی نهێنییە هەیە، کە بنەمای ئەخلاقی بنەڕەتین لە کایەی چارەسەری دەروونیدا.
کاریگەری پێشێلکارییەکان لەسەر شکۆی چارەسەرخواز
درکاندن یان ئاماژەدان بە چیرۆکی تایبەتی کەسی و خیزانی چارەسەرخوازان و هێنانەوەی وەک نموونە لە کەناڵەکانی میدیاوە بەمەبەستی سەرنجڕاکێشتن و سەرسامکردنی خەڵک، دیاردەیەکە لەگەڵ بنەماکانی ئەخلاقی پیشەیی و بەتایبەتی پرسی پاراستنی نهێنی و شکۆی چارەسەرخوازان نایاتەوە و پێشێلکارییەکی مەترسیدارە لە سنووربەزاندنی تایبەتمەندییەکانیان و، ئەبێتە هۆکاری بێمتمانەیی و نیگەرانی و ڕاڕایی و سڵکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە لە دەربڕینی کۆژانەکانیان و، هۆکارە بۆ دروستبوونی بێمتمانەییش بە پرۆسەی چارەسەری و پسپۆرانی دەروونی بەشێوەیەکی گشتی. لە هەمان کاتدا، ئەبێتە نموونەی کولتورێکی ناڕەوا، دوور نیە لای زۆرکەس ببێتە نەریتێکی ئاسایی بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ژیانی تایبەتی کەسێک بۆ ئەوانیتر، لەبری پاراستنی نهێنی و تایبەتمەندی ژیانیان.
زۆرجار چارەسەرخوازان لە دۆخێکی لاوازدان و بەدوای سەلامەتی و پشتیوانیدا دەگەڕێن بۆ چارەسەرکردن. کاتێک بەبێ ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییەکانیان لەسەر سکرینی تەلەڤیزیۆندا ئەخرێنەڕوو، یان بە گاڵتەجاڕی یان خۆبەزلزانین مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، هەستی شکۆداریان تێکئەچێت و ئازاری دەروونییان گەورەتر ئەکات و ڕەنگە لە داهاتوودا خۆیان بەدوور بگرن لە چارەسەری لە ترسی ناوزڕاندن یان بێڕێزیکردن، کە ئەمەش مەترسییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر دەرووندروستییان.
میدیا وەک لایەنێکی بەرپرسیار
ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنییە بەرنامەکە پێشکەش ئەکات، کە گوایە ئامانجی چارەسەری کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگەیە. بەڵام لەڕاستیدا، زیاتر هۆکارە بۆ بڵاوکردنەوەی بیهیوایی و نائومیدی و خورافات. چونکە بە شێوەیەکی نازانستییانە پرس و کێشەکان ئەخاتەڕوو و بووەتە هۆی شێواندنی شێوازی چارەسەری ڕاستەقینە و بە سادەکردنی کێشە دەروونییەکان.
پشتگوێخستنی ئەخلاقی پیشەیی: لە نێوان نەزانی و بازاڕیکردندا
کاتێک پێشکەشکار بە ناشارەزایی لەبەرنامەیەکی وادا، سنووری پەیوەندییە چارەسەرییەکان تێدەپەڕێنێت، نهێنی میوانەکان ئاشکرا، یان ئامۆژگاری ڕووکەشی دوورە لە بنەمای زانستی پێشکەش ئەکات، یان چارەسەرخواز وەک حاڵەتێکی جێی بەزەیی یان بابەتێک بۆ پڕکردنەوەی کاتی بەرنامەکەی ئەخاتەڕوو، یان بە ئامانجی سەرنجڕاکێشتن و پەیداکردنی بینەری بۆ بەرنامەکە. ئەم بێبایەخکردنە ئەگەر بەهۆی نەزانیشەوە بێت، ئەوە کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکە لە بەرپرسیارێتی بێبەری ناکات. چونکە ئەوە کەمتەرخەمی لە بەرپرسیارێتی چاودێریکردنی پیشەیی و بێبایەخی لە پاراستنی خەڵک ئەگەیەنێت.
بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی میدیا:
بەپێی بنەمای ئەخلاقی پیشەیی میدیا، کەناڵی تەلەفزیۆنی بەرپرسیارێتی ئەو ناوەڕۆکە دەگرێتە ئەستۆ کە پەخشی دەکات، بەتایبەتی ئەگەر پەیوەندی بە دەرووندروستی خەڵکەەوە هەبێت. کەناڵەکە بەرپرسیارە لە دڵنیابوون لە بڕوانامەی میوانەکان و پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکی بەرنامەکە پێش پەخشکردن و دڵنیابوون لەوەی کە نهێنی تاکەکان پێشێل ناکرێت یان زانیاری چەواشەکارانە پێشکەش ناکرێت. لە ئەگەری زیانی دەروونی یان کۆمەڵایەتیدا، لە ڕووی یاساییەوە ئەکرێت لێپرسینەوەی لە کەناڵەکە بکرێت.
پێشێلکردنی ئەخلاقی پیشەیی لەڕووی یاساییەوە:
لەپاڵ ئەرکی پیشەییدا، پسپۆری دەروونی بەرپرسیارێتی تایبەتی هەیە لە پسپۆرییەکەیدا و ئەبێت پابەندی یاسایی هەبێت بە نۆرم و بنەما ئەخلاقییەکانی پیشەکەیەوە. لەکاتی لادان و پێشێلکردنی ئەو بنەمایانە، ئەکرێت سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار بکرێت و ڕووبەڕووی دادگا بکرێتەوە. بۆ نموونە، هەڵە دەستنیشانکردنی کێشەی دەروونی، چارەسەرکردنی نادروست. هەروەها ئەکرێت چارەسەرخواز سکاڵا لەسەر پسپۆری دەروونی تۆمار بکات بەهۆی زیانگەیاندن بە شکۆی، بە هەڵبەستنی درۆ و ناوزڕاندن کە زیانی زۆر بۆ چارەسەرخواز بەدوای خۆیدا بهێنێت، کەمتەرخەمی نواندبێت، یان پێشێلکردنی ئەرکی پیشەیی کردبێت، کە ببێتە هۆی ناڕەحەتی دەروونی بۆ چارەسەرخواز.
کەناڵی تەلەفزیۆنیش لە زۆر حاڵەتدا، بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی لە هەڵەکانی پێشکەشکاری بەرنامەکەدا هەڵئەگرێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەو هەڵانە پەیوەندییان بە پێشێلکردنی ئەخلاقی پیشەیی لە بوارێکی هەستیار وەک چارەسەری دەروونیدا هەبێت. چونکە چارەسەری دەروونی تەنیا تەکنیکێک نییە؛ پەیوەندییەکی مرۆییە لەسەر بنەمای متمانە و ڕێزگرتن. هەر پێشێلکارییەکی ئەم بنەمایانە پێشێلکردنی مافە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکە و بەرەوڕووی زیانێکی زیاتریان ئەکاتەوە لەبری چاکبوونەوە.
بنەما ئەخلاقییە نێودەوڵەتییەکان، وەک ئەوەی لەلایەن کۆمەڵەی دەروونناسی ئەمریکی (APA) دەرچووە، خەخت لەوە ئەکەن کە ڕێزگرتن لە شکۆی مرۆڤ بنەمایەکی بنەڕەتییە، نابێت ڕەچاونەکرێت و هەر پێشێلکارییەکیش پێویستە لێپرسینەوەی یاسایی لێبکرێت. بەهەمان شێوەش،یاسای تەندروستی دەروونی عێراقی ژمارە (1)ی ساڵی 2005 ، لایەنی پەیوەندیدار پابەند ئەکات بە پاراستنی مافی چارەسەرخوازەکان و لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە دەسەڵاتی پیشەیی خۆیان خراپ بەکاردەهێنن.
بەپێی بنەما یاساییە گشتییەکان لە میدیاکاندا، ئەم بەرپرسیارێتییە، ئەو کەناڵە میدیاییە لەوانەیە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت لە حاڵەتی؛
- بڵاوکردنەوەی زانیاری چەواشەکارانە یان نازانستی.
- پێشێلکردنی تایبەتمەندییەکانی خەڵک یان بەکارهێنانی باری دەروونی و پرسی کەسی و خێزانیان.
پێشێلکردنی بنەماکانی ئەخلاقی پیشەیی لەلایەن پسپۆری دەروونییەوە تەنیا سەرپێچییەکی پیشەیی نییە؛
بەڵکو بەڕوونی پێشێلکردنی شکۆی ئەو کەسە ئەکات کە بەدوای چارەسەری دەروونیدا ئەگەڕێت و بنەماکانی پەیوەندی چارەسەری کە لەسەر بنەمای متمانە و ڕێز و نهێنی دامەزراوە، تێکئەدات. زۆرجار چارەسەرخوازانی دەرووندروستی لە دۆخێکی لاوازدان و بەدوای سەلامەتی دەروونی و پشتیوانیدا ئەگەڕێن بۆ چارەسەرکردن. کاتێک ڕووبەڕووی پشتگوێخستن، نائومێدی ئەبنەوە، زیاتر توشی زیانی دەروونی ئەبنەوە و هەست بە بێڕێزی و شکاندنی شکۆیان ئەکەن .
پێشنیارەکان
- پێویستی سەپاندنی چاودێری توندی پیشەیی لەسەر بەرنامە دەروونییە تەلەفزیۆنییەکان.
- داواکردن لە کەناڵەکان بۆ دامەزراندنی پسپۆڕی شارەزا و پێداچوونەوە بە ناوەڕۆک پێش پەخشکردن.
- بەرەوپێشبردنی هۆشیاری چارەسەرخوازان لە مافەکانیان و هاندانیان بۆ ڕاپۆرتکردنی هەر سەرپێچییەک.
- هێنانە کایەی ئەخلاقی پیشەیی لە ڕاهێنانی میدیادا، بەتایبەتی لە بەرنامە تەندروستی و دەروونییەکاندا.
دەرئەنجام
بێبایەخ سەیرکردنی بنەماکانی ئەخلاقی پیشەی چارەسەری دەروونی لەلایەن کەناڵی تەلەفزیۆنییەوە تەنیا شکستێکی میدیایی نییە؛ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و دەستدرێژیکردنە سەر شکۆی جارەسەرخوازان. لێرەوە پێویستی پێداچوونەوەی ڕیشەیی بە شێوازی ڕووماڵکردنی میدیاکان بۆ پرسە دەروونییەکان سەرهەڵئەدات، دڵنیابوون لە ڕێزگرتن لە پیشەکە، پاراستنی خەڵک و، بەرەوپێشبردنی کولتووری هاوسۆزی نەک ناوزڕاندن.
شکۆی چارەسەرخواز تەنیا بەهایەکی ئەخلاقی نییە؛ مافێکی یاسایی و مرۆییە کە ئەبێت لە هەموو قۆناغەکانی چارەسەرکردندا پارێزراو بێت. پێشێلکاری ئەم شکۆیە، پێشێلکردنی بنەڕەتی پیشەکە پێکئەهێنێت و پێویستی بە لێپرسینەوە و ڕاستکردنەوە هەیە. چارەسەری دەروونی تەنیا بە ئەنجامەکانی ناپێورێت، بەڵکو بەو ڕادەیەی کە ڕێز لە مرۆڤبوونی چارەسەرخواز ئەگرێت.
پاراستنی شکۆی چارەسەرخوازی چارەسەری دەروونی تەنیا ئەرکێکی ئەخلاقی نییە؛ مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەرکردن. پابەندبوون بە بنەماکانی ئەخلاقی پیشەیی ئەبێتە بەرپرسیارێتییەک کە پەیوەندی چارەسەری مسۆگەر ئەکات و متمانە بە ڕۆڵی چارەسەری دەروونی وەک ئامرازێکی چاکبوونەوە و پشتیوانی ئەگەڕێنێتەوە.

