بەها پیرۆزەکانمان

3 كاتژمێر لەمەوپێش



حەمە سەعید حەسەن

لەو وەختەوەی ئەدەب داهاتووە، بەشێکی بریتیبووە لە گاڵتەجاڕیی و نزیکەی هەمیشە شانبەشانی تراژیدیا، کۆمێدیایش هەبووە. ڕەنگە بەدەگمەن شاعیرێک پەیدا ببێت، (تەوس)ی وەک تەکنیکێک وەگەڕ نەخستبێت. لە هەناوی ئەو پێکەنینەدا کە شاعیری تەنزنووس دەیورووژێنێت، هەمیشە گریان ئامادەیە، گریانێک بە پۆشاکی پێکەنینەوە. وەک چۆن نووسەری تراژیدیا، بە مەبەستی پاکژکردنەوەی ناخمان، بە گریانمان دەهێنێت، نووسەری ئەدەبی گاڵتەجاڕییش، لەڕێی بە پێکەنین هێنانمانەوە، لە هەوڵی خاوێنکردنەوەی کۆمەڵدایە لە خەوش و لە دیاردەی دزێو.

ئەدەبی گاڵتەجاڕی کە هەر کاریکاتێرە بەڵام بەهۆی بەکارهێنانی زمانەوە، نەک لەڕێی وێنەکێشانەوە، لەودیو پەردەی پێکەنینەوە، خەمی قووڵی ئینسان دەگێڕێتەوە. ساتیر کە پێکەنین وەک دەمامک دەپۆشێت، مەبەستی ئەوەیە، برێک لە ئازاری سەختمان کەم بکاتەوە و لەو تەنگانەیەی تێێدا دەژین، بە هانامانەوە بێت. ئینسان کە بەردەوام بەرەو ڕووی خەفەت دەبێتەوە و لە پیشخواردنەوە بەولاوە، هیچی دیکەی لە دەست نایەت، ئەوە ئەدەبی گاڵتەجاڕییە، بە پێکەنینی دەهێنێت و بەوەیش کۆمەکی دەکات، هەندێک لە خەمەکانی بە بادا بدات. ئەگەر ناوبەناو قاقا پێنەکەنین و هەر پیش بخوێنەوە، ڕەنگە لە داخ و حەسرەتدا شەق ببەین، بۆیە ئەو بەرهەمەیشی وای بۆ دەچین ئامانجی تەنیا وەپێکەنین هێنانی وەرگرە و هیچی دیکە، هەر جێگەی ڕێزە، چونکە لە خزمەتی سووککردنی باری گرانی سەر شانی مرۆڤدایە.

ئەدەب کە بەشێوەیەکی گاڵتەجاڕی، ڕووناکی دەخاتە سەر دیاردەی ناشیرین و دابونەریتی دزێو، کە  بەدەم ورووژاندنی پێکەنینەوە، سەرنجمان بۆ لای ڕەوتاری چەوت و لێکدانەوەی ماوەبەسەرچوو ڕادەکێشێت، ڕۆڵێکی گرنگ لە بەرەو پێشبردن و گەشەپێدانی کۆمەڵدا وازی دەکات، ئاخر ڕەخنەگرتن لەڕێی پێکەنینەوە، لە هەموو جۆرە شێوەکانی دیکەی ڕەخنەگرتن کاریگەرترە، ئەوە بۆیە کە کەسایەتییەکی دەسەڵاتدار، دەکەوێتە بەر تیری ڕەخنەی ساتیرەشیعرێک، وەها پێی بریندار دەبێت، ڕەنگە نە لەبیری بچێتەوە و نە لە ساتیرنووسەکەیش خۆش ببێت.
ئەدەبی گاڵتەجاڕی هەمیشە دوو دیوی هەیە، وەک دیوی دەرەوە، دەمانهێنێتە پێکەنین، وەلێ وەک دیوی ناوەوە، کارێک دەکات بارانی گریانمان زوو خۆش نەکاتەوە. ڕەنگە باشترین رێگە بۆ ڕۆچوون بە قووڵاییی ناخی دەقی ساتیرئامێزدا ئەوەبێت، دوو جاری بخوێنینەوە، جارێکیان لەگەڵیدا قاقا پێبکەنین و جاری دووەمیش خوڕ خوڕ لەگەڵیدا بگرین. نووسینی دەقی ئەدەبی گاڵتەجاڕی، بە تایبەتی ساتیرەشیعر، کارێکی هێندە دژوارە، بە دەگمەن کەسێک پەیدا دەبێت، توانای نووسینی ئەو ژانرەی هەبێت، ئاخر ئەوە ئاسان نییە، بە جۆوک و بە قۆشمە، بە تەوس و بە پلار، بە گاڵتە و بە پێکەنین، لە چوارچێوەی شیعردا، بە گژ تاڵی و دژوارییەکانی ژیاندا بچیتەوە.

ئەوانەی لە بواری هەڵسەنگاندنی بەرهەمی ئەدەبیدا نەشارەزان، بە چاوی سووکەوە سەرنجی بەرهەمی گاڵتەجاڕیی دەدەن و وای بۆ دەچن بە بەراورد لەگەڵ ئەو بەرهەمانەدا کە پێکەنین ناورووژێنن، کۆمێدیا ئەدەبێکی کەمبایەخ یان تەنانەت بێبایەخیشە، بێئاگا لەوەی نووسینی ئەدەبی گاڵتەجاڕی دژوارترین جۆری نووسینە و ڕەنگە نووسەرێکی ڕاستەقینە پەیدا نەبێت، کەم یان زۆر لە بەرهەمی خۆیدا، ئیدی چیرۆکی نووسیبێت، یان شانۆنامە، کەڵکی لە ورووژاندنی پێکەنین وەرنەگرتبێت. بەدرێژایی مێژوو، کەسانی عەقڵبەردین و دەسەڵاتدارانی ستەمکار، سەنگەریان لە ئەدەبی گاڵتەجاڕیی گرتووە، بەڵام هەمیشە قۆشمە و پێکەنین لە دۆگما و ستەمیان بردووەتەوە.

ئەحمەد سەنووسی دەڵێت: (ئەدەبی گاڵتەجاڕیی لە کێڵگەی نائومێدیدا سەوز دەبێت، ئەوە بۆیە لە خەمێکی خوێنشیرین دەچێت. گاڵتەکردن بە ئازاری کەسانی بێدەسەڵات، زادەی ترسنۆکییە، ئەوە بۆیە ئەدەبی گاڵتەجاڕیی تەنیا بە گژ دەسەڵاتداراندا دەچێتەوە. نووسینی ئەدەبی گاڵتەجاڕیی، لە سایەی ڕژێمێکی ستەمکاردا، وەک ئەوە وایە، بێ پەڕەشوت، خۆت لە باڵافڕێکەوە فڕێ بدەیتە خوارەوە.)

ڤۆڵتێر لە بواری کۆمێدیایشدا لێزان بوو، بە تەوسەوە نووسین هەر لە خۆی دەهات. کە ڕقی لە کەسێک هەڵگرتبا، پێی نەدەگوت، کەسێکی پیسە، دەیگوت: مار پێوەی بدات، مارەکە دەمرێت. ڤۆڵتێر هاوزەمان خوێنەری دەهێنایە پێکەنین و ئاستی ڕۆشنبیریشی بڵند دەکردەوە، ئاخر هەر قسەی شیرینی پێ نەبوو، زانینیشی پێ بوو. کە کتێبێک دژی فەندەمەنتالیستەکان دەنووسێت و لەسەری تووشی لێ پرسینەوە دەبێت، هەزار و یەک سوێند دەخوات، نە کتێبی ئەوە و نە هیچی لەبارەی ئەو کتێبەوە بیستووە، تەنانەت دەڵێت: ئەوە چ گەمژەیەکە هێرش دەکاتە سەر بەها پیرۆزەکانمان!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار