بۆچی ئەوروپا ناتوانێت دەستبەرداری کۆچبەران ببێت؟
.jpg)
3 كاتژمێر لەمەوپێش
کامەران ئیبراهیم شێروانی
لە دەیەی ڕابردوودا، پرسی کۆچبەری لە جیهان بەتایبەتی لە ئەوروپا بووەتە تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆ کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان. زۆرجار ڕاگەیاندنەکان و لایەنە سیاسییەکان تیشک دەخەنە سەر ئاڵنگارییەکان و فشارەکان، وێنەیەکی ناتەواو پێشکەش دەکەن. بەڵام، لە ژێر ئەم وێنانەدا، حەقیقەتێکی ئابووریی گرنگ حەشاردراوە: کۆچبەران بزوێنەرێکی گەشەپێدەر و بەشێکی دانەبڕاون لە بوژاندنەوە و خۆڕاگریی ئابووری وڵاتانی خانەخوێ.
کۆچبەران ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەبینن لە پڕکردنەوەی کەلێنەکانی بازاڕی کاردا، بەتایبەتی لەو پیشانەی کە هاوڵاتیانی ڕەسەن کەمتر ئارەزووی دەکەن یان پسپۆڕیی پێویستیان نییە. لە بەریتانیا، کەرتی تەندروستی نیشتمانی (NHS) نموونەیەکی بەرجەستەیە، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە پزیشکان و پەرستاران لە سەرانسەری جیهانەوە هاتوون. ئەمە تەنها لە کەرتی تەندروستیی نییە؛ لە کشتوکاڵ، بیناسازیی، خزمەتگوزاریی وەک میوانداریی و چاودێری بەساڵاچووان ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینن. هەروەها، کۆچبەرانی خاوەن پسپۆڕیی بەرز لە بوارەکانی تەکنۆلۆژیا و ئەندازیاریی و توێژینەوەدا، کەلێنی توانای زانستی پڕ دەکەنەوە و داهێنان دەهێننە کایەوە.
ئەڵمانیا نموونەیەکی دیار و درەوشاوەیە بۆ وڵاتانێک کە بە شێوەیەکی بەرچاو سوودیان لە کۆچبەران بینیوە بۆ بەردەوامیدان بە گەشەی ئابووریی و چارەسەرکردنی کێشە دیمۆگرافییەکان. بەهۆی نزمبوونەوەی ڕێژەی لەدایکبوون و زیادبوونی ڕێژەی بەساڵاچووانەوە، ئەڵمانیا بەردەوام پێویستی بە هێزی کاری بیانیی بووە. لە قەیرانی پەنابەرانی ٢٠١٥-٢٠١٦دا، سەرەڕای ئاڵنگارییەکان، ئەڵمانیا هەوڵێکی زۆری دا بۆ یەکخستنی پەنابەران لە بازاڕی کاردا. ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لەو کۆچبەرانە لە کەرتە جیاوازەکاندا کار دەکەن. ئەم سیاسەتە نەک تەنها وایکردووە وڵاتەکە لە ڕووی ئابوورییەوە بەهێز بێت، بەڵکو کاریگەرییە نەرێنییەکانی پیریی دانیشتوانی کەمکردووەتەوە و دڵنیایی داوە لە بەردەوامبوونی سیستەمی خانەنشینی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان.
بۆیە ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا سیاسەتێکی توند بۆ سنووردارکردنی کۆچبەران پەیڕەو بکەن کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر دیمۆگرافیا و ئابوورییەکانیان دەبێت. زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا ڕووبەڕووی پیریی دانیشتوان بوونەتەوە. کۆچبەران ئەم کەلێنە پڕ دەکەنەوە، چونکە بەشێکی زۆریان گەنج و چالاکن و خاوەن وزەی لەبن نەهاتوون.
لەگەل ئەمەشدا، بەشداریی کۆچبەران لە هێزی کاردا ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی گەشەکردنی ئابووری و زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP)ی وڵاتی خانەخوێ. ئەوان باج دەدەن، هەروەها بەشداری لە بیمەی کۆمەڵایەتیی دەکەن. ئەم داهاتە کە لەڕێگەی باجەوە دەچێتە خەزێنەی دەوڵەت، سەرچاوەیەکی گرنگی دارایی بۆ حکومەتەکان پێکدەهێنێت و یارمەتیدەر دەبێت لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک خوێندنگە و نەخۆشخانە.
ئەوەی زۆر گرنگە، کۆچبەران مەیلی زیاتریان بۆ دامەزراندنی بزنسی نوێ هەیە، بەتایبەتی بزنسە بچووک و مامناوەندەکان. ئەم پڕۆژانە نەک تەنها دەرفەتی کار بۆ خاوەنەکانیان دەڕەخسێنن، بەڵکو دەبنە سەرچاوەی کار بۆ هاوڵاتیانی تر و جووڵەی ئابووریی زیاد دەکەن. لە بوارە پێشکەوتووەکانی وەک تەکنەلۆژیا، زۆرێک لە کۆمپانیا سەرکەوتووەکان لە ئەوروپا لەلایەن کۆچبەرانەوە دامەزراون یان بەشێکی زۆری کارمەندەکانیان کۆچبەرن، کە داهێنان دەهێننە ناو بازاڕەوە.
هاتنی کۆچبەران بە واتای زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان دێت، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر کاڵا و خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان، و بوژاندنەوەی بازاڕی ناوخۆیی.
بەریتانیا، وەک یەکێک لە گەورەترین ئابوورییەکانی جیهان، بە شێوەیەکی بەرچاو سوودی لە ڕۆڵی کۆچبەران وەرگرتووە. لەندەن، وەک ناوەندێکی جیهانیی دارایی و تەکنۆلۆژیا، لەبەشێکی زۆری سەرکەوتنەکانی قەرزداری ئەو کەسە بەتوانا و داهێنەرانەیە کە لە سەرانسەری جیهانەوە کۆچیان بۆ ئەو شار و وڵاتە کردووە. هەرچەندە Brexit گۆڕانکاری لە سیاسەتی کۆچبەریدا هێنایە ئاراوە و سنووردارکردنی زیاتری دروست کرد، بەڵام پێویستی بەریتانیا بە هێزی کار و بەشداریکردنی کۆچبەران لە ئابووریدا هەر بەردەوامە.
کەمبوونەوەی کۆچبەران لە هەندێک کەرتدا، بەتایبەتی لە کشتوکاڵ و چاودێری، کەلێنی بەرچاوی دروستکردووە. بۆیە ئەو تێڕوانینەی ئێستا لە ئارادایە لە ئەوروپا بە تایبەتی لە بریتانیا کە کۆچبەران تەنها وەک بارگرانی یان کێشە دەبینن، تێڕوانینێکی کورتبینانە و ناتەواوە، بەتایبەتی لە کاتێکدا ئەوروپا ڕووبەڕووی پیریی دانیشتوان و کەمبوونەوەی هێزی کاری گەنج بووەتەوە. کۆچبەران وەک بزوێنەرێکی شاراوەی گەشەی ئابووری ئەوروپا، هێزێکی کاران کە بە بەشدارییەکانیان لە بازاڕی کاردا، لەڕووی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی، داهێنان، ڕۆحی کارگێڕیی و زیادکردنی خواست، دەبنە بزوێنەرێکی گرنگی گەشەی ئابووریی.
بۆ ئەوەی ئەوروپا و بەریتانیا بەتایبەت بتوانن بە تەواوی سوود لەم وزە بەهێز و ئامادەییە وەربگرن، پێویستە سیاسەتێکی کۆچبەری ژیرانە و هاوسەنگ پەیڕەو بکرێت. تێگەیشتن لەم ڕۆڵە ئەرێنییە کلیلی گەشەکردنێکی بەردەوام و کۆمەڵگایەکی هەمەچەشن و خۆڕاگرە، بەتایبەتی بۆ چارەسەرکردنی دیمۆگرافیا و پرسی بەساڵاچووان کە داهاتووی کیشوەرەکە دیاری دەکات.

