گرنگی قوڵایی جوگرافیی ستراتیژی دەوڵەت لەبەردەم جەنگی مۆدێرندا

3 كاتژمێر لەمەوپێش
د. بێستون ئەحمەد حسێن
قوڵایی جوگرافیى ستراتیژیى یەکێکە لە توخمە گرنگەکانى دەوڵەت. لە ڕوانگەى سیاسییەوە، قوڵایی جوگرافیى ڕۆڵ و کاریگەرىی و سەنگى لە سیاسەتى نێودەوڵەتیدا هەیە. چەمکى قوڵایی جوگرافیى بە شێوەیەکى زۆر سادە گوزارشتە لەو ناوچە جوگرافییەى، یان دووراییەى کە دەکەوێتە نێوان سوپا و ناوچەکانى (نیشتەجێبونى دانیشتوان، پیشەسازى، شارەکان، ناوچەکانى چەک و تەقەمەنى …هتد) کە بە ناوچە هەستیارەکان ناو دەبرێن.
ئەگەر ڕۆشنایی بخەینە سەر هەریەک لە (قوڵایی جوگرافیاى کرداریى) و( قوڵایی جوگرافیاى ستراتیژیى)، دەبینین قوڵایی جوگرافیاى کردارىی ئەو پاننتاییە جوگرافییە دەگرێتەوە کە هەردوولا شەڕى تێدا دەکەن، واتا گۆڕەپانى جەنگ دەگرێتەوە، بەڵام قوڵایی جوگرافیى ستراتیژىی شان بە شانى قوڵایی دەوڵەت درێژ دەبێتەوە.
سەبارەت بە جەنگى مۆدێرن و کاریگەری لەسەر قوڵایی جوگرافیى ستراتیژىی دەوڵەت دەکرێت بڵێین ئەو پێشکەوتنەى ئەمڕۆ لە دنیاى پیشەسازىی چەکدا هاتۆتە ئاراوە وەک دروستکردنى مووشەکى کیشوەربڕ و فڕۆکەى بێفڕۆکەوان.. هتد.. کاریگەرىی تەواویان کردۆتە سەر لاوازکردنى قوڵایی جوگرافیی ستراتیژیى، چونکە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و مووشەکى بالیستیکی توانایەکى زۆریان هەیە و زۆر بە ئاسانى دەتوانن بگەنە شوێنە ئامانجدارەکان، بەتایبەت کۆگاکانى چەک و ناوچە پیشەسازییەکان و ..هتد ئەمەش وای کردووە هەندێک دەوڵەت پێان وابێت کە شەڕى مۆدێرن پێویستى بە قوڵایی ستراتیژیى جوگرافیى نەماوە. ئەمەش پێمان دەڵێت کە جوگرافیا لە ئێستادا بەتەنیا ناتوانێت ڕۆڵێکى گرنگ و کاریگەر و یەکلاکەرەوەى هەبێت لە دابینکردنى ئاسایشى وڵاتدا.
چونکە لە ئێستادا دەرکەوتنى چەکى مۆدێرن و تەکنۆلۆژیاى نوێ و سەردەمیی، زۆر بە ئاسانى دەتوانن بگەنە قوڵایی جوگرافیى ستراتیژیى وڵاتان. بۆیە ئەمە پێمان دەڵێت لە ئێستاى دنیاى پێشکەوتنى چەکى مۆدێرندا دەوڵەتان دەتوانن لە گۆڕەپانى جەنگدا خاکى یەکترى بۆردومان بکەن، هەرچەندە هەندێ وڵات پێیان وایە هێشتا قوڵایی جوگرافیى ستراتیژیى لە سەردەمى چەکى مۆدێرنیشدا ڕۆڵ و کاریگەرىی هەرماوە. ئەویش لەسەر ئەو بنەمایەى کە هێزى ئاسمانى بەتەنیا ناتوانێت ناوچەکان داگیر بکەن، بۆیە واى دەبینن داگیرکردن و کۆنترۆڵکردنى زەوى بەبێ هێزى پیادە ناکرێت.
تازەترین نمونەش بە وڵاتى ئۆکڕانیا دەهێننەوە کە تا ئێستاش وڵاتى ڕووسیا نەیتوانیوە ناوچەیەک یان شارێک لە شارەکانى ئۆکرانیا داگیربکات.

