خەتای کێیە؟

2 كاتژمێر لەمەوپێش
هۆگر نێروەیی
کاتێک بڕیاری دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل درا، لە هەموو جیهانەوە، تەنانەت جووەکانی کوێرە گوندە دوورەدەستەکانی ئەم کوردستانەی خۆشمان، تاک بە تاکی جووەکانی دنیا بەدرێژایی دەیان ساڵ، پارەیان کۆ کردەوە بۆ ئەوەی وڵاتێک بۆ خۆیان دروست بکەن بە ناوی ئیسرائیل.
پێش چەند ساڵێک، لە گەنجێکی کوردی ڕۆژئاوام پرسی: ھەرێمی کوردستان خۆشترە یان لای ئێوە؟
گەنجەكە گوتی: "بەدڵنیاییەوە ھەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستان هەرگیز بەراورد ناکرێت بە لای خۆمان، لێرە ھەستمان بە ژیان کرد، لێرە بە ئازادی ژیاین، وەک ئەوەی لە ماڵی خۆمان بین نەک میوان بین، لەوێ کە ماڵی خۆمان بوو میوانیش نەبووین ھەمیشە قڕکردن و دەرکردن چارەنووسمان بوو."
دووبارە پرسیم: کەواتە ھەرگیز بیر لەوە ناکەنەوە جارێکی دی بگەڕێنەوە بۆ ڕۆژئاوا؟
گەنجەكە گوتی: ھەرچەندە کوردستان لای ئێمە "ھەمووی یەکە، ئێرەش بە خاکی خۆمان دەزانین، بەڵام ئێمە لە ڕۆژئاوا لەدایک بووین، ڕۆژێک ھەر دێت بگەڕێینەوە بۆ سەر خاکی خۆمان، دەمانەوێت کە مردین لە ڕۆژئاوا بمان نێژن."
پێم گوت: بەھۆی ئەو نەھامەتییانە کە چەند ساڵە بەسەر ئێوە هاتووە، ڕقتان لە ڕۆژئاوا نییە؟
گەنجەكەی ڕۆژئاوا: "ھەرچەندە بەشار ئەسەدی دیکتاتۆر ھیچ نەما بەسەرمان نەھێنێ، بەڵام قەت نەبووەتە ھۆی ئەوەی خۆشەویستیمان بۆ خاک کەم ببێتەوە، ھێزە کوردییەکانیشمان بینی کە هەندێکیان داردەستی داگیرکار بوون، خراپتر بوون لە ئەوان بۆ ئێمە، بەڵام ئیدی خاکی زێد بە ھیچ حزبێک ناگۆڕینەوە، کە ئازاد بووین ئێمە نەبین ھیچ حزبێک واتای نابێت، خۆمان دەتوانین ھەر حزب و ھێزێک لاواز و بەھێز بکەین."
لە هەرێمی کوردستان، دوای دەرکەوتنی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان، ئەو حزبانە لەڕێی میدیاکانیانەوە کاریان لەسەر ئەوە کرد کە ئینتیمای نیشتیمانی لای تاکی کورد نەھێڵن، بەتایبەتی لای گەنجەکان، لەسەرووی ھەموویان گۆڕان لەڕابردوودا، ئێستاش نەوەی نوێ و حزبە ئیسلامییەکان هەوڵیان دا و هەوڵیش دەدەن لەژێر پەردەی دژایەتیکردنی حکومەتی کوردیی، خەڵکی کوردستان بوونی نیشتمانێک بۆ خۆیان بە گرنگ نەزانن، پێشمەرگە بە میلیشیا! بزانن، ئاڵای کوردستان بە پارچە پەڕۆیەک! بزانێت، ھەرچی پیرۆزییە ناشیرینیان کرد. لەوەش کارەساتبارتر ئەوەیە کە خەڵک جیاوازی نەکات لەنێوان قەوارە و وڵات و حزب.
ئەوەی دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان بە چەند سەدەیەک نەیانتوانی بیکەن، حزبە کوردییەکان کە کلکەکانی ئەوانن و بەرگی ئۆپۆزسیۆنیان لەبەر کردووە، بە 10 ساڵ کەمتر، زیاتر لە تفەنگ و دەبابە و کیمیایی خزمەتی نەیارانی کوردستانیان کردووە.
فەلەستینییەکان وڵاتیان وێران کراوە و بە هەزارانیان لێ کوژراوە، بەڵام هەمیشە داگیرکار بە تاوانبار و هۆکاری سەرەکیی ئەو نەهامەتی و وێرانییە دەزانن. خەڵکی وڵاتان ھەرچەند بەھۆی شەڕ کۆچ بکەن، یان ئاوارە بن، هەرگیز نەفرەت لە وڵاتی خۆیان ناکەن. ئێرانییەکان چەند ساڵە بەھۆی حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامی پەناھەندەی سیاسیین لەدەرەوە، بەڵام ھەتا ئێستاش خۆشەویستیی خۆیان بە گۆرانی بۆ نیشتمانی خۆیان دەردەبڕن، چاوەڕێی ئەو ڕۆژەن بگەڕێنەوە بۆ نیشتمانی خۆیان.
ھەتا عێراقییەکان لەوەتەی ھەن لەناو کوشتاری خوێناوییدان و ڕۆژێکی ئارامیان بەسەر نەبردووە، کەچی هەر کە باسی نەمان یان دابەشکردنی عێراق بکەیت توند و دەمارگیرانە وەڵام دەدەنەوە.
لای خۆشمان بەداخەوە بە کاریگەریی حزبەکانی بەناو ئۆپۆزسیۆن، هەندێ خەڵک باران نەبارێت نەفرەت لە خاک و نیشتمان دەکەن، لافاو یان ڕەشەبایەک دەرگای ماڵێک لێ بکاتەوە، ھەر نەفرەت لە نیشتمان دەکەن! دەوڵەتی کوردی بە خەونی شاعیران! دەزانن و نایانەوێ کەس هەوڵی بۆ بدات.
کارکردنی ورد لەسەر ئەم گرووپە لە خەڵک، گرنگە و پێوستییە.
دەبێت ھەموو لایەک خۆی بە بەرپرسیار بزانێت بەرامبەر ئەم دۆخە و ھەوڵی چارەسەرکردنی جددی بدەن، خۆشبەختانە ئێستا کار و پرۆژەی گرنگی خزمەتگوزاریی بۆ خەڵک ئەنجام دەدرێ و ژیان پێش دەکەوێ، ئێستا هەندێ کێشەی کە جاران ئۆپۆزسیۆن موزایەدەیان پێوە دەکرد هەر نەماون، بەڵام دیسان دەبێ کاری گەورەتریش بکرێ بۆ گێڕانەوەی ئینتیما بۆ نەتەوە و نیشتمان.

