شەڕی چوارەم ڕودەدات ؟

11 كاتژمێر لەمەوپێش



خەبات کوردە

لە ١٩٤٨ وە تا ئێستا سێ شەڕی خوێناوی لە نێوان دەوڵەتانی عەڕەبی و ئیسڕائیلدا ڕویداوە و هەر جارەی عەڕەب لایەکی خاکی فەڵەستینی لە دەست دەدا .
لە کۆبونەوەی دەوڵەتانی عەڕەبی و ئیسلامی کە هەفتەی ڕابردو لە دۆحەی پایتەختی قەتەر بە ئامادە بوونی ٥٦ دەوڵەت گرێدرا ، بڕیار دراوە هاوپەیمانیەکی سەربازی عەڕەبی هاوشێوەی حیلفی ناتۆ بە تازەترین چەکی سەردەم سوپایەکی یەکگرتوی عەڕەبی پڕ چەک دروست بکرێ .!

هەر چەندە کۆمکاری دەوڵەتانی عەڕەبی ( جامعە الدول العربیە ) نزیکەی ٨٠ ساڵێکە دامەزراوە و هەر زوو زوش کۆبونەوە گرێ دەدەن و قەتیش نەیانتوانیوە ناکۆکیە ناوخۆییەکانیان یەکلا بکەنەوە و یەکگرتوو دەرکەون ، 

هەر دەم عەڕەبەکان دوای هەموو کۆنگرەیەک کۆمەڵێ بڕیاریان دەدا و هیچیشی جێبەجێ نەدەکرا . هەتا کار گەیشتە ئەوەی لە ناو خەڵکی سادە بوو بە باو و دوای هەموو کۆنگرەیەکیش خەڵک دەیانگوت : عەڕەب ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە ڕێک نەکەون ( اتفق العرب علی ان لا یتفقوا ) .

دۆڕانی هەر سێ شەڕە خوێناویەکانیش کە بەرامبەر ئیسڕائیلیەکان ئەنجامیاندا هەر لە سەر یەک نەگرتوویی سوپاکانیان و خیانەت کردن بوو بەرامبەر بە یەکتری .
لە ئێستادا لە ناو دەوڵەتانی عەڕەبی تەنها دوو دەوڵەتی سەرەکی هەیە کە سوپاکانیان زۆر بەهێز بێ ، ئەوانیش میسڕ و جەزائیرن . چەندین دەوڵەتیش چەکی پێشکەوتویان هەیە وەکو سعودیە و ئیمارات بەڵام سوپاکانیان فشۆڵن .

دروست کردنی ئەو ناتۆی عەڕەبیەش لە ڕوانگەی ئەوەوە سەریهەڵداوە کە ئیسڕائیل و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا دەیانەوێ لە داهاتودا گۆڕانکاری لە دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام بدەن .

چونکە ماوەیەکە ئیسڕائیل بانگەوازی ئەوە بە بنی گوێی دەوڵەتانی عەڕەبی دا هەڵدەدات کە سنوری دەوڵەتی جولەکە وەکو لە تەوراتدا نوسراوە لە ڕۆژهەڵاتەوە ڕوباری فوراتە و درێژ دەبێتەوە هەتا ڕوباری نیل ( من النهر الی النهر ) 

لە هەمانکاتیشدا ئیسڕائیلیەکان نایشارنەوە کە دروستکردنی ئەو سوپایە بۆ دوژمنایەتی کردنی ئەوانە و دوور نیە ئەگەر ئیسڕائیل ئامادە بوو بۆ فراوان کردنی سنورەکانی ئەوان ڕێگری لێبکەن و بە زەبری ئەو هێزە نەهێڵن سنورەکانی فراوان بکات .

لە دوای کۆبونەوەکەی دەوحە لە سەر زمانی سەرۆک وەزیرانی قەتەر ڕاگەیاندرا کە هیوادارن کار نەگاتە ئەو ڕاددەیەی لە جیاتی هێزەکانی ئەمەریکا لە هێزی تر بگەڕێن کە بیانپارێزێ .
بۆ نمونە لە ئێستاوە سعودیە ڕایگەیاند کە لە گەڵ پاکستان ڕێککەوتنێکی ئیستڕاتیجی هاوبەشیان ئیمزا کردوە کە ببن بە پشت و پەنای یەکتری و لە هەر تەنگوچەڵەمەیەکی کە ڕوبەڕویان دەبێتەوە لە ڕووی سەربازییەوە یارمەتی یەکتری بدەن . شایانی باسە پاکستان دەوڵەتێکی ئیسلامیە و خاوەن سوپایەکی بەهێزە و سەدان بۆمبی ئەتۆمیشی هەیە .

ئەو جوڵە سیاسی و سەربازیانەی کە دەوڵەتانی عەڕەبی کە لە ناوچەکە دەیانەوێ ئەنجامی بدەن و پشت لە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بکەن . دوور نیە ئەمەریکا کاردانەوەی خێرای هەبێ بەرامبەریان ، بۆ نمونە لە ئێستادا دەنگگۆی ئەوە بڵاوبۆتەوە کە ئەمەریکا لە هەوڵی ئەوە دایە ئەمیری قەتەر لادا لە دەسەڵات و ئامۆزاکانی کە ئێستا لە سعودیە ژیان دەکەن ، بیانکات بە حاکمداری تازە بۆ قەتەریەکان .

ئێستا پرسیارە گەورەکە لێرەدا ئەوەیە : ئایا سەرۆک و سەرکردەکانی دەوڵەتانی عەڕەبی دەتوانن لە پێستی خۆیان هەڵبگەڕێنەوە و دژایەتی دەوڵەتێکی گەورەی وەکو ئەمەریکا بکەن ؟
یان دەبن بە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتوی بەهێز و جارێکی کە ڕووبەڕوی سوپای ئیسڕائیل دەبنەوە لە ناوچەکە ؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار