هەموو نێرێک پیاو نییە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
فارس نەورۆڵی
فەیلەسوفی یۆنانی دیوجینس بەڕۆژ بە چرایەکەوە لەناوشاردا دەگەڕا، پێیان دەوت بەم ڕۆژی نیوەڕۆیە بەم چرایە بەدوای چیدا دەگەڕێی؟ ئەویش لە وەڵامدا دەیگوت بۆ مرۆڤ دەگەڕێم مرۆڤی ڕاست. ئەگەر ئێستا دیوجینس بگەڕێتەوە بە چراکەیەوە ئەوەشی بۆ زیاد دەکات و دەڵێ: بەدوای مرۆڤی پیاودا دەگەڕێم، چونکە ئێستا ڕاستە نێر زۆرە، بەڵام پیاو کەمە.
ئاخر نێر و پیاو جیاوازییان زۆرە مەرج نیە هەموو نێرێک پیاو بێت، پیاوەتی تەنها تایبەتمەندی جەندەری نیە بەڵکو بەهایە، نێر کەسێک بە ڕەگەز نێرەو تەنها کار بۆ تێرکردنی غەریزەکانی دەکات و شەیدای بەرژەوەندیەکانیەتی، بۆیە لەم پێناوەدا ئامادەیە هەموو بەهایەک لەدەست بدات و مانای مرۆڤ بوونی خۆی لەدەستبدات، چونکە بۆ بەدەسهێنانی دەسکەوت و پارە و شتی دیکە ئەم نێرە ئامادەیە خیانەت لە نیشتیمان بکات، ئامادەیە خیانەت لە هاوڕێکەی بکات و ببێتە جاسوس بەسەرییەوە، ئێستا ئەم جۆرە نێرە نەخۆشە مۆبایلێکی پێیە تەلەفۆنی بۆ بکە باسی دەغڵ و دان بکە دەنگەکەت تۆمار دەکات لە مەجلیسی نێرەکانی هاوڕێییدا، کە دادەنیشێ ئەوا تەلەفۆنەکەی داناوەو دەنگی نێرەکانی دیکە تۆماردەکات، جا کارەسات لەوەدایە هەموو ئەم نێرانە دەنگی یەکدی تۆمار دەکەن، بەڵام پارەش ناکات کێشەکە لەوەدایە ئەم خووە چۆتە ناو فەزای گشتی، نێر ئامادەیە درۆ بکات لەتەک خودا و لەتەک دەوروبەیدا، هەندێجار درۆش لەتەک خۆی و کەسە نزیکەکانیشی دەکات و هەمیشە خەریکی باسکردنی خراپەی خەڵکە و بەدوای عەیبەی خەڵکدا دەگەڕێ بێ ئەوەی بەخۆی بزانێ، کە خۆی تۆپەڵێکە لە عەیب و عار.
بەڵام پیاو یان پیاوەتی تەنها حاڵەتێکی بایۆلۆجی نیە و تەنها پێناسەیەکی تێکەڵ و ئاساییی نیە، بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و فەلسەفی و ڕۆشنبیرییە. کاتێک باوکێک بە کوڕەکەی دەڵێ کوڕم پیاوبە ئەمە مانای خۆی هەیە واتە کوڕم مرۆڤی خاوەن بەها بە، بەدرێژایی مێژوو پیاوەتی بریتییە لە کۆمەڵێک بەهاو ڕەفتاری بەرز ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری هەبووە بۆ گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی لەناو کۆمەڵگادا، کەواتە پیاو بوون حاڵەتێکی بایلۆجی نیە، بەڵکو پێداویستی و بنەمای فەلسەفی خۆی هەیە، کە بە بەهاو پێوەر دەناسرێتەوە یان جیادەکرێتەوە. فەیلەسوفەکان قسەیان لەسەر پیاو کردووە نیتشە دەڵێ: پیاو خولقێنەری بەهای خۆیەتی لەپێناسەکردنی خود لەدەرەوەی لە قاڵبدان.
ئەفلاتون پیاوەتی پەیوەست دەکات بە فەزیلەتەوە دەڵێ: پیاوەتی ڕاستەقینە مومارەسەکردن یان کارکردنە بۆ دادپەروەری و حیکمەت و ئازایەتی لەپێناو چاکەی گشتیدا، کەواتە پیاوەتی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە تێگەیشتوو و پێگەیشتووە و بوێرە و خاوەنی حیکمەت و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و کەسێکی بە بەزەیی و نیشتمانپەروەری بێ بەرژەوەندییە، بەردەوامە لەسەر پرنسیپ تەنها بە نمایش نیە، بەڵکو بە هەڵوێستە.
مارتن هایدگەر سەبارەت بە پیاو و پیاوەتی دەڵێ: پیاو پەیوەندی بە ڕەگەزەوە نیە، بەڵکو چەمکی پیاوەتی پەیوەستە بە فیکری بوونی ڕەسەن و وشیاری و تێگەیشتن لە مەرگ، هەر سەبارەت بە چەمکی پیاو کانت دەڵێ: پیاوەتی واتا سەربەخۆیی ئەقڵ و ئەخلاق و بیرکردنەوە، لێرەوە دەبێت بزانین هەموو نێرێک پیاو نیە، چونکە نێر لەبەردەم حەزو غەریزەکانیدا چۆکی داداوە، بەڵام پیاو یان پیاوەتی ئەو کەسەیە، کە خولقێنەری بەهاکانەو پابەندە بە بەها باڵاکانەوە و تەسلیمی غەریزەکان و دەسکەوتە نا ڕەواکان نەبووە. بە گەڕانەوە بۆ چەمکی پیاو پیاوەتی دە کرێ بڵێین چۆن هەر نێرێک پیاو نیە هەر مێیەکیش ژن نیە بەڵام ئەمە جێ دێڵم بۆ خانمێک لەسەری بنوسێت.

