قامیشلۆ لە دیمەشق نزیکرە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



عەلی ئۆرەماری

لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤، ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕووخا و ئەبومحەمەد جۆلانی سەرۆکی گرووپی تیرۆریستی تەحریری شام (بەرەی نوسرەی پێشوو) گەیشتە دیمەشق و جلوبەرگی “جۆلانی” داکەند و جلوبەرگی ئەحمەد شەرعی ئەوروپی لەبەرکرد، پاشان خۆی وەک سەرۆکی کاتیی دیمەشق ڕاگەیاند و بیری داعشگەرایی تووندڕەو جێگەی بەعسییەتیی تووندڕەوی گرتەوە و بە زەبری هێز بەسەر هەموو گەلانی سووریادا سەپێندرا.

مامەڵەی هۆشیارانە و هەستیارانەی ئەمریکا و ئەوروپا، بە زۆری شەرعییەتی بەم دەسەڵاتە نوێیە بەخشی. ئەمەش دۆخێکی هەستیاری بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دروست کرد کە نزیکەی ١٥ ساڵە وەک قەوارەیەک خۆی لە بەرامبەر گرووپی تیرۆریستی داعش و پشتیوانانی ڕاگرتووە و توانی لە سیستەمێکی دیموکراسیدا نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بکات.

ئەم ئیدارەیە زۆر بە هەستیارییەوە کەوتە دانوستان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و بۆ ئەوەش کە کورد بە یەکدەنگ و وتارێکی یەکگرتوو بچێتە ناو ئەم دیالۆگە قورسەوە و ناوماڵی کورد یەکبخرێت، لە دەرگاکانی باشوور و باکووریش دران. کاتێک هەڤاڵانی بەناو ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا “ئەنەکەسە” خۆیان لە چەتەگەرەکانی بەناو ئۆپۆزسیۆنی سووریا کشاندەوە کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن، ئێمە گوتمان: “پەشیمانبوونەوە لە نیوەی ڕێگەدا، نیوەی زیانەکان دەگەڕێنێتەوە.”

بۆ ئەوەی کورد بە یەکدەنگ و یەک گوتار بچنە دیمەشق . واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی نێوان ژەنەڕاڵ کۆبانی و ئەحمەد شەرع نەخشەڕێگەیەکیان بۆ داهاتوو خستە ڕۆژەڤەوە و بۆ ئەوەش کە یەکێتیی ناوماڵی کورد لە ڕۆژئاوا ببێتە کردار، لە کۆتایی نیسانی ڕابردوودا، کۆنگرەی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کوردانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەست. ئێوەش هەڤالانی (ئەنەکەسە) بوونە لایەنێکی سەرەکی و نەک تەنها پێکهێنەری شاندی کورد، بەڵکو ئێوە بوونە سەرە ڕمی شاندی دانوستانکاریش لەگەڵ حکومەتی ئەحمەد شەرعدا.

بۆچی ئێستا دوای ئەوەی تورکیا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە ڕۆژئاوا متمانەی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوای بەدەست هێناوە و ناکەوێت و دوای ئەوەی هەموو هەوڵەکانی چەتەکانی ئەردۆغان و جۆلانی شکستیان هێنا لە بەزاندنی سەنگەرەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات ، ئێستا دوای ئەوەی دیمەشق بووەتە بەشێک لە پیلانەکانی دەوڵەتی تورکیا، ئێوە بانگهێشت کراون بۆ دیمەشق، ئەی نازانن ئەم بانگهێشت کردنە بۆ ئەوەیە درز بخەنە نێوان ماڵی کورد و ڕازیتان بکەن بەوەی جارێکی دیکە بریارەکانی یەکهەلۆیستی کورد لەناوو ببەن.
هەڤاڵان، ئەگەر شکۆتان دەوێت و خوێنی شەهیدان لاتان بەهای هەیە، مەچنە دیمەشق و نوێژی تێکدانی یەکڕیزی کورد لە مزگەوتی ئەمەویی مەکەن. وەرن، بچنە سەر گۆڕی شاعیری کورد، جگەرخوێن، لە قامیشلۆ و پێکەوە سروودی:

“ئەگەر ئێوە نەبن بە یەک…لە ناو دەچن یەک لە دوای یەک” بخوێنن.
هەڤاڵان بڕوا بکەن قامیشلۆ لە دیمەشق نزیکترە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار